ناونیشانی بابەت: ژنکوژی
ئامادەکردن: #ڕۆژیار خاڵە حەسۆ#
ئەم بابەتە باس و خواسێکی زۆری لەسەر کراوە بە درێژایی مێژووی فێمێنیزم و ژن لە جیھاندا، من لێرەدا ھۆکارە دەروونیی و بۆماوەییەکان دەخەمە ڕوو لەبارەی ژن کوژییەوە و بەردەوامی ئەم دیاردە باوە تا ئێستا.
ژنکوژی دیاردەیەکی بەربڵاوە لە جیھاندا، بە تایبەت نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھۆکاری بەربڵاوییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕی دەمارگیری لە جۆری نێرسالاری کە کۆمەڵک بۆچوون لە مێشکدا درووست دەکات و، جۆرە سیستەمێکی هزری بەرھەم دێنێت تیایدا ژن دەخرێتە ئاستێکەوە کە بتوانیت بیکوژیت و ئەشکەنجەی بدەیت و ئاسایی بێت لات، ئەم سیستەمە هزررییە نەوە دوای نەوە بە ڕێکارە نەستییەکان لە ڕێگای ھەڵسوکەوتی باوانەوە دەگوازرێتەوە، نموونەی ژنکوژیمان گەلێک زۆرە بە تایبەت لە باشووری کوردستان، باوترین نموونەکانی ژنکوژی کە زۆر کەس پێی کاریگەربوون و باس و خواسێکی زۆری لەسەر کرا کوژرانی (سێوە و ماری سامی) بوو “ماری” بە ناوی شەرەفەوە لەلایەن براکەی خۆیەوە دەکوژرێت! ھۆکاری کوشتنەکەی ھەڵبژاردنی ژیانێکی ئازاد بوو (بەواتای ئەوەی مرۆڤێک بیەوێت وەکوو خۆی بژی) کە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھەر ھەموومانە. دووەمیان “سێوە” لەگەڵ منداڵەکانی لەلایەن پیاوەکەیەوە دەسوتێندرێت و ھیچ ھۆکارێکیش بۆ ئەو سووتانە نەخرایە ڕوو! هەر خۆی ھیچ ھۆکارێک ناتوانێت ئەم تاوانە گەورەیە بچووک بکاتەوە، بەڵام کێشە ئەوەیە سەرەڕای ھەبوونی ژنی خوێندەوار و پارێزەر و دادوەر بە ڕێژەیەکی زۆر لە دادگاکاندا، بەڵام زۆر بە کەمی ھەڵوێستی ژنێکی پارێزەر دەبینین بۆ پشگیری کردن لە تاوانێکی لەو شێوەیە! جگە لەوە تا ئێستا کەیسی ئەو دوانە وە ھەموو ئەو ژنانەی کوژراون نازانین بە کوێ گەیشتووە و ھیچ ئەنجامێکی نەبووە. سزای ھیچ ژنکوژێک دیاری نەکراوە، لەبەرانبەر ئەو ھێزە دەمارگیرییە دەروونییە دادگا و دادوەر و پارێزەریش و ھەمووان تێیدا دەستەوەستانن ناتوانن لێی دەربازبن! بۆیە ئەمانە و ھەزار نموونەی ئاوا بوونیان ھەیە، ھۆکارەکانیش زۆر سادەن و پەیوەندی بە مافی تاکە کەسییەوە ھەیە، کە دەسەڵاتی ئەم مافە ڕادەستی نێر کراوە و جۆرێک لە ئایدیۆلۆژیای دەمارگیریی نێرسالاری بەرھەم ھێناوە کە تەنانەت وشەی “ژنکوژی”ش بۆ ژنکوژێک بەکارنایەت و پێی دەڵێن:- پیاوکوژ. بارودۆخە دەروونییەکە ھەموو شتێکی ڕادەستی نێرسالاری کردووە .
