ناونیشانی بابەت: ژنی کورد لەنێوان ڕەگەزی دووەم و کوردبووندا
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
ڕەنگە ئێمە بۆ ڕەچەڵەکناسیی دونیای سەربەخۆ و جیاوازی ژنان، یان باشتر وایە بڵێم کەشف و دۆزینەوەی وشیارانەی ژنێتی خۆمان زیاتر لە هەر شتێک بگەڕێینەوە بۆ پەڕتووکی “ڕەگەزی دووەم”ی سیمون دێ بوڤوار؛ نووسەر و بیرمەند و ئەدیبی فەرەنسی و هاوبەشی ژیانی “ژان پۆل سارتەر” فەیلەسووفی ئیگزیتالنسیالیستی فەرەنسی. ئەو لە ساڵی 1949دا پەڕتووکە ناودارەکەی واتە (ڕەگەزی دووەم) ی نووسی و بڵاوی کردەوه، کە تاکوو ئێستەش وەکوو یەکێک لەسەرچاوە سەرەکی و ژێدەرە ناوەندییەکانی بزووتنەوەی ژنان لە جیهاندا هەژمار دەکرێت. ئەم پەڕتووکە لە دوو بەرگدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە بەرگی یەکەمدا دێ بۆڤوار ویستوویەتی مێژووی جیهان لە ڕوانگەیەکی فیمینیستییەوە هەڵکۆڵێت و بیگێڕێتەوه، تاکوو ڕازی ژێر دەستەبوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا ئاشکرا بکات و هەڵوێستە لەسەر ئەم پرسیارە بکات، کە بۆچی ژنان ئەم پێگە ژێردەستە و کۆیلەیەتییەیان قبووڵ کردووە، ئەمە سەردێڕە گشتییەکانی بەرگی یەکەمی پەڕتووکەکەیەتی، لە بەرگی دووەمدا ئەو واقیعەکانی ژیانی ژنانی هاوچەرخی لێک داوەتەوە.
“سیمون دێ بوڤوار” لە ڕەگەزی دووەمدا بەم ئەنجامە گەیشتووە کە لە بنەمادا هیچ پاساو و هۆکارێک بۆ ئەم کردارە نادادپەروەرانەیە لەگەڵ ژنان بە درێژایی مێژوو نابینرێتەوە. بەڵکوو ئەم کڵێشە ئاکاراییانە و ئەم نۆرمە سێکسیزامانە سەرچاوەیان لە ئەفسانە کولتوورییەکان وەرگرتووە، ئەو ئەفسانانەی کە لە هەموو جیهاندا هەن و تێیدا ژن بە کەمترین ڕادە لە پلەی یەکەم یان هاوسان لەگەڵ پیاودایە بۆیە زۆربەی زۆری خوداکان لە ئەفسانەکاندا پیاو و لە ڕەگەزی نێر بوون و، ئەگەریش ژنان وەکوو شاژنە خودایەک دەرکەوتوون ئەوا دیسان لەژێر سیبەری هەمان کڵێشە و هەیمەنەی ئەفسانەیی پیاوان و پیاوانی ئەفسانەییدا بوون. بەگشتیی پەڕتووکی ڕەگەزی دووەم پەڕتووکێک بوو کە بە بێ چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو تەقینەوە گەورەیەی فیمینیسم لە ئاستی جیهاندا نەدەهاتە ئاراوە. بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی کەڵکەڵە و دونیای ژنانەی ئەم ئینسانەیە، ئەو چەندین چیرۆک و ڕۆمان و بیۆگرافی و پەڕتووکی بیرەوەریی هەیە کە هەر کامەیان بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز تەعبیر لە دونیای خەون و ئاوات و هیواکانی ژن لە قۆناغێکی دیاریکراوی سەدەی بیستەم دەکەن و ئاسۆی ئومێدەکانی ژن وەکوو مرۆڤ بۆ داهاتوو و دادپەورەری و ئازادی دەنەخشێنێت.
بە گەشتی دەمەوێت بڵێم: ژیانی یەکێک لە کاریگەرترین و زیندووترین ژنانی سەدەی بیستەم چەندین لایەنی جیاوازی هەبووە و سەرەڕای بیرکردنەوە و تێڕامانە جیاوازەکانی و ئیشکردنی لە دونیای ئەبستراکت و تیۆرە و نووسین بە شێوەی کرداریش و لە ژیانی تاکەکەسی خۆیدا فەلسەفەیەکی پێشکەش کردووە کە ڕێنیشاندەری نەک تەنیا ژنان بەڵکوو هەموو مرۆڤەکان بە پیاو و ژنەوە بێت، ئەو جیاواز لەوەی کە لەسەر پرس و مافەکانی ژن و پێناسەیەکی نوێ بۆ ژن ئیشی کردووە و بە تایبەتی پەیوەندیی ژن و ئازادی و مافەکانی شی کردووەتەوە لە ژیانی ڕۆژانەشیدا باوەڕێکی تەواوی بەئازادیی بە مانا ئیگزیستانسیالیستییەکەی هەبووە واتە ئازادییەکی بێسنوور و بێ کەوشەن، بەڵام بە و مەرجەی ماف و سنووری کەسانی دیکە و ئازادی مرۆڤەکانی دیکە نەبەزێنیت و پێشێلی نەکات.
