ناونیشانی بابەت: کیژەکەی کافرۆش خەجیج لەنێوان ڕاستى و ناڕاستى دا
ئامادەکردن: #محەمەد گۆران#
خەجیجە شکاکی پوورم لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەکیەی (شێخ عەبدولکەریم) سەیارەیەکی پڕ لە چەکداری ئینگلیز، پێشی لێ دەگرن و بەپاڵدان و زۆرلێکردن دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەیڕفێنن
(خەجیج جومعە مەولود شکاک) کە لەناو کوردان بەکیژەکەی کافرۆش ناسراوە، ساڵی 1934 لەو کاتەی کە لەکچێکی دوانزە ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو، لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و لەنزیک تەکیەی (شێخ عەبدولکەریم) لە شاری #هەولێر#دا، لەلایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئینگلیز (کە ئەوکاتە ئێراق لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئەواندا دەبێت) ، لەدوای چەند جارێک خوازبێنی کردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن باوکییەوە، ڕۆژێکیان ئەفسەرەکەى ئینگلیز، لەڕێگای گەڕانەوەی و جێهێشتنی دوکانی کافرۆشی باوکی، بەچەند خولەکێک دواتر، خەجیج دەڕفێنرێت. بەچەند مانگێ دوای ڕفاندنەکەشی، باوکی خەجیج کچی کافرۆش پاش تۆمارکردنی داوایەک لەبنکەی پۆلیسی جوولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل، هەر لە هەمان بنکەى پۆلیسدا ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە و سەلامەتە!.
شێرزاد محەمەد، کە خۆى وەک برازاى خەجیج (کچی کافرۆش) ناساند، لەبارەی چیرۆکى کچى کافرۆش کە دەکاتە پوورى (خوشکى باوکى) دەڵێ: باوکی خەجیج کە دەکاتە باپیری من، هەم سەرکردەیەکی سەربازی و هەم هەڤاڵ و دۆستی سمایل ئاغا سمکۆی شکاکبووە، لەدوای بەناهەق کوشتنی سمایل ئاغا لەلایەن ڕژێمی شاهەنشایی ئێران لە ساڵی 1930 بەنائومێدی باروبنەی تێکدەنێ و ساڵی 1934 گوندی گەنگەچین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێدێڵێت و خۆی و کچ و کوڕە جمکەکەی خەجیج و محەمەد لەگەڵ دوو کچی سمکۆی شکاک سافیە و سو#ورمێ# لە هەولێر دەگیرسێنەوە. کوڕە براکەی کچی کافرۆش دەڵێ، ئەو چی لەباوکی گوێ لێبووە، ئەوەش بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە: باپیرم لە ساڵی 1934 بەپەنابەریی کەوتە ئێراق و لە شاری هەولێر گیرسایەوە، ئەو کاتە خەجیجی پوورم و براکەی کە باوکی منە هەردووکیان تەمەنیان دوانزە ساڵ بوو، چونکە جمک بوون و لە ساڵی 1922 بەیەک سک لەدایک ببوون، جگە لەم دووانەیەش باپیرم هیچ منداڵێکی دیکەی نەبووە.
ئەو برازایەی کچى کافرۆش، دەشڵێ: داپیرەم کە دەکاتە دایکی خەجیجى پوورم، بەبنەچە ڕووسی بووە، باپیرم لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەکەی کردبووە مەنیج کە وەکوو باوکم دەیگێڕایەوە ژنێکی باڵابەرزی پرچ زەردی چاوشینی سووروسپی و جوان بووە، بەڵام باپیرم ئەوی بەو نیازە لە (گەنگەچین) جێ هێشتبوو کە لە هەولێر جێگیر بێت و پاشان بگەڕێتەوە ئەویش بهێنێتەوە لای خۆیان، بەڵام دوای دوو مانگ لەهاتنیان بۆ هەولێر، باپیرم بەنیازی هێنانی ئەویش بۆ هەولێر سەرێک لەگوندەکەی دەداتەوە، بەڵام داپیرەم لەو ماوەى ئەویان جێهێشتبوو، نائومێد ببوو و گەڕابۆوە ڕووسیا.
شێرزاد دەگەڕێتەوە سەرباسی پوورەکەی و هۆکاری ناونانی بە (کچی کافرۆش) و دەڵێ: پوورم بۆیە بەکچی کافرۆش ناسرابوو، چونکە باپیرم کە هاتە هەولێر هیچ کارێکی نەدەزانی و کەسیشی نەدەناسی، بۆیە دوکانێک لەنزیک (سینەما حەمرا) بەکرێ دەگرێت و کا دەفرۆشت، لەپاڵ کافرۆشییەکەشی، هەر لەناو دوکانەکە، قەسپی حەشرەیشی دانابوو، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لەگوندەکانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر، هەموویان کایان بۆ وڵاغەکانیان لە (جومعە کافرۆش) ى باپیرم دەکڕی. هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەجیجی کچی بەو ناوە بناسرێتەوە!.