لێرەدا پرسیار دەکرێت ئایا بۆچی دەکوژن؟ کاتێک ژن سمبولی چێژ و ژیان و ئازادی و جوانییە. ھۆکار چییە بەم ھەموو تایبەتمەندییەوە دەکەوێتە بەر مەترسی کوشتن یان دەکوژرێت؟ ئەمە بابەتە دەروونیی و پەروەردەییەکان دەگرێتەوە، چونکە کاتێک مرۆڤ دەچێتە ناو ئەم پرسیارانەوە ناچێتە ئەقڵەوە مرۆڤێک بیەوێ مرۆڤانە بژیت و بە سرووشتی خۆی ژیان بکات تۆ بچیت بیکوژیت! بۆیە ئەم کارانە بە ھیچکام لە سیستەمەکانی ئەقڵدا ڕێ ناکات، بگرە کاردانەوەیەکی نەستییە لە ڕێگەی پەروەردە و دەروونی کەسەکانەوە درووست دەبێ. جا با بزانین کارتێکەر و کاردانەوەی ئەم دەمارگیرییە نێرسالارییە لە چییەوە سەری ھەڵداوە؟ ئایا شێوازی ڕەفتاری دایک و باوکان چ ئاڵۆزییەک لە سیستەمی کۆمەڵگە درووست دەکەن؟ ئەم پرسیارانە پێویستە لە ھەر بابەتێکی ژنکوژیدا کە ڕوودەدات بخرێنە بەرباس، یان دەبێ ھۆکاری ئەم کارەساتانەی ئێستا بۆ پێشتر بگەڕێنینەوە کە لە ساڵانی کۆندا ھەمیشە وا باو بووە ژنان ئەرکی زۆریان ھەبووە، ئەمەش نەریتێکی باو بووە، واتا گەر ژنێک ئەو ئەرکانەی ھەیبووە نەیکردبا و لێی یاخی بووبا بە چاوێکی زۆر دزێو و ناحەز و سەیر بینراوە یان دوچاری کوشتن بۆتەوە. بۆیە ھەمیشە ژن لەناو ژیانێکی سەخت ژیاوە کە بێجگە لەو ئەرکانەی ھەیبووە خۆیشی وەکوو مرۆڤ سەیرنەکراوە لەلایەن ھاوسەرەکەی یان براکەی یان باوکی سووکایەتی پێکراوە، گەر ئەمانەشی لەژیانیدا نەبووبا مامو ئامۆزاو ئەوانیتر …هتد.
بۆ دەستەمۆکردنی ژنێک دەیان و سەدان و ھەزاران وتە و پەندی پێشینان ھاتۆتە کایە، بۆیە خودی ئەو پەندی پێشینانەی دایکێک بۆ منداڵەکەی دەگوتەوە بێ ئەوەی لە کاریگەرییەکەی ئاگاداربێت ڕاستەوخۆ ژن لە مێشکی منداڵەکەیدا ژانرێکی تری وەردەگرت و، ژنانی بە کەمتر و بێ ھێزتر دەھاتە بەرچاوان، یان ڕەفتاری باوکێک لەبەرانبەر دایکی ئەو منداڵەدا ھەمان کاریگەریی درووست دەکات، یانیش پیاھەڵدانی باوکان و دایکان بە کوڕەکانیان و، ھەڵسوکەوتی دایکان و باوکان وەک ئەوەی کوڕەکان بە ھێز و ترسناکن کەچی کچەکان بە پێچەوانەوەن! وای دەکرد منداڵ بە بینینی ئەم دیمەنە ژن لە ئاستێک دابنێ مێشک و دەروونی نەتوانێت ھاوئاستی پیاوی بکات، یان وشەی کوشتن لەگەڵ ھەر تووڕەبوونێکدا دایک و باوک ئاڕاستەی منداڵەکان دەکەن ئەم وشەیە ئاسانکاری لە مێشکی منداڵدا درووست دەکات. بۆ ھەمان کرداری کوشتن ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە منداڵیدا نەوە دوای نەوە دێت، وە ھەر نەوەیەکیش کە گەورە دەبن و دەچنە زانکۆ و یاخود پلەی باڵاتر ناتوانن ئەو سیستەمە هزرییە لە مێشکیاندا بگۆڕن، گەر