خوێندەوارییەک مەترسیدارتر لە نەخوێندەواری!
د. #کامەران مەنتک#
#31-05-2023#
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشیەت مەرحەبا
تف لە عیلم وسنعەت و سەد کەهرەبا ( بێکەس)
پێشکەوتن و زانست لەرێگەی خوێندەوارییەوە بەدەست دەهێنرێت، واتە خوێندەواری تەنیا ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر، کەواتە خوێندەواری خۆی لەخۆیدا ئامڕازە و ئامانج نییە، لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، ئەو گەلانەی ئەو ئامڕازەیان لەبەردەست دا نەبێت، ناتوانن لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی گوزەر بکەن ودەکەونە دەرەوەی مێژوو، هەر ئەمەش وایکردووە بە درێژایی مێژووی نوێ، زۆر لە ڕۆشنبیران وشاعیران ودڵسۆزانی کورد داوای خوێندنیان لە کۆمەڵگەکەی خۆیان کردووە و بە دەوایەکیان زانیووە بۆ چارەسەرکردنی دەردی کورد.
لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی خوێندەواریدا، خوێندن زۆر کایەی گرنگی داگیر کردووە و دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی تر، زۆر پانتاییان لە دەستداوە و بەجێیانهێشتووە بۆ ئەو دامودەزگایانەی پەیوەندییان بە خوێندن وفێربوونەوە هەیە، بۆیە ئەرکی ئەو دەزگا فێرخوازیانە زۆر گەورەتر بووە و لەپاڵ خوێندندا کایەی پەروەردە بەشێکی گرنگی لەو دەزگایانە داگیر کردووە!
کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئەو دەزگایانەی خوێندن وپەروەردەکرد لە تواناکانی خۆیان دەکەون و بێ ڕۆڵ دەکرێن، لەو کاتەدا بۆشاییەکی گەورە لە بواری پەروەردەدا درووست دەبێت، هاوسەنگییەکە بەشێوەیەک تێکدەچێت، خوێندەوارییەکی خواروخێچ دێتە بەرهەم، بەڵام پەروەردە فەرامۆش دەکرێت، یاخود ئەو دەزگا پەروەردەییانە ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لەو حاڵەتەدا بە هەزاران مرۆڤی خوێندەوار دێتە بەرهەم، بەڵام بێ پەروەردە و بێ بەها، کەسایەتییەک دەخاتە ناو کۆمەڵگە، کە هەمیشە لەهەڵپەی بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە تایبەتتییەکانی خۆی دابێت وهیچ هێڵێکی سووریش نەبێت ڕێگەی لێبگرێت!.
ئەو کاتانەی شاعیر و ڕۆشنبیرانی کورد داوای خوێندن و خوێندەوارییان دەکرد، ئەو کاتانە کۆمەڵگە ڕۆڵێکی گەورەی دەبینی لە بواری پەروەردەکرندا، خێزان، هاوڕێ، دراوسێ، دیوەخان، ئەمانە هەمووی کایەی گرنگ بوون بۆ پەروەردەکردنی تاکەکان و چاندنی کۆمەڵێک بەها لە ناخیاندا، کە دەبووە هۆی زیندوو هێشتنەوە و پاراستنی ئەو بنەمایانەی نەتەوەکەیان لەسەر بەند بوو، بەڵام ئێستا خوێندەوارییەکی پڕ لەکەموکووڕی و سەقەت، بە واتایەکی تر بەخراپی دەنووسێت وبەکەمیش دەخوێنێتەوە هاتۆتە ئارا، ئەم دۆخە نوێیەی خوێندەواری وئەو دابڕانە