ناونیشانی بابەت: هەڵوێستەیەک لەسەر دەستدرێژیی سێکسی
ئامادەکردن: #موحسین عەلیڕەزایی#
دەسدرێژیی سێکسی، بمانەوێ و نەمانەویت چ وەک حاڵەت و چ وەکوو دیاردە شتێکی نامۆ نەبوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و، ئێستاش یەکێک لە دیاردە نا تەندرووست و نایاسایی و بێزراوەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکانە، خاڵی جێگەی تێڕامان ئەوەیە بابەتی سێکس خۆی لە هەموو کولتوورەکاندا وەکوو تابۆ و بڤە بینراوه. هەر وەکوو “فرۆید” دەڵێت سێکس بەڕادەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تابۆ و پەچە و پەردەی شەرمی لەسەر بووە کە شانی لە شانی مەرگ داوە، ئەو لە وتاری “ئەندێشەگەلێک شیاوی ڕۆژگاری جەنگ و مەرگ”دا دەڵێت: سێکس و مەرگ بە یەک ڕادە تابۆ و شەرمنۆکییان لە زاکیرە و خەیاڵدانی مرۆڤدا هەڵگرتووە. بەڵام بێگومان چ سێکس و ئارەزووە سێکسییەکان کە “فرۆید” بە خواستی ئیرۆس و ژیان دەیانبەستێتەوە و چ مەرگ و هاوزا و هاوەڵەکانی کە بە خواست و ویستە ناوی تاناتۆس (مەرگ) ە و دەیانبەستێتەوە، دوو ویسته، ناو و غەریزەی ئاڵۆزی مرۆڤن و لە نیگای فرۆیدیدا جیهان و ژیان و شارستانییەت لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا خۆی دەبینیتەوە و مانیفێست دەبێت.
بەڵام چ شتێک ئیرۆس و تاناتوس وەکوو دوو ویستەناو بەرەو ئاڕاستەی تەندرووستی خۆی دەبات؟ ئایا هەر ژیاندۆستییەک دەرکەتەی ڕاستەوخۆی سێکسیی دەبێت یان هەر سێکسیست بوونێک دەلالەتە بۆ ژیان و ژیاندۆستی؟ یان نا، لە شوێنێکدا ئیرۆس و تاناتۆس لە هەرێمی زۆنگ و زەل و تاریکدا دەبن بە یەک و داڕمان و نابووتی و ڕەشێتی دەردەکەوێت؟ بێگومان لە ڕووی دەروونناسی فرۆیدییەوە و تەنانەت پاش فرۆیدیشەوە پێوەرگەلێک بۆ تەندرووست یان ناتەندرووست بوونی هەڵسوکەوتەکانی ئێمە دیاری کراون ئەگەرچی ئەو پێوەرانە هێندە ڕەها نین کە ئانووسات و دەمودەست جاڕی لێ دەین و بۆ هەموانی باس بکەین، بەڵام ئەوەی تۆزێک دەروونناسی خوێندبێتەوە دەزانێت ئەزموونی ژیانی مرۆڤ ڕێڕەوێکی پێناسەکراوی بۆ ئیرۆس و سێکس هەیه، بە هەمان شێوە کە ڕێڕەوێکی دیاریکراویشی بۆ مەرگ و تاناتۆس هەیە، کەس نایەت ژیانێک هەڵبژێرێت کە هەموو تەمەنی لەسەر تەپۆڵکەیەک بژی و بێقەراری و نائارامی ڕووی تێکات، بەڵکوو غەریزەی ئێمە حەزی لە پێکەوەژیان و هاوبەشێتییە و ئەمەش یاسا و پێوەری نوێ دێنێتە ئاراوە. کەواتە خواستی هاوبەشێتی و ئەویدی ویستی بۆ ڕەگەزی بەرانبەر خواستێکی تەواو سرووشتی و ئاسایی مرۆڤە، بەڵام لە ناو بازنەی شارستانیی و کولتووری کۆمەڵگە جیاوازەکاندا ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە جیاوازییان هەبێت و هەر وڵاتێک بەپیی یاسایەک ناساندوویەتی، ئیتر ئەم یاسایە یان سەرچاوەکەی لە کولتووری ئەو وڵاتە بە تایبەتی و کولتووری مرۆیی بەگشتیی هەڵخێزرابێت یان دەرئەنجامی تێگەیشتنێکی سەردەمیانە و زانستی بێت بۆ ئەو جۆرە غەریزەیە و پەیوەندییەکانی کە هێز و دەسەڵاتی سیاسیی لەو کۆمەڵگەیەدا پراکتیزە و جێبەجیی دەکات.