شێرزادی تەمەن پەنجا ساڵ، کە وەک خۆى ئاماژەى بۆ دەکات، تاقە یادگاری بنەماڵەی کچی کافرۆشە لە هەولێر، لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ ئەو بەسەرهاتەى بۆتان دەگێڕمەوە، منیش ئاوام لەباوکم بیستووە، شێرزاد دەچێتە سەر باسکردنی ڕووداوەکانى ئەو ڕۆژە کە کچى کافرۆش (خەجیجی پووری) دەڕفێنن و دەڵێت: باپیرم خانووێکی لەحەساری ماڵی (شێخ عەبدولکەریم) لەنزیک (گۆڕستانی شێخ ئۆمەر) بەکرێ گرتبوو، بەیانییەک دوای نانخواردن، پاشئەوەى باپیرم دەچێتە دوکان، ئەوانیش چونکە هیچ خزم و کەسێکیان نەبووە لە هەولێر، بۆیە وەکوو زۆربەی ڕۆژەکانی دیکە، پوورم بەباوکم دەڵێ با بچینە دوکانی باوکم، دواى ئەوەى دەچنە دوکانی باپیرم و ماوەیەک لەوێ دادەنیشن و هاوکارى باپیرم دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا قسان دەکەن و هەندێ قەسپ دەخۆن، پێش نیوەڕۆ، پوورم دەڵێ، من دەچمەوە ماڵ و فراڤین حازر دەکەم. باپیریشم دەڵێ تۆ بڕۆوە ماڵ و محەمەد با لەدوکان لەلاى بێت من بێت و پاشتر لەگەڵ خۆم دەیهێنمەوە.
شێرزاد، بەردەوامى بەگێڕانەوەى چیرۆکى ڕووداوەکانى ئەو ڕۆژە دەدات و دەڵێ: خەجیجە شکاکی پوورم لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەکیەی (شێخ عەبدولکەریم) بەگوتەی ئەوانەی کە بینیبوویان سەیارەیەکی پڕ لەچەکداری ئینگلیز، پێشی لێ دەگرن و بەپاڵدان و زۆرلێکردن دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەیڕفێنن، هەر زووش، یەکێ لەوانەى کە ڕووداوەکە بەچاوی خۆی دەبینێ، یەکڕاست دێتە دوکان و بەباپیرم دەڵێ ئینگلیز کچەکەیان ڕفاندی. پاش گەڕان و سوڕانێکی زۆر کە خەجیج هیچ سۆراغێکى نابێ، تورکمانەکانی سەر قەڵات کە دەبینن جومعە کافرۆشی باپیرم بێکەسە لە هەولێر، ئامۆژگاری دەکەن بچێتە بنکەی پۆلیسی جوولەکەکان لە (گەڕەکی تەعجیل) و داوایەک لەسەر ڕفێنەرانی کچەکەی تۆمار بکات. بەمجۆرە لەدوای سێ مانگ لەهاتوچۆى بنکە پۆلیسییەکەی تەعجیل، باپیرم ئاگادار دەکەنەوە کە خەجیجی پوورم لە ئێراق نەماوە و بردوویانە بۆ بەریتانیا.
وەک برازاکەى ئاماژەى بۆ دەکات: خەجیجی کچی کافرۆش لە تەمەنی دوانزە ساڵی دەڕفێنرێت و لە ساڵی 1936 واتا دوای دووساڵ لەڕفاندنی، وێنەکەی بەناوی (کچی کافرۆش) بەهەموو کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
لەوەسفى خو و خەسڵەتى (خەجیجە شکاکى پوورى) دا، شێزاد دەڵێت: ئەوەى کە لەباوکم گوێ لێبووە، پوورم زۆرى کەیف بەجلوبەرگى ژنانەى شکاکى هاتووە، بەردەوام فیستان و کراسى لەبەر کردووە و زۆربەى کراسەکانیشى ڕەنگى سوور بووە چونکە زۆر حەزى بە و ڕەنگە کردووە، هەمیشە قایشى زێڕیشى لەسەر کراس بەستاوە و باپیرم لەبەر خۆشەویستى زۆرى بۆى کڕیوە. لەخواردنەکانیش، وەک شێرزاد گوتى: کچى کافرۆش زۆر حەزى لەدووجۆر خواردن بووە، کفتەى حەجەمى لەگەڵ (گردۆر) کە جۆرە خواردنێکى شکاکانە و تێکەڵەیەکە لەبرنج و ماست و گۆشت، هەمووى بە یەکەوە دەکوڵێنرێت.
شێرزاد ئەوەشی وت کە بەرپرسەکەی ئینگلیز بەر لەڕفاندنی کچی کافرۆش، چەند جارێک خوازبێنی لەباپیری کردووە و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە کە هەرچەندەی ئەوان داوابکەن لە لیرەی ڕەشادی و ماڵی دنیا، ئەو بۆیان جێبەجێ بکات، بەڵام هەموو جارێک جومعە کافرۆشی باوکی خەجیج دەڵێ ئێمە پەنابەرین لێرە و شەڕەفی خۆمان بۆ ماڵی دنیا نافرۆشین.