هەر بەم هۆیە لەگەڵ خۆشەویستەکەی واتە ژان پۆل سارتەر ئەگەرچی تا کاتی مەرگی ئەو لە ساڵی 1980دا هەر خۆشەویستانە دەژیا، بەڵام بەهۆی باوەڕی قوورس و قاییمی هەر دوو لا بە ئەو ئازادییە ئیگزیستانسیالیستەییەی کە ڕێبازی فەلسەفەی ژیانیان بوو، هەر دووکیان هەم لە پەیوەندی جیاواز لەگەڵ ژنان و پیاوانی دیکەدا بوون و هەمیش ڕێزێکی زۆریان بۆ یەکدی و بیرکردنەوەکانیان هەبوو، پێم وایە ڕەنگە بە ئاگاداربوون لەم بابەتە لە ڕستەی “سۆز و خۆشەوسیتیی ئەو دوانە زیاتر بۆ بیرکردنەوە و تێڕامانەکانی یەکتر بوو تاکوو بۆ شتانی دیکە” تێدەگەین، لە ڕاستیدا ئەمە ڕەنگە بۆ کولتووری فەرەنسە کە کەسانی وەکوو “مارکی دوو ساد” دەیان ساڵ پێش شۆڕشی ڕەگەزی و سێکسیزیمیان تێدا درووست کرد و هەروەها بۆ فەرەنسەی شۆڕشی ساڵی 1799 و فەرەنسەی یاسا و بیرکردنەوە و ئەدەب و لانکەی ئازادی، ئاسایی و لە هەمان کاتدا درەوشاوە بێت، بەڵام بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیی ئیسلامیی کە بە کولتوورێکی کۆن و نەریتییەوە ژیانیان بەڕێدەکەن و ژیانی دونیایان لە گیرۆدەی ژیانی قیامەتیان دایە و ئەمەش لە ناو کەوانەیەکی بچووک و بەرتەسکدا دەبیننەوە، بابەتەکە زۆر قوورس و گرانە و بە ئاسانیی ناکرێت شێوەژیانێکی وەکوو سیمون بژین.
بەگشتیی دەمەوێت بڵێم “سیمون دێ بوڤوار” لە کولتوورێکی تابۆشکێن و فەلسەفە تەوەردا گەیشتووە بەم شێوە ژیان و بیرکردنەوەیە و، ڕەنگە لە ئەفریقاوە بۆ ئەفغانستان و ئێران و کوردستان ئەم ڕایانەی پەسند نەبن، بەڵام بەشدارییەکی ئینسانی و هیومانیستییە لە پڕۆسەی گەشەپێدانی کولتووری مرۆیی، بەشدارییەکی جیاوازە لە پێشخستنی کۆمەڵگەی خۆی و زیادکردنی ڕەهەندێکی نوێیە بە ژیاری ئینسانیی و کۆمەڵگەکەی خۆی. ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و پاش جەنگی جیهانیی دووەم بە ژن و پیاومانەوە لە نیشتمانی خۆماندا بە نائەمنی و ئاوارەیی ژیاوین، ئەنفال و #هەڵەبجە# و کۆڕە و و دەیان کارەساتی دیکەمان بەسەردا هاتووە، لە هەموو ئەم وێستگە تراژیدیانەدا ژنان ئەرکی پارێزگاریی لە ماڵ و منداڵ و پەروەردە (ئەگەر بکرێت بڵێین لەژێر بۆردومانی تۆپ و تانک و کیمیاییدا پەروەردەیەک لە ئارادا بووە!) لە ئەستۆ بووە، ئێمە ئێستاش بەشێکی زۆر لە ژنانی هەڵەبجەمان هەیە، کە لە ناو ترۆما و پی تی ئێس واتە شۆکی دوای ڕووداوی ناخۆش دەژین و هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی بە گوێرەی پیویست ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە، زۆرێک لە ژنانی ئێمە بەهۆی ئەو کیمیایییەوە ناتوانن منداڵدار بن و نەزۆک بوون، ئایا بە کوشتنی ئەم ژنێتی و ژنانەبوونە دەبێت چاوڕوانیی وامان لە خۆمان هەبێت کە نموونەی وەکوو سیمونمان لانی کەم لایەنە بیرمەندانە و چالاکانەکەیمان تێدا هەڵکەوێ؟
ئەمە لە ڕاستیدا سەرێکی ئەم هاوکێشەی گیرخورادووییە مێژووییە تراژیکەیە و سەرێکی دیکەشی ئەوەیە کە دەبێ بپرسین ئایا وتاری پیاوساری و هەیمەنەی پیاو لە کوردستاندا هێندە دراوەتە بەر ڕەخنە کە بوونی ژن وەکوو کائینێکی سەربەخۆ بە دونیایەکی جیاواز لە خەون و ختوورە و ئێش و چێژ و ژانەوە قبووڵ بکات؟ بێگومان وەڵامەکە نەرێنییە و ئەمەش بەشێکی وەکوو ڕەخنە لەسەر پیاوانە بەشێکی دیکەشی ڕووبەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتی و کولتووریی مرۆیی و جیهانیی سەردەمە، مادام ئێمە لە ناو پارادایمێکی جیهانگیری سەرتاسەریدا دەژین و لە “سیمون دێ بوڤوا”ر و سارتەری فەیلەسوف و ژن و بیرمەند قسە دەکەین نەک سیمون و سارتەری فەرەنسیی پەتی کەواتە کۆی ڕەوت و وتار و پاراهەمیشە سیاسی و کولتوورییەکانی جیهان لەم دۆخە تراژیدییەی ئێمەدا بەرپرسیارن، تاکوو ئێستە نەیبیستن و پشتگوێی بخەن و لەو وڵات و شوێن و کولتوورانەش کە دۆزی کوردیان بۆ ڕوون بووەتەوە هەنگاوێکی کرداریی هەڵنەگیرێت، بەڵام ئەمانە ئالنگارین و پەیوەسەتە بەوانیشەوه. هەم ژنانی کورد وەکوو کائینانێکی ئاوارە و هەڵگری خێزان و ماڵ و منداڵ و هەم پیاوانی ئێمە وەکوو بەرخۆدەر و پێشمەرگە و پارێزەری ژیان و هەناسەکێشان لە ناو بوونبەست و کەوانەیەکی سیاسی-مێژووییدا کە ڕووداوەکان و شەڕەکانی پێش جەنگە جیهانییەکان و بەدواداهات و پلان و نەخشە کۆلۆنیالیستییەکانی پاش جەنگی جیهانیی دووەم بوونە و ئەم دۆخە داگیرکراوەییەیان بەسەر ئێمە بە ژن و پیاوەوە سەپاندووە و ئەو دۆخە کوشندە و نامرۆڤانەیەی بۆ ئێمە درووست کردووه، کە دەشێت پێی بڵێین دۆزی کورد، واتە دۆزی کوردبوون هەم ژنی ئێمەی لە ژنێتی داتەکاندووە و هەم پیاوی ئێمەی لە پیاوێتی داتەکاندووە، ژنێتی هەر منداڵداربوون و عیشوە و ناز و لار و لەنجە نییە، بەڵکوو جیهانێکی نەناسراوە لە خەون و خەیاڵ و مەعریفەی تایبەت بە خود و پیاوێتیش هەر شان و پیلی بەردین و چەکدارێتی و بەرپرسیارییەتی دەرەوەی خێزان نییه، بەڵکوو ئەویش جیهانێکی جیاواز و بێوێنەیە کە لە دانووستان و دیالیکتیک لەگەڵ ژنێتیدا گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و پێکەوە دەتوانن کولتوورێکی تەبا و دادپەروەرانە درووست بکەن.
لە ڕوانگەی دەروونناسی کارل یۆنگەوە ئانیما و ئانیموس واتە ژنێتی و پیاوێتی هەم لە پیاودا و هەم لە ژندا دوو ڕەهەندی ئامادەن واتە هەم پیاو ژنێتی هەیە و هەمیش ژن پیاوێتی و پێم وایە ئەمە تێڕوانینێکی درووست و هاوسەنگە و دەبێ لە ناو چوارچێوەیەکی درووستدا بخوێنرێتەوە و وەکوو ڕەمزیانەش بیخوێنینەوە مانای ئەوەیە کە ئەم دووە یەکتری تەواو دەکەن، ئەمە باسێکی جیایە و من زۆر لەسەری ناڕۆم بەڵام ئەوەی کە مەبەستم بوو باسی بکەم گەمارۆدران و لەبنبەستخستنی ئەو پیاوێتی و ژنێتییەی ئێمەی پیاو و ژن لە کۆمەڵگەی کوردییە کە دۆزی کوردی درووست کردووە، دۆزێک کە تاکوو لە ئازار و ڕەنج و مەینەتییەکانی نەپەڕینەوە و دەستی داگیرکەرە لە شێواندنی گەشە و بەرەوپێشچونی کۆمەڵایەتی و کولتووری و تاکەکەسیماندا دانەبڕێنین بەردەوام دەبێت و لە ئاوەها دۆخێکدا نە ژان پۆل سارتەرێک لەدایک دەبێت و نە سیمون دێ بوڤوارێک! [1]