بۆ نموونە پەیوەندی تەندرووستی سێکسی هیچ کات لەدەرەوەی پەیوەندییەکی ڕۆحی و سۆزدارانەدا نایەتە ئاراوە، ئەگەر بێتە ئاراوەش ئەوا ناوی نە ئەوین، نە هاوسەرگیری و نە چێژی دوو لایەنە و …هتد نییه، بەڵکوو جۆرێک لەشفرۆشی (یان وەک کورد دەڵێ سەربەسەرە) یان دەسدرێژییە. لە حاڵەتی یەکەمدا دوو کەس لەدەرەوەی یاسا کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوین، هاوسەرگیری، خۆشەویستی و تەنیا بۆ دامرکاندی حەز و خواستی سێکسییان دەکەونە پەیوەندییەوە و لە کوورت ماوەدا ڕەنگە هەر دوو لایان کێشەیان نەبێت و پێی ڕازی بن، بەڵام لە درێژ ماوەدا لایەنە سۆزداری و عاتیفییەکەی وەکوو بۆشاییەک دەردەکەوێت و ئەزموونیکی ناخۆش و ناتەندرووست لە پەیوەندی دوو مرۆڤدا دێتە ئاراوە. ئەمە جۆرێک لەشفرۆشی دوو لایەنەیە، ڕەنگە لە کۆمەڵگە ئازادەکان بەشێوەیەک ئاسایی و برەوسەندوو بێت، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات بە پێکهاتێکی تابۆیی و کولتوورێکی ئەخلاقتەوەرەوە ئەمە دوورە لە ئەخلاق و بەپێچەوانەی فیترەت و سرووشتی مرۆڤە.
ڕەنگە ئەم حاڵەتەی لەشفرۆشی لە زۆربەی کولتوورەکاندا بە ڕادەی دەسدرێژیی سێکسی سامناک و تۆقێنەر و دڕندانە نەبێت. واتە حاڵەتی دووەم ئەگەرچی دڕندانەترین و بێ ئەخلاقانەترین کارێکە مرۆڤێک دەرهەق بە مرۆڤێکی دیکە پێی هەستێ، بەڵام لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بەداخەوە ڕوو دەدەن، تابۆبوون و شەرەفتەوەربوونی ئەم بابەتە وای کردووە زۆرێک لەم حاڵەتانە (کە پێدەچێت لە بنەوەڕا و لە پشت پەردەوە دیاردە بێت و دەکرێ وەکوو دیاردەی نهێنی باسی لێوە بکەین) دەرنەکەون و هەر ماوەی کە حاڵەتێک دەردەکەوێت ڕای گشتیی کۆمەڵگە بشڵەژێت و کاریگەریی ناخۆش و ناتەندرووستیش لەسەر شەقامی گشتی بەجێ بهێڵێت. ئێمە نموونەی دەسدرێژیی سێکسی لەسەر منداڵان لە قوتابخانەکاندا لە هەموو جیهان دەبینین، بەپێی ئامارێک هیندستان، ئینگلیس، ئەمەریکا و چەند وڵاتی دیکە ئامارێکی نیگەرانکەریان لەم بارەوە هەیە، هەڵبەت لە ئێرانیش دۆخەکە لەو بابەتە زۆر سامناکە و بەهۆی ئایدۆلۆژیی سیاسیی ئەم شتانە پەردەپۆش دەکرێت نموونەی زۆر و زەبەندی ئەم حاڵەتانە لە ئێران بە گەڕانی بچووک لە ئەنتەرنێتدا دەردەکەوێت لە دەسدرێژییەکانی کەسێک بە ناوی (بیجە) لە شارێکی فارسنشین، نێزیکەی بیست ساڵ پێش ئێستە بۆ سەر دەیان منداڵ و دواتر کوشتنیان بەشێوەیەکی دڕندانه، تاکوو دەسدرێژییە سێکسییەکانی ناو بنەماڵەی بابەکی خوڕەمدین تەنیا دوو حاڵەتی سامناک و دڕندانەن کە بواری دەرکەوتنیان لە میدیا و ڕای گشتی پێ دراوە.