ھەوڵیش بدەن بۆ ئەوەی کە پێیان وایە ژن و ھاوئاستی پیاوە ئەوە لە وانەیە سەر زارەکی بێت یان کاتی بێت، لە حاڵەتە ھەستیارەکاندا دەمارگیریی و نێرسالارییەکەی تێدا دەربکەوێت، بۆ نموونە لەو کاتانەی خوشکەکەی لەگەڵ کوڕێکدا ببینێت یان ژنەکەی ڕەفتارێک بە دڵی ئەو نەکات یان لە ھەڵبژاردنی ھاوسەردا بەدوای لاوازترین ئافرەت دەگەڕێت، لە ڕووی هزرییەوە ئەم جۆرە کردارە لە هەندێک لە نووسەر و ڕۆشنبیران بەدیار کەوتووە، بۆیە جێی پرسیار بووە بۆ ئەوانیتر. ئەمە کاردانەوەی نەستی ئەو کەسەیە کە ڕەنگە ژنی بە ھێزی خۆشبوێت، بەڵام ھەمیشە دەیەوێ خۆی باڵا دەست بێت وەک ئەوەی سیستەمە هزرییەکەی مێشکی داوای دەکات، بۆیە کە ژنێک بە پێی ئەو سیستەمە ناڕوا ھەست دەکات لە باڵا دەستی کەم بۆتەوە، بەمەش بۆ بەرگریکردن لەو کەمییە درووست بووە لە ھەستەکانی ھەوڵی لێدان و ئازاردان و کوشتنی ژنەکە دەدات .
دەمارگیری نێرسالاریی ھۆی یەکەمی ژنکوژییە، چونکی کاتێک ئەو سیستەمە هزرییەت ھەیە پێت وایە تۆ باڵادەستی لە بڕیاردانی ژیانی ژنێک یان خوشکت یان دایکت، وە ئەوانیش ڕێ بەو باڵادەستییەت دەدەن پێیان وایە کە پیاوێک دەبێ باڵادەست بێت بەسەریانەوە، چونکە ئەوانیش دووبارە ھەمان نەخۆشییە دەمارگیرییە نێرسالارییەکەیان تووش بووە لە ڕێگەی پەروەردە و ھەڵسوکەوتی منداڵیییاندا کە بەرانبەریان کراوە. بۆیە ژنکوژی بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامی دەبێت تا شۆڕشی فێمێنیزمی، لەوێدا ژنکوژی کەم دەبێتەوە بەڵام ژانرێکی نوێ وەردەگرێت ئەویش ژنان لە دوای ئەم شۆڕشەوە لەبەر ئەوە ناکوژرێن کە بە پێی نەریتەکان ناجوڵێنەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوە دەکوژرێن چونکە پیاو ھەست بە مەترسی دەکات لە بەھێز بوونیان، تا ئێستاش بە شێوازی جیا و مۆدێرنانە ژن دووبارە دەیخەنەوە دۆخی دەستەمۆیی، ژنیش خۆی ئەوە قبووڵ دەکات، چونکی پێی وایە لەو دۆخەدا پارێزراوە لە پیاوانیتر، ئەم زنجیرەیە لە تاوانی ژنکوژی بە درێژای مێژوو تا ئێستا بەردەوامە و بەردەوامیشی دەبێت.
من نازانم ئاماری ژنکوژی بە کوێ دەگات، بەڵام ھەمیشە بوونی ھەیە و زیاد و کەمی تێدەکەوێ، چونکی تا سەردەم بەرەو نوێگەری بڕوا شێوازی نوێ و بیانوی نوێی ژنکوژی بوونی دەبێت بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی ژن لەجیاتی گوتنەوەی درووشمی بریقەدار، لە ڕێگای قوتابخانە سەرەتاییەکان و پێدانی ڕێنمایی پەروەدەیەکی درووست لە بوونیادی منداڵدا درووست بکەن ، ھەموو توانایان لەم کارەدا بخەنە گەڕ ئەمە دەتوانێت کاریگەریی ژنکوژی کەمتر بکاتەوە. [1]