بودجەی ئێراق هەرێم هەڵدەوەشینێتەوە
د.#کامەران مەنتک#
#26-05-2023#
د.کامەران مەنتک
ئەگەر خەنجەرت لە پشتی خۆت دیت، بزانە خەڵکیش پیاوە (رەسوڵ هەمزەتۆڤ)
ئەو بەخ و لەخۆباییبوون ولووتبەرزییەی پارتی، ئەو تاکڕەوی وبێمنەتییەی لەهێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەکانی تر بکاتەوە و هەوڵبدات کەشێکی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتە بەرهەم، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ڕق و کینە لەناو کۆمەلگەی کوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەکوڵێت و خەڵک ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بکات، تەنیا لەدەست ئەو لووتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەکێتی ڕزگاری ببێت، دیارە یەکێتیش لە پارتی کەمتری نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا یەکێتی وەک ئەسپێکی بریندار و زوڕهانێکە لەسەرەمەرگدایە و پەل دەهاوێژێت، بۆیە لەکایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەکردن و دەست بردن بۆ هێڵە نیشتمانیە سوورەکان، ناتوانێت هەلوێستێکی تری هەبێت، هەموو ڕەفتارەکانی یەکێتی لە قۆناغی ئێستادا پەرچەکردارە بۆ هەڵوێستەکانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەکێتی ڕەخنە لەپارتی بگیرێت، کە کوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە.
لەو ماوەیەدا خەڵکی کوردستان بەداخەوە ئومێدێکی تراویلکە ئاسایی بە پڕۆژەی بۆجەی ئێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو ڕێکەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا (لە نووسینیکدا بە ملکەچ بوون نامە پێناسەم کرد) دەتوانێت دەروویەکی خێری لێبکاتەوە وهەناسەیەک بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بینێتەوە، کەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن لێژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراقەوە لەو مادانە کراوە، کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە وقەیرانەکە گەورەتر دەکات، بەشێویەەکی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد دەکاتە دوو هەرێمی جیاواز، بەشێوەیەک لە شێوەکان زیندووکردنەوەی هەمان ئەو ڕێکەوتنەیە لە ساڵ2023 تاڵەبانی لەگەڵ ئەمریکیەکانی کرد، کاتێک ئیمزای لەسەر فیدراڵی پارێزگاکان کرد، دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی و پارێزگای ڕازی داهێنانێکی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتکردنەی هەرێم، هاوکات مەسەلەی دانەوەی 10% مانگانە، لە پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەکی ترسناکە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەو هەوڵێکە بۆ سڕکردنی خەڵکی کوردستان، کە هەموو یارییە قێزەونەکان لەلایەن هەولێر و بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵکی کوردستان دەگوزەرێت.
لە ڕاستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەداموزەگاکانی هەرێم و هێزەکان و خەڵکی کوردستانی دەکات، ئەوەی لێدەکەوێتەوە وهەر ئەو هەلوێستەی لێچاوەڕوان دەکرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لەپەڕڵەمان ڕوویدا ئەو یارییە دزێو ومنداڵانەی لە پەڕڵەمان کردیان، بەرهەمەکەی واژووی یەکێتی بوو لەسەر ئەو بۆجەیەی، کە هەوڵیکی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، کورد دەڵێت: ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بکەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەکێتیش لە ڕقی پارتی خۆی هەڵدەێرێت و هەموو کوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانکاری دەکات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە نا شارستانیە سیاسیەی هەرێم ڕابگیرێت و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!.
بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بکرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا کراوە، (دیارە ئەگەر نەکرێت کارەساتەکە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی کورد لە جیاتی بایکۆت وپشتتێکردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ درووستبکەن و لەدەرەوەی ئەو هێزانە کوردسی بەدەست بێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پیم وانییە، یەکێتی وپارتی دیسان بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز هاوسەنگی کۆن ڕابگرن، چونکە کۆمەڵێک هێز لەدەرەوە وەستاون وچاوەروانی کارێکی لەو شێوەیە دەکەن، بۆ ئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، کە ڕەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش پێشوازییان بکات، وەک پەرچە کردارێک بۆ حوکمی سەقەتی سی ساڵەی ئەو دوو حیزبە و لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوینە هەستیارەکانی هەرێم بخەنەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە ڕەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەڕلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بۆجە بدات، پارتی وەک گەڕاندنەوەی ڕێز، دەست بەرداری هەندێک شت بێت بۆ یەکیتی ورازی بکات، بەلایەنی کەم لەمەسەلەی دانیشتنەکەی پەڕڵەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، هەرچەندە پەڕڵەمانی ئێراق، بەو پێکهاتە سیاسی وئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەڕناکەم دەرەفەتێکی وا لەدەست بدات، کە بەوردی کاری بۆ کردووە، بەڵام لە هەموو دۆخەکاندا هەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەست دایە، کەسی خنکا و ئومێد لەسەر کە لە پووشێکیش دەچنێت!.[1]