لە و نێوانەشدا دەیان حاڵەتی وا لە مەشهەد، باشووری ڕۆژاوای ئێران و چەندین شوێنی دیکە ڕووی داوە. بە داخەوە لە ناو ئەم قوربانییانەدا منداڵان گوناحترین و بێ دەسەڵاتترین و مەزڵوومترینن، ئەوان تێگەیشتنێکی وایان لەو دونیا ئاڵۆز و سەیر و تاریکە نییە و لە پڕێکدا ڕووبەڕووی شتێکی وا دەبنەوە نەک تەنیا لە ڕووی جەستەییەوە تێک دەچن، بەڵکوو زیاتر لە ڕووی دەروونییەوە دەشڵەژێن وەکوو زۆربەی دەروونناسەکان دەڵێن ئەگەر دۆخەکە لەژێر چاودێریی دەروونناسەکاندا چارەسەر نەکرێت تا کاتی گەورەیی و تەنانەت مەرگیش هەر بەدواداهاتەکانی دەبێت و کەسەکە تووشی تێکچوونی پاش ڕووداو یان پی تی ئێس دی (Posttraumatic Stress disorder) دەبێت. ڕووداوی دەسدرێژیکردنە سەر کچە منداڵێکی حەوت ساڵان لە عەنکاوەی #هەولێر# دەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە لێی بکۆڵرێتەوە و نەکرێت بە خۆراکی خراپی میدیایی و دەرخواردی کۆمەڵگە بدرێت و ڕای گشتیی پێ بشێوێنرێت، ئەگەرچی هێشتا زۆر وردەکاریی ئەم ڕووداوە دیار نییە بەڵام لانی کەم ئەوەی کە ڕوونە ئەمەیە کە مامۆستاکە کە مامۆستای وەرزش بووە خەڵکی دیمەشقە و باوکی کچەکە ئاڵمانی و دایکیشی مەغریبییە. بێگومان ڕووداوەکە دڵتەزێنە و پێدەچێت ئەمە هەر بەسەر ئەو کچەدا نەهاتبێت و لێکۆڵینەوەکان لەسەری بەردەوامن، بەڵام ئەوەی کە لەسەر ئێمە وەکوو تاک پێویستە پەرەردەکردنی منداڵانمانە لە خێزان لەسەر زانیاری جەستە و هێڵە سوورەکانی جەستە و فێرکردنی بابەتە سیکسییە زانستییەکانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوەیە تاکوو هاتوو ئەگەری ڕووداوی وەها هاتە پێش منداڵ بە متمانەبەخۆبوونەوە بابەتەکە لەگەڵ خێزانی باس بکات و بۆ ماوەیەکی درێژ (لەم کەیسەدا ساڵێک) نەکەوێتە بەر دەسدرێژیی سێکسی و تووشی خەسارگەلێک نەبێت کە ڕەنگە لە تەمەنی گەورەییشدا نەتوانێت لە بەدواداهاتەکانی دەرباز بێت. [1]