ناونیشان: نرخی نەوت دەبێتەوە سفر دۆلار؟
نووسەر:#مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #30-04-2020#
ڕۆژانی 20 و 21ی نیسان ئەو ڕۆژانەن کە بازاڕەکانی نەوت لە ساڵی 1983ەوە تا ئێستا بەخۆیەوەی نەبینیوە، کاتێک نرخی مانگی داهاتووی نەوتی ئەمریکا لە بازاڕەکانی بۆرسەی نیویۆرک بە 38 دۆلار خوار سفر مامەڵەی پێوەکرا و بۆ چەند ڕۆژێک لە خوار سفر مایەوە.
هیواکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە بە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕێککەوتنی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە لە وانەیە فریای جێگیرکردنی بازاڕی نەوت نەکەوێت، چونکە زۆربەی ئەمباری بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی نەوت ڕوو لە پڕبوونە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بەو ڕادەیەی ئێستا بەهۆی ئەوەبوو شوێنێک نەماوە بۆ ئەمبارکردنی ئەو نەوتەی بەرهەمهاتووە و بەرهەمدەهێنرێت.
جگە لە پڕبوونی ئەمبارەکان مەترسییەکی دیکە بەرزبوونەوەی توانای دابینکردنی ئاساییش و تێچووی ئەمبارکردنی نەوتە، بۆیە زۆربەی کۆمپانیاکان هەر چەشنە نەوتێکی بەرهەمهاتوو ڕەتدەکەنەوە و ئەو گریبەستانەی کردوویانە بۆ وەرگرتنی نەوت لە داهاتوودا دەفرۆشنەوە بەکەمتر لەو نرخەی کە پێشتر لە بازاڕەکانی بۆرسەدا کڕیویانە.
هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە، کوەیت و ئیمارات بۆ فریاکەوتنی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکاندا پێش ئەو وادەیەی دیارکراوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، دەستیانکردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لەوانەیە فریا نەکەون، چونکە نرخی نەوتی برێنت لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا بە ڕێژەی 24٪ بەهاکەی لەدەستدا و بە دەورووبەری 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
ئەگەری ئەوە هەیە نرخی نەوتی ئەمریکا جارێکی دیکە لە خوار سفرەوە مامەڵەی پێوەبکرێت، ئەویش بەهۆی پڕبوونی ئەمبارەکانی نەوت و زیادبوونی خستنەڕوو بە بەراورد بە خواست بەهۆی ڕاوەستانی جۆڵەی مرۆڤەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوو.
=KTML_Bold=ئاداری ئەمساڵ تەنیا 15 هەزار فڕۆکە بە ئاسماندا فڕیون=KTML_End=
کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە ڕاپۆتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بلیتی گەشتکردن و ڕێکاری حکومەتەکانەوە بەبەهای 880 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی فڕۆکەوانی کەوتووە، ئەوەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر خواستی بەرهەمی پاڵاوگەکانی نەوت هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی فۆربیس زیاتر لە 40 کۆمپانیای سەرەکی فڕۆکەوانی سەرجەم فڕۆکەکانیان لە زەویدان، کە دەکاتە زیاتر لە 90٪ گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا. ساڵانە لە مانگی ئادار لەنێوان 175 بۆ 180 هەزار فڕۆکە لە فڕیندابوونە لە ئاسمان، لەکاتێکدا لە ئاداری ئەمساڵ لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانەوە بوونە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی وزەی نێوەدەوڵەتی (EIA) لەوانەیە هەندێک لە ئەمبارەکانی نەوت بە بەتاڵی مابێنتەوە بۆ مامەڵکردن بەنرخی داهاتووی نەوتی بەرهەمهاتوو لە بازاڕەکاندا. ئەمەش کێشەی بۆ نرخی نەوتی بەرهەمهاتوو درووستکردووە، دوای ئەوەی مەزەندەی شارەزایان بۆ توانای ئەمبارەکان هەڵە دەرچوو و دەرکەوت توانای ئەمبارکردنی نەوت لە ئەمریکا 10 ملیۆن بەرمیل زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو.
فریدرێک لورینس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری سەربەخۆی نەوتی ئەمریکا (IPA) پێیوایە ئەوەی لە ڕۆژانی 20 و 21ی نیسان لە نرخی داهاتووی نەوتی ئەمریکا بینیمان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێدەکرێت بەرەو خراپتر دەچێت.
=KTML_Bold=لەناوخۆدا بیسووتێنن باشترە لە هەناردەکردن=KTML_End=
کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت بەرهەمهێنەرانی نەوتیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو نەوتەی ناردوویانە شوێنیان بۆ نییە یان ناتوانن وەریبگرن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە دەبووایە زووتر بیریان لە داخستنی بیرەکان بکردایەتەوەو بۆ ئێستایان ڕانەگرتبا.
ئاماژەکانی بازاڕی نەوت بەرهەمهێنەرانی تووشی بڕیاری قوورس کردووە، وەک چۆن سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاژانسی ڕویتەرزی بەریتانی ڕاگەیاندووە بەرهەمهینەرانی نەوتی ڕووسیا بۆچوونیان وایە نەوتی بەرهەمهاتوو لە ناوخۆ بسووتێنن باشترە لەوەی هەناردەی بازاڕەکانی بکەن.
چاوەکان لەسەر ڕۆژانی داهاتوو بەتایبەت ڕاپۆرتی چارەکی یەکەمی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک ئێکسۆن، تۆتاڵ، شیڤرۆن، شێڵ و بی پییە، کە ڕاپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵیان لەبارەی قازانج و خەرجییەکان دەخەنەڕوو، کە چاوەڕێدەکرێت کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی جیهان و چۆنییەتی ڕێکخستنەوەی پشکی کۆمپانیاکانیان لە خۆبگرێت، هەڵبەت پێشبینیکردنی ئەمە کارێکی هێندە قوورس نییە چونکە پێنج کۆمپانیایە، کە بە پێنج خۆشکەکەی بواری نەوت ناسراون، لە مانگی ڕابردوو بە ڕێژەی 20٪ خەرجییەکانیان کەمکردەوە، ئێستاش چەندی دیکە کەمیبکەنەوە ئەوەندە بەهای پشکەکانیان ڕوو لە دابەزین دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی کۆمپانیای بی پی، کە ڕۆژی 28ی نیسان بڵاوکرایەوە، داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەرداورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دوو لەسەر سێ کەمیکردووە. واتە داهاتی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 2.4 ملیار دۆلار بووەو کەمیکردووە بۆ 800 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای بی پی لە وەسفی دۆخی ئێستای کۆمپانیاکەدا لە بازاڕەکانی نەوتدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم دۆخە تووشی نادڵنیاییەکی بێ وینەمان دەکات .
هارۆڵد هام ملێاردێری ئەمریکی خاوەنی کۆمپانیای (CRI) لە بواری نەوتدا ڕایگەیاندووە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو ویلایەتی ئۆکلاهۆما و نۆرس داکۆتا لەنێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە ڕادەگرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناتوانێ نەوتی بەرهەمهاتوو بگوازێتەوە بۆ بەکارهێنەر.
ملێاردێرەکەی ئەمریکا و چەندانی دیکە بڕوایان وایە ئەوەی ڕوودەدا نەبینراوە و پێشبینینەکراوە، چونکە کاتێک گریبەستێک دەکرێت سەیری ئەزموونی 100 ساڵی ڕابردوو دەکرێت، بە ڕووداو و نۆرمەکانی ئەو ساڵانەدا گریبەستەکە دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لەدەرەوەی ئەو نۆرم و ڕووداوانەی ڕابردووە، بۆیە بەرهەمهێنەر و بەکاربەری نەوت دەچنە قۆناخیێکی نوێیەوە، ئازاد دەبن لە گریبەستکردن.
لەوانەیە ئەوەی لە ڕۆژانی 20 و 21ی نیسان ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر دووبارە بێتەوە ئەوکات نرخی بوتڵێکی فڕێدراو لەسەر ڕێگەکان کە بەرهەمی نەوتە زیاتر بکات لە نرخی بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهاتوو لە بازاڕەکانی بۆرسەدا. [1]