ناونیشانی بابەت: ئەفسانەی نەمریی دیکتاتۆر
ئامادەکردن: #عادل قادری#
“تێڕامانێکی دەروونناسانە لە دەرکەوتنەوەی تارماییەکانی #سەددام حسێن#”
لە تێڕوانینی دەروونناسی کۆمەڵایەتیدا سەرهەڵدانی دیکتاتۆرەکان پێوەندییان لەگەڵ پێکهاتی کەونارای بنەماڵە و کەلتووری خێزانیی ئەو کۆمەڵگەیەوە هەیە کە بێگومان جەوهەری ئەم پێکهاتەیە لەلایەن ئایین و نەریتەوە دیاریی دەکرێن. ئایین و نەریت دوو لە هەرە جەمسەرە بەهێزەکانی تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ دونیا و دیاردە و بوونن و مەعریفە سەرەتایی و کۆنەکان هەم لە ڕێگەی ئەم دوو جەمسەرەوە خۆیان مانیفێست کردووە و هەمیش هەر لە ڕێگەی ئەم دوو جەمسەرەوە پاساویان بۆ بوون و ڕەوایی تێگەیشتنی خۆیان لە دونیا و گەردوون و دیاردەکانی هێناوەتەوە.
لە زۆر قۆناغی مێژووییشدا بەهۆی تایبەتمەندیی کەونارابوونیان، ئەم دوو جەمسەرە توانیویانە پشتگیر و پاڵپشتی یەکتر بن و هەندێ جار لە کراس و سوخمەیەکی یەکڕەنگدا پێکەوە دەرکەون و هەڵاواردنیان بەم ئاسانییانە نابێت. یەکێک لە بنەماکانی ئەم دوو جەمسەرە ڕیزلێنانی بێمەرج و سێودوو لە پێکهاتی خێزان و بنەماڵە و ملکەچبوونی هەمیشەیی و بێمەرج لەبەرانبەر (باوک) وەک ڕاگر و پارێزەری پێکهات و بازنەی ئەم خوان و خوێنەدایه، ئێمە لە ڕۆمانی (حەسار و سەگەکانی باوکم) ی شێرزاد حەسەندا بە ڕوونی و ڕاشکاوی و بە تەکنیکی بەهێز و کاریگەر ڕۆڵی باوک لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە و هەڵبەت خەساندن و لەباربردنی منداڵ و ڕۆڵە و دەسکەوت و بەر و داهاتەکانیشی دەبینین.
ڕەنگە ئەم ڕۆمانە ئەگەر بڵێین ئاوێنەیەکی باڵانوێنە بۆ پیشاندنی کۆی سایکۆلۆژییەتی منداڵکارانە و پێنەگەیشتوو و بەدەوی و لە هەمان کاتدا سادۆمازۆخیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە ئایینییە پێشنەکەوتووەکان، هەڵەمان نەکردووە، کارئەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە کە بێناویشه، و دەکات کوڕی گەورەی باوک لە گەورەترین ژن، بە هاندان و فیتی بچووکترین ژن بە بەڵێنێکی سۆزدارانە و عاشقانە و بە چەپڵەلیدانی هەموو خوشکە ڕاستەقینە و زڕخوشکەکانی، باوکی دیکتاتۆر، باوکی خەسێنەر و باوکی دیوار و حەسارساز دەکوژێت، بەڵام کێشەی سەرەکیی لێرەدا تەنیا بە باوککوژی و دیکتاتۆرکوژییەوە تەواو نابێت، بەڵکوو میراس و بەرماوەکانی باوک و دیکتاتۆر درێژایی ڕێگاکە و ئاسۆی دۆخەکە دیاری دەکەن.
ئەوەی مایەوە (سەگەکانی باوک) و خوێنی باوک بە دەستی کوڕە بوو، ئەگەرچی (حەسار) ە کانیان بەجێهێشتبوو و لێی دەرباز بووبوون، سەگەکان باوککوژیان ڕاودەنا، لەسەر درەخت، لەسەر دیوار، لەژێرزەمین، تەنانەت لە خەون و مۆتەکەشدا وازیان نەدەهێنا و بەدوای بۆنی خوێنی خاوەنەکەیاندا دەچوون، باوککوژ لە هیچ کوێ و هیچ شوێنێک نەیتوانی تامی ئارامییەکی ئاسایی و پشوودانێکی ڕۆژانەیی بچێژێت جگە لەژێر سەردابی گۆمەزی گۆڕستانێک.
شوێنێکی شووم و دێز لە تاپۆ و تارمایی کەلتوورێکی کەونینەیی و خوێناوی، زێوانی گۆڕستان بە مەرجی ئەوەی خوشکە پاکیزەکانی بداتێ ئیزنی ئەم خۆشاردنەوە و پشوودان و ڕزگاربوونە نیوەچڵەی لە دەست سەگەکانی باوک و خەونی خوێناوی باوک بە باوککوژ دەدات، ئەمە ئاسۆی پڕۆسە و کۆی دیمەنی دیکتاتۆرکوژی و بەدواداهاتە دەروونی و کردەکییەکانێتی، باوک وەک هێزێکی ڕاگر و پارێزەر و بەشداری پڕۆسەی ئافراندن لە ڕێگەی (دایک) ە وە لە کەلتووری ئایینی و میتافیزیکیی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەبینرێت و تا شوێنێک دەشێت وەک باوکێکی سرووشتی و فیزیکی ببینرێت کە کوڕ یان کچ بە موڵکی بێ ئەملاولای خۆی نەبینێت و نەزانێت، بەڵام کاتێ کە ئەمە هاتە ئاراوە واتە دەسەڵاتی بەدەوی و داگیرکارانە و کۆنترۆڵکەر واتە خواستی دیکتاتۆرییەتی باوک هاتە ئاراوە و بەدیار کەوت، ئارەزووی باوککوژیش دێتە کایەوە و ئەو مێژووە دووردرێژە لە باوککوژیمان هەر لە دونیان کەونارای یۆنانەوە تاکوو ئێستا بەم هۆیەوە لە بەردەستدایە.
دیکتاتۆرەکان دەرکەوتەیەکی ڕەمزیی و میتافۆڕیک و خوازەیی باوکن لە کۆنەستی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدا. مرۆڤێک کە حەز دەکات تا دواچرکەسات لە ئامێزی باوک (دایک) بمێنێتەوە و ڕزگاری و ئازادی وەک دوو بژاردە لە بەردەم ژیان و بوونیدا بە ئاسانی قبووڵ ناکات، کاتێک کە باوکیشی بۆ ئەو مەبەستە واتە هەڵبژاردنی ئازادی و ڕزگاری (با بڵێێن دەربازبوون لە حەسار و سەگەکان) کوشت، پەشیمانی و هەڵاتنێکی قووڵ و دوورودرێژ و پەنابردن بۆ ڕەگوڕیشە و پانتای ئایدیای پیرۆزیی و سەروەریی ئەبەدی و بێمەرجی باوک، دێتە کایەوە.
پانتایی پیرۆز واتە گۆمەز و میتافیزیک و زێوانێک کە پەردەی کچێنی وەک بەرتیلی ئەم زڕەڕزگارییە وەردەگرن، هەموو ئەمانە دیمەنێکی گشتیین لە دەروون و سایکۆلۆژیای بەشێک لە مرۆڤی ئێمە کە جیاواز لەوەی ناوەناوە بەهۆکاری جیاواز و سەیر و سەمەرە یادێک لە سەدام حسێن دەکەنەوە و هوتافی بۆ دەکێشن، و بۆ جوامێری و پاڵەوانێتی و مەردایەتییەکەی، ئاخ و ئۆف هەڵدەکێشن، هێشتاش بە هەواڵ و دیمەنێکی ساختە و درووستکراو (ڤیدیۆ-دەنگ) ەکەی سەدام حسێن و ترەمپ دەکەونە ناو ئەو خەیاڵاتە وەهمی و نەخۆشانەیانەوە کە گوایە سەدام زیندووە و بڕیارە بگەڕێتەوە! بەدەر لەوەی ئەوان ڕەنگە ئەم پرسیارەش لە خۆیان نەکەن کە ئەگەر سەدامیش زیندوو بێت دوای 19 ساڵ غیاب و تەمەندرێژبوون و دۆخی کارەساتباری ژیانی چۆنچۆنی دەتوانێت لە ئێراقێکی