کۆمەڵایەتییەی بوارەکانی گەیاندن لەگەڵ خۆیاندا هێناویانە، توێژێکی گەورە وفراوانی وایان بەرهەمهێناوە، خاوەن بڕوانامەی گەورەو ئاستێکی ئێجگار نزم تا ڕادەی نەخوێندەواری لە دایک بووە، لەرووی کۆمەڵایەتیشەوە لە هەموو کەلتوور و بەهایەک دابڕاون، لەراستیدا ئەو جۆرە خوێندەوارییە زۆر مەترسیدارترە لە نەخوێندەواری، لەبەرئەوەی کاتێک مرۆڤ نەخوێندەوار بوو، لەرێگەی کۆمەڵگەیەکی پابەندەوە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی باشی وەردەگرت، بەڵام کاتێک ئەو پەروەردەیە گوازرایەوە بۆ قوتابخانەکان وقوتابخانەکانیش بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان نامۆبوون، یاخود بە دەستەواژەیەکی تر لەئەرک وبەهاکانی خۆیان داماڵران، شتێک نەما بە ناوی پەروەردە! ئەوەی پێی دەگوترا، ئەتیکای ئاخاوتن، ڕێزگرتن وشێوازی مامەڵەکردن، لەناوا نەمان، کۆمەڵێک پڕەنسیپی زۆر گرنگ، وەک ڕاستگۆیی و وەفاداری وڵاتپارێزی و رێزی گەورە و بچووک و ... هتد سڕانەوە، بەرانبەر ئەمەش کۆمەڵێک چەمکی ڕیسواو بەوتا عامییەکەی بازاڕی، شوێنیانی گرتەوە، ئەمە ژیانی ناو کۆمەڵگەی لەژیانی ناو دارستان نزیکتر کردەوە، لەهەندێک حاڵەتدا ژیانی ناو دارستانیشی تێپەڕاند، لەبەرئەوەی ڕاستە لەژیانی ناو دارستاندا یاسای بەهێزو بێهێز هەیە، بەڵام بەهێزەکان هەرگیز لەپێویستییە ژیارییەکانی خۆیان زیاتر هێز بەکار ناهێنن، بە پێچەوانەی مرۆڤ، کە هێز بەشێوەیەکی زۆر ترسناک بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی یەکتر بەکاردەهێنێت.
ئێستا خوێندەواری بووەتە کاڵایەک بەدەست کۆمەڵێک نەخوێندەوارو بازرگانی شەڕەوە، ئەوانەی خۆیان هیچ پەیوەندییەکیان بە خوێندن وپەروەردەو زانستەوە نییە، ئەوانە لەرێگەی دزینی موڵک و ماڵی میللەتەوە، بوونەتە بازرگانی ساختەو هەڵتۆقیون، ئەوانە قوتابخانەو زانکۆ دەکەنەوە وخوێندن و زانستیش وەک هەموو کاڵاکانی تر بە چرووکی بەکاردەهێنن، چۆن دەچن لە وڵاتی چین و دەوڵەتە هاوسێکان کاڵای ستۆک وخۆراکی ژاراوی و بێکەڵک دەخەنە بازاڕەکانی کوردستان، بە هەمان خاوەن بڕوانامەی گەورەو بێناوەرۆکیش دەخەنە ناو کۆمەڵگەی کوردییەوە.
لەبەشێکی زۆری ئەو جۆرە قوتابخانەو زانکۆیانە، هێندەی بایەخ بە دارودیوارو بیناکان دەدرێت، هێندە بایەخ بە زانست و پەروەردە نادرێت، لە ڕاستیدا ئەو شوێنانە بوونەتە دوکانێک بۆ فرۆشتنی بڕوانامەی بێ ناوەرۆک، کە ئەمە کۆمەڵگەی کوردی دووچاری نامۆبوونێکی ترسناک کردووە، بەرهەمهێنانی نەزانین وگەمژەیی، بووەتە کارێکی بەڕەواجی ئەو جۆرە خوێندنە، بۆیە لە دۆخێکی وەکوو ئێستادا، نەخوێندەوارییەکە زۆر باشترە لەو خوێندەوارییە فشۆڵە، بەلایەنی کەم کەسەکان بە نەخوێندەوارییەکە ڕەسەنایەتی خۆڕسکبوونی خۆیان لەدەست نادەن!.[1]