گەنجان سامانی نیشتمانن
#26-05-2023#
سۆما ئەنوەر
هەموو کاتێک لە هەموو جێگایەکی ئەم جیهانە هیوایەک هەیە بۆ ئەوەی لە کێشەکان ڕزگارمان ببێت، (هیوا) سوتەمەنی سەرکەوتن و کارکردنە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو قەیرانانەی کە پێیدا تێپەڕیوە، هیچکات جێگەیەکی گونجاو و لەبار نەبووە بۆ گەنجان کە وایان لێ بکات داهێنانێک بکەن یان باری دەروونیان جێگیر بێت، بێکاری گەنجانیش قەیرانێکی هەرە گەورەیە کە گەنجان، کاتێک هیچ کارێک نەبێت کە ئەو توانا گەورەیەی تیادا بەکاربێنن دوچاری چەندین کێشەی دەروونی و تەندرووستی دەبنەوە، دەست دەبەن بۆ کاری نا یاسای و کێشانی ماددەی هۆشبەر و جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان، هەروەک چۆن ئێستا دەبینین کافتریاکان ڕێژەیان لە زیادبووندایە و بوونەتە دیاردەیەکی ناشرینی نێو کۆمەڵگە کە ئەمەش جێگای مەترسییە، بەڵام هیچ کات حاڵی هەرێمەکەمان لە ئاسلەندا خراپتر نییە، ئایسلەندا! سەرکەوتوترین وڵاتە کە توانیویەتی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خواردنەوە لە ناو هەرزەکاراندا کەم بکاتەوە، ڕێژەی دابەزینی خواردنەوە کهولییەکان ٪42 کەمی کرد بۆ ٪7 ڕێژەی جگەرە کێشان ٪23 کەمی کرد بۆ ٪2 بۆیە ئەمەیان ناونا (شۆڕشی گەنجان)، پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە چۆن ئەمەیان کرد؟ لە کاتیکدا ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە خواردنەوە کهولییەکانیان دەخواردەوە ئەوەندە زۆر بوو دەیانناردنە دەرەوەی شارەکان .
بە پێنج هەنگاو دەکرێت هەر کێشەیەک چارە بکریت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە دان بنرێت بە بوونی کێشەکەدا و لە ئاستی (سیاسی، پەروەردەیی، خێزانی) بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بگەڕێن، لە تەواوی قوتابخانەکان ڕاپرسییەکیان ئەنجام دا کە لە 50 پرسیار پێکهاتبوو سەبارەت بەسەرجەم لایەنەکانی ژیانی گەنجان، ئەنجامی ئەم ڕاپرسییەیان شیتەڵ کرد بۆ دیارکردنی کێشەکان، ئەگەر ئەم هەنگاوە لە هەرێمە چەق بەستووەکەی کوردستان جێبەجێ بکرێ بێگوومان هەموو کێشەکان چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە، دەستنیسانکردنی کێشەکان هەنگاوێکی چارەسەرکردنییەتی.
هەنگاوی دووەم چارەسەریان دۆزییەوە کە کاتە بەتاڵەکانیان پڕ بکەنەوە بە شتی باش و سەرقاڵیان بکەن ، هەر قوتابخانەیەک یانەیەکی تایبەتی وەرزشی بە خۆی بۆ درووستکرا کە لە دوای خوێندن کاتەکانیانی تیادا بەسەر ببەن و وەک بەشێک دا دەنرێ لە پڕۆسەی فێر بوون و بگرە هەمان هێزی وانە خوێندنی هەیە، لەم یانانەدا هەنگاوی سێیەم خوێندکاران خۆیان وەرزشی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن و پرۆگرامەکان دادەڕێژن لە ئەم بڕیاردانە هەستی بڕیاردان و باوەڕ بە خۆ بوونیان لا درووست دەکات.
هەنگاوی چوارەم چارەسەرەکە لەسەر ئاستی خێزانی بوو هەڵمەتێکی ڕاگەیاندیان ڕاگەیاند بە ناوی (پێکەوە) کە تییادا ئاماژەی بەوە دەدا خێزانەکان پێکەوە وەرزش بکەن، پێکەوە خواردن ئامادە بکەن پێکەوە ……… هتد گرنگی خێزان لەوەدایە کە هەستی پاڵپشتی بۆ گەنج درووستدەکات کە وای لێدەکات لە کاتی ناڕەحەتی و کێشەکان بێ لانە نەبێت. هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاند بۆ گەنجانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ کە دەتوانن تا کاتژمێت 10 شەو لەدەرەوە بمێننەوە، ئایسلەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی تیادا بەرپا دەکرێ، بەڵام خەڵک وحکومەت لەوە تێگەیشتن کە گەنجەکانیان زۆر لە سنووری ئازادییەکانیان گرنگترن وە لەو باوەڕەدام کە ئەم هەنگاوانە ئەگەر بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان ڕودەدات ، وە ئیرادەی گەنجانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لەو گۆڕانکارییە.[1]