لەدواى ڕفاندنى کچەکەشى وەک شێرزاد ئاماژەى پێدەکات: باوکی لەداخی ئەوەی بەرپرسێکی گەورەی سمکۆ شکاک بووە و لە هەولێر پیشەی بوو بەکافرۆشی، هەروا لەغەریبی کچەکەشی شونبزر دەبێت و ئینگلیز دەیڕفێنن، بۆیە هەردوو چاوەکانی کوێر دەبێت.
بەگوتەى ئەو برازایەى کچى کافرۆش، لەدواى پێنج ساڵ بەسەر ڕفاندنى کچەکەیدا، جومعەى باوکى کۆچى دوایى دەکات و لەسەر وەسیەتى خۆیشى، لەسەر مەیدان لەشەقڵاوە دەنێژرێت.
ئەو بابەتە (دیمانە) م، سێزدە ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤارێک بڵاوبۆوە، زۆرکەس چ بەتەلەفۆن و چ ڕووبەڕوو دەست خۆشیان لێکردم، ڕەوانشاد (مەحموود زامدار) تەلەفۆنى بۆ کردم و زۆرى ستایش کردم، باسى لەوە کرد کە لەهەشتاکان، ماوەى چەند ڕۆژەک لە#گەرمیان# بەتایبەت بۆ ئەم مەسەلەیە، چۆتە لاى عەشیرەتى کافرۆشى، بەڵام وەک ئەو گوتى: هێندەى ئەم بابەتە زانیارى دەست نەکەوتووە. لە هەمووى سەیرتر، تا چەند ڕۆژەک لەدواى بڵابوونەوەى بابەتەکە، زووزوو تەلەفۆنەکم بۆ دەهات (نازانم ژمارەى منیان چۆن پەیدا دەکرد) دەیانگوت: ئێمە فڵانە کەسین لەعەشیرەتى کافرۆشى و دەمانەوێ زانیارى زیاترمان بدەیتێ، بەشکو ئەو کچە بدۆزینەوە!. وەختەک ترسى ئەوەم لێ نیشتبوو و دەموت لەسەر ئەو بابەتە تووشى دوژمنداریش نەبم!.
بابەتەکە دواتر کرایە سیناریۆى فیلمى سینەمایى و پەڕتووک و لەدەیان پەیج و سایت بڵڵاوکرایەوە، بەبێ ئەوەى هیچکام لەمانە ئاماژە بەناوى من بکەن!. بابەتەکە بووە فۆلکلۆر و موڵکى خەڵک، ناوى من لەکولەکەى تەڕیش نەدەهات!.
لەدواى ئەو ماوەیە (13 ساڵ) ە، خوێندنەوە و بەدواداچوون و قووڵبوونەوەى زیاترم بۆ چیرۆکى (کچى کافرۆش) کرد، سەرئەنجام گەیشتمە ئەو بڕوایەى کە چیرۆکەکە درووستکراوە و وێنەکەش دەستکردە و فۆتۆ نییە!، ئینگلیز لەدواى هاتنى بۆ ئێراق، بۆ هەڵسەنگاندنى عەقڵییەتى گەلانى ئێراق (کورد و عەرەب و تورکمان) چیرۆکێکى بەکەمێ دەسکارییەوە لەناو کورد و عەرەب و تورکمان بڵاوکردۆتەوە، بێگومان ئەوان (ئینگلیز) چەند مەبەستێکیان هەبووە لەوانە: خۆشباوەڕى و تێڕوانین بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تاکوو لەو ڕێگایەوە هەڵسەنگاندنى خۆى بکات، چونکە وەک چۆن (شێرزاد) بەمجۆرە باس لەکچى کافرۆش (پوورى) دەکات، عەرەبەکانى خوارووى ئێراق و تورکمانەکانى سەر قەڵاى هەولێریش، چیرۆکێکى هاوشێوەى کچى کافرۆشیان هەیە:
کچێک (بەدریە داود الهلیجى) کە بە (بنت المعیدى) واتا (کچى گاوان) ناسراوە، ساڵى 1904 لەگوندى (الکسارە) ى سەربە شارى (عیمارە) لەدایکبووە، دواى هاتنى ئینگلیزەکان بۆ ئێراق و باشوورى ئێراق، ئەفسەرەکى ئینگلیز بەهۆى جوانییەکەى ئاشقى دەبێت و لەگەڵ خۆى دەیباتەوە بەریتانیا، هاوکات چیرۆکى کچى کافرۆش لەناو تورکمانەکانى سەر قەڵاى هەولێریش هەیە، ئەوان ناویان لێناوە (سەمانچى قیزى) واتا کچى کافرۆش.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
کیژەکەى کافرۆش خەجیج مۆنالیزاى کورد، (محەمەد گۆران) ، گۆڤارى هەڵبوون، ژمارە (19) ، 25ى کانوونى یەکەمى 2009
[1]