ناونیشان: پشێوی نێو پەڕڵەمانی کوردستان؛ گوێنەدان بەبەها دیموکراسییەکان
نووسەر:#ڕوەیدە مستەفا #
ڕۆژی دەرچوون:#28-05-2023#
دیمەنی ئەم دواییەی مامەڵەی کۆنترۆڵنەکراوی ئەندامانی پەڕڵەمانی کوردستان شەرمەزاری بۆ ئەو دامەزراوەیە هێنا و هاووڵاتییان و چاودێرانیشی تووشی شۆک کرد. کاتێک ڤیدیۆی فڕێدانی کاخەز لەلایەن پەڕڵەمانتاران، مشتومڕی تووندیان و هاوارکردنیان بەسەر یەکتردا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، ئیدی ڕوون بووەوە کە ئەو مامەڵەیە لاوازکردنی بنەمای بەڕێوەبردنی دیموکراسییە. لەوانەیە هەندێک بڵێن، شەڕی نێو پەڕڵەمان شتێکی تایبەت نییە بە کوردستان و لە وڵاتانی دیکەش ڕوویداوە، بەڵام گرنگە لە تایبەتمەندی ئەم دۆخە تێبگەین. جیاواز لە نموونەکانی دیکە، دەنگەدەنگی نێو پەڕڵەمانی کوردستان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو کە ستوونێکی بنچینەییە و هیچ کات ناکرێت گومان بەرانبەر ئەنجامدانی درووست بکرێت.
دامەزراندن و مانەوەی پەڕڵەمانی کوردستان گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە؛ گرنگییەک کە لە نوێنەرایەتیکردنی پارتەکانی کوردستان بەهادارترە. پەڕڵەمانی کوردستان سیمبوولی ئەو پێشکەوتنەیە کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە و ئاماژەیەکیشە بۆ بوونی دامەزراوەکان کە دەبێت تێیاندا ڕێز لە یاسا و پرۆتۆکۆلەکان بگیرێت. دەکرێت دوایین زنجیرەی پشێویی نێو پەڕڵەمانی کوردستان وەک هێرشێک بۆسەر دامەزراوەکە سەیر بکرێت؛ ئەو دامەزراوەیەی ڕەوایی بە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات. ئەو جۆرە مامەڵەیەی نێو پەڕڵەمانی کوردستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوایی و متمانەی هەموو چوارچێوە دیموکراسییەکەش دەبێت و لاوازی دەکات.
ڕووداوەکە نابێت تەنیا لەبەر تێڕوانینی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بەرانبەری ڕەتبکرێتەوە. نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان زۆر باش ئاگاداری دۆخی نێوخۆ و، کێشە نێوخۆییەکان و کەمیی هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ڕۆڵی ئەوان بریتی نییە لە نەهێشتنی ئەو هەڵانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو ڕۆڵیان بریتییە لە پاراستنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە وڵاتەکانیان لەوەی نەبرێنە نێو ململانێکەوە. کاری لەپێشینەی ئەوان سەرخستنی دیالۆگ، ئاشتی و سەقامگیرییە، ئەوە لە کاتێکدا ڕێگریش لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆری دەکەن. چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان بەرپرسیاریێتی گەلی کوردستان خۆیەتی.
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و خۆشگوزەرانە و لە بواری سامانە سرووشتییەکانیشدا زۆر دەوڵەمەندە، سەرەڕای هەبوونی کەموکوورتییەکان، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگەی گەشەیەکی گشتگیردایە و خاوەن دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەرییە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا دەنێت و ئەوەش لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی جیادەکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خاوەن سووپایەکی سەربەخۆ، سیستمی دادوەری و دامەزراوەی پەروەردەییە، هەرێمی کوردستان ئەو بناخەیەی هەیە کە بۆ پێشکەوتنی پێویستە، بەڵام سیاسەتمەدارەکانی خەریکی دەمەقاڵێی نێوانیانن، هاوشێوەی ئەوەی منداڵان لە گۆڕەپانێکدا دەنگەدەنگ لەگەڵ یەکدی دەکەن، لەجیاتی ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئەوەبێت کەڵک لە تواناکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و بەرەو پێشەوەی ببەن.
جێگەی بێ ئومێدییە کاتێک ئەندامانی پەڕڵەمان دەبینین سەرقاڵی شەڕکردنن بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی پارتەکانی خۆیان لەجیاتی ئەوەی کاربکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە نوێنەرایەتیی پێداویستی و ویستی خەڵکی بەگشتی بکەن. پەڕڵەمانتاران لەجیاتی ئەوەی خەریکی تیشکخستنە سەر پرسە گرنگەکانی وەک دەرفەتی کار بۆ گەنجان و ڕەخساندنی زەوینەی یەکسانی خوێندن بن، سەرقاڵی ڕکابەرایەتی نێوان پارتەکانن. ئەم جۆرە مامەڵەیە تەنیا نابێتە هۆی نەهێشتنی متمانەی خەڵک، بەڵکوو دەبێتە هۆی درێژەدان بە بەڕێوەبردنێکی ناکاریگەر و ئەوەش دەبێتە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی کوردستان، لە کاتێکدا کوردستان زۆر پێویستی بە پێشکەوتنە.
دوایین دیمەنی پشێوی نێو پەڕڵەمانی کوردستان پەڵەیەکی خستە سەر وێنەی ئەو دامەزراوەیە و مەترسی لەسەر ئەو بەها دیموکراسییانە درووستکرد کە دەبێت بیانپارێزێت. پەڕڵەمانی کوردستان لەجیاتی ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ دیبەیتی بنیاتنەر، بووەتە سەکۆیەک بۆ پیشاندانی قبووڵنەکراوی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان و ڕکابەرایەتی نێوان حیزبەکان. گرنگە سیاسەتمەدارەکان هۆشمەندانەتر مامەڵە بکەن، خۆشگوزەرانی گشتی بکەنە کاری لەپێشینەیان و پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن بۆ ئەوەی بە تەواوی کەڵک لە سەرچاوەکانی کوردستان وەربگیرێت و داهاتوویەکی گەش بنیات بنرێت. ئەو کاتە کوردستان وەک لانکەیەکی دیموکراسی و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا گەشە دەکات. [1]