ناونیشانی بابەت: ڕەچەڵەکناسیی ڕابوونێکی دانسقە
ئامادەکردن: #موحسین عەلیڕەزایی#
خوێندنەوەیەکی نیشانەناسانە بۆ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران.
ڕەنگە جۆرە دەستپێشخەرییەکی ناوەخت و جۆرە ڕیسکێکی دیسکۆرسیڤ بێت، کە لە حاڵێکدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شێوەی حوکمڕانییەکەی ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەکات و، لایەن و ڕەهەندی دیکە وەردەگرێت، لە هەموو ئەو ساتەوەختە دیارە مێژووییانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، واتە دوو نموونەی بزووتنەوەی سەوز لە 1388 یان گەڵاڕیزانی 1398 ئەگەرچی داخوازییەکان بڕێک لە ڕادیکاڵیزمیان تێدا بووە و ڕاستەوخۆ بنەمای سیستەم و ڕژێمیان کردووتە ئامانج بەڵام بە ماوەیەکی کوورت یان درێژ بەتوندی سەرکوتکراون و لێپێچینەوە و دۆسییەسازی دەستی پێ کردووە و ئەوانەی کە گیراون و ئازاد کراون بەشێوەیەک لە شیوەکان هەندێکیان تووشی جۆرێک پاشەکشێ، یان بێلایەنی یان ساردوسڕی هاتوون و هەندێکیان هەڵاتوون بۆ دەرەوە و بڕیکیشیان تووشی خەمۆکییەکی کوشندە بوون، ئەمە ئەنجامی ئەو تێچووە زۆرەی خەڵکە بۆ داواکانیان کە لەبەرانبەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی داویانە. ڕەنگە ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت هەر شۆڕشێک چوار قۆناغی دیاریکراوی هەیە بۆ قووڵترکردنەوەی باسەکەمان بەسوود بێت.
لە دیدی هەندێک لە کۆمەڵناسەکان، هەر شۆڕشێک لە سەرهەڵدانەوە تاکوو داکەوتن چوار قۆناغی هەیه:-
1-قۆناغی هەڵگیرسان.
2-قۆناغی گەشەسەندن.
3-قۆناغی پووکانەوە.
4-قۆناغی داڕمان.
ئەم چوار قۆناغە سەرەڕای دیاریکردنی ڕەوت و جووڵەی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی یان (ئایینی-سیاسی) لە ماوەیەکی زەمەنیی کوورت یان درێژدا گریمانەیەکی نهێنیی تێدایە و ئەویش ئەوەیە؛ کە بەها و نرخەکانی هەر شۆڕشێک لە ماوەی ئەم چوار قۆناغەدا کە دەشێت لە بەرەیەکەوە بدرێتە دەست بەرەیەکی دیکە تەواو گۆڕانی بەسەردا دێت و ئیتر بەرەی نوێ نەک هەر نامۆ دەبن بە و بەها کۆن و سواوانە، بەڵکوو دژیشی دەوەستنەوە. کاتێک ئێمە باس لە حکوومەت یان دەسەڵاتێک لە چوار قۆناغی ئاوەهادا دەکەین، بێگومان باسیش لە کۆمەڵگەیەک دەکەین کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەر بە هەمان حکوومەتە/بووه، یان لانی کەم لەو ئامێرە شوناسسازانە کەڵک وەردەگرێت کە حکوومەت قبووڵێتی، لێرەدا پەیوەست بە کۆمەڵگەی ئێرانی؛ زمان، کەلتوور، مێژوو، پیرۆزاندن و مەعنەوییات بە مانا گشتییەکەی خاڵی هاوبەشی حکوومەت و کۆمەڵگەی فارسە، بەڵام ئەمە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگە غەیرە فارسەکانی ناو جوگرافیای ئێران وانییە، چون ئەوان هەر لە بنەوەڕا لەگەڵ حکوومەت جیاوازن، لە لانکەوە ئەم جیاوازییە دەست پێ دەکات تا دەگاتە زانکۆ و قۆناغی کار و تەنانەت مەرگیش، ئێمە لە بنەڕەتدا وەکوو ئاماژەم پێ دا؛ پرسی “جیاوازی”یە، جیاوازی چەمک و زاراوەیەکە کە زۆر توخمی گەورەی شوناسمەندانە دیاری دەکات و هەرێمی کیانی ئێمە و ئەویدی جیا دەکاتەوە، جیاوازیی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە لەوانە (کورد، تورک (ئازەری) ، بەلووچ، عەرەب و…) کە هەموویان لە ناو جوگرافیای ئێراندا دەژین لە زمان، کەلتوور، مێژوو، جلوبەرگ و ئەفسانە و دابوونەریتەکاندا خۆی مانیفێست دەکات بەڵام بابەتێکی هەرە گرینگ کە هەموو ئەمانە مانادار و ئاڕاستە دەکات و لە کپی دەریدێنێت و دەیهێنێتە ناو کایە و هاوکێشەی دیسکۆرسیڤ و وتاری و بەرە ماناییەکان و دەلالەتە واتاییەکانی پێ ڕێکدەخات “وشیارییە”.
وشیاریش، بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو ئەو توخمانە بۆ درووستکردنی شوناسێکی گشتیی مرۆیی کە دەرکەوتەی سیاسی، ئابووری، کەلتووری، مەدەنی و شارستانیی گەورەی هەبێت. لێرەدا چەمکەکانی جیاوازی، توخمەکانی جیاوازی (زمان و…) و وشیاریی لەسەر جیاوازیی سێکوچکەیەکە کە ئەو ئاسۆیە بۆ ئێمە ڕوون دەکەنەوە کە هۆگری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ / وشیار یان ناوشیاری سیستەمێکی سیاسییە و بەپێی ئەمەش خۆڕاگر و بەرگریکار و بەرخۆدەرە یان ملکەچ و لایەنگر و هۆگر لە پلەی یەکەمدا دەردەکەوێت، دوای چوار دەیە زیاتر لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەی کە بۆ ئێمەی کورد دەرکەوتوو و بوونی حاشاهەڵنەگرە ئەمەیە، کە خۆپیشاندان لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە تاران زۆر جیاواز بووە لەگەڵ ئەوەی کوردستان، ناڕەزایەتی و ئەکتی سیاسیی لە تاران و لەلایەن جەماوەری فارسزمان یان ئەوانەی کە زمان و شوناسی فارسییان قبووڵ کردووە و ملکەچی بوونە بۆ شێوەی حوکمڕانی و ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی تایبەتمەندیی خۆی هەبووە بۆیە ئەوان لە بەردەم دووڕیانی “بەڵێ” یان “نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامی” زۆرینە دەنگیان دا، بەڵام لە کوردستان ماهییەتی ئەکتی سیاسی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و هەڵخێزراوی ئەو جیاوازییە سێ فاقییەیە کە لە سەرەوە باسم کرد، بۆیە دەنگی “نەخێر”ی کوردستان لەم کۆنتێکست و زەمینە مێژوویی و شوناسمەندانە نەتەوەییەدا دەخوێنرێتەوە کە بە چڕی و قووڵی خۆی لە ناو کەوانەی جیاوازیدا دەنوێنێتەوە.
وەکوو “هیگڵ” دەڵێت مێژوو خودی فەلسەفەیه، یان بە دەربڕینێکی دیکە مێژوو ئەو یاسا و ڕێسایانەیە کە پێشینەیەکی تۆکمە و ئاڕاستەکراویان لە پشتە و مەبەست و مەودای گۆڕانگاری و پێشڤەچوونەکان دیاری دەکەن، هەر لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بخوێنرێتەوە. خاڵی هەرە جیاوازی ڕابوون و ناڕەزایەتییە پێشووەکان لە ناو جەماوەری فارسزمان زیاتر دەربڕینی جیاوازیی بیروڕای سیاسیی لەگەڵ هەندێ باڵی سیستەم، یان داواکاریی هەندێ ماف کە لە یاسای بنەڕەتیدا هاتووە و ئێستە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان پشتگوێی دەخەن، یان داخوازییگەلێک بووە کە لە ناو بازنەی ئابووری و مەعیشەت و…دەبینرایەوە و ڕەنگە جگە لە تاقمێکی پەڕیوەی دەرەوە تا ئەم ساڵەنەی دوایی هیچ ڕوانگەیەکی جیدی و ئیرادەیەک بەرەو گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستەم و هێنانەکایەی سیستەمێکی دیکە لە ئارادا نەبووە واتە کۆی ئەکتی سیاسیی فارسەکان یان سیاسی، یان گرووپی یان چینایەتی بووە، بەڵام لە کوردستان هەموو ئەم ئەکتانە لەژێر یەک شا-ئەکتدا خۆیان دەردەخست، ئەویش ئەکتی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی یان خواستی شوناسمەندانەی ڕزگاری نەتەوەیی بوو و ئەمە ئەو خاڵە جیاواز و یەکلاکەرەوەیە بووە کە کورد و ئەویدیی لە خەباتی سیاسیدا لە یەکتر جوێ کردووەتەوە، هەرچەند هەموو گەلانی ئێران لە یەک شتدا هاوبەش و هاوچارەنووس بوون، ئەویش حکوومەتێک کە بە سەریاندا زاڵە و ئەوان لە هەمبەریدا وەستاونەتەوە.
خاڵی بەرمەبەست و شیاوی هەڵوێستە بۆ ئەم باسەی من لێرەدایە لە هەموو ئەم ئەکتانە لە هەر دوو کۆمەڵگەی فارس و کورددا ئەمەیە؛ کە ژنان ڕۆڵێکی ئەگەر نەڵێین پەراوێزی ئەوا دەشیت بڵێین؛ ڕۆڵێکی نیمچە پەراوێزییان هەبووە و لە باشترین حاڵەتدا لە ناو کایە و وتار و دەنگی پیاواندا هاواریان کردووە و ئەکتیان نواندووە. ڕووداوەکانی دە ڕۆژ پێش ئێستا واتە پاش کوژرانی “ژینا ئەمینی” لەژێر ناوی پاراستنی باڵاپۆشی و دواتر دەسپێکردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە #سەقز# و دواتر #سنە# و بانە و #مەریوان# و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی، ” بووە هۆی ئەوەی کە ئەم کڵپەی ناڕەزایەتییە هەموو ئێران بگرێتەوە، ئەوەی کە لە هەموو شارە گەورەکانی وەکوو تاران، کەرەج، تەورێز و شارە غەیری کوردەکان دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەوترایەوە و لە ڕووی وتارییەوە ئاڕاستەکە زمانی کوردی و ناوەرۆکی ئەو گوزارەیە دیاریی دەکرد شتێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لە ئەنجامدا دەزانین کە هەر شوێن و شارێک لە ئێران دەتوانێت داواکاریی سیاسی و ئابووری و چینایەتیی خۆی لەژێر ئەم دروشم و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەدا بخاتە ڕوو. خاڵێک کە دەبێت وەکوو هۆکاری ڕاستەوخۆی سەرتاسەریبوونەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هەڵوێستەی لەسەر بکەیەن ئاخێزگەی جێندەریی و ژنانەبوونی ئەم ڕابوونەیە، کە لە ڕواڵەت و فۆرم و ڕوخساردا وا دەنوێنێت کە سنوورەکانی چینایەتی و خواستە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانی بەزاندووە و تەنیا بە فیگۆر و خواستێکی ژنانەوە دێتە پێشێ، لە ڕاستیدا ئەمە ڕووکاری ڕەوتە سەرتاسەرییەکەیە و دەشێت بە گرینگیشەوە چاوی لێ بکەین، کە کوشتنی “ژینا” بووە هۆی ئەم ڕابوونە و ژنان پێشەنگی خەبات و چاو لە چاوکردنی هێزەکانی دژە شۆڕشیان گرتە ئەستۆ و ئیتر ئەوان بوون لەسەر شەقامەکان کە دەوەستان و لێیان دەدرا و دەگیران و بە حەماسەتەوە دروشمیان دەدا.
بەڵام لە قووڵایی و بنەوەی ئەم فۆرمە گرینگەدا، ناوەرۆک و گۆڕمەنی دیکە خۆی مەڵاس داوە و وردەوردە خۆیان دەردەخەن، ئەویش ئەمەیە کە ئامانجی هەر نەتەوەیەک کە هەڵگری دروشم و ئاڵای “ژن، ژیان، ئازادی”یە کۆمەڵێک خواستی بەدینەهاتوو و ئارەزووی سەرکوتکراوە کە وردەوردە دەردەکەون. هەر بەم تێڕوانینەوە دەبێ لەسەر ئەمە وشیار بین کە ئاخێزگەی خودی ئەم فۆرم و فیگورە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کە بنەما و کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی هێناوەتە لەرزە مەرگی “ژینا”، کچێکی سەقزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە هەموو ئێران کردی بە ڕەمزی ڕابوون و ناڕەزایەتی دژی ستەم و ناعەدالەتی و نادادی، شتێک کە ڕەنگە هیچ کام لە نەتەوەکانی غەیری کورد سەرنجێکی ئەوتۆی نەدەنێ ئەمەیە کە خەباتی ژنان لە کوردستان هاوشانی خەباتی نەتەوایەتی هاتووە و گەشەی کردووە و بە هەموو کەم وکوڕی و کەند و کۆسپەکانییەوە خۆی لە مێژوودا دەرخستووە و کورد دەبێ وشیار بێت بزووتنەوەی جێندەری پارچەیەکە لە پەیکەرەی ژانی نەتەوایەتی و شوناسی “ژینا و ژیناکان” لە کێلی گۆڕەکەیان هەڵکەنراوە کە لەسەری نووسراوە “ژینا گیان تۆ نامری دەبیت بە ڕەمز، ” ئەوەی کە بە زمانێکی کوردی بێ هەڵە و پەڵە ناوەرۆکێکی ئاوا لە شارێکی کوردی خاوەن خەبات نووسراوە ئاخێزگەی ڕەسەنی ئەم ڕابوونە دیاری دەکات و دەبێت هەم ئێمە بە وشیارییەوە خاوەندارێتی لەم ماف و حەقە بکەین و هەم ئەویدییەکانیش بە ئینساف و ویژادانەوە ئەمە نەشارنەوە و لەژێر هەژموونی میدیاییدا ژیناکان نەکەن بە قوربانی حەدیس نەجەفی و …کان و شوناسێکی جیا و جیاواز نەدەن بە مەهسا و نەیفارسێنن، ژینا کوردێک بوو لە شاری تاران بە ناوی مەهسا!. ئەمە ئەو دژوازییەی کەسایەتی مرۆڤی کوردە کە لە ڕەمز و ڕابوونەکانیشدا فیچقە دەکات و خۆی بە ڕووماندا دەداتەوە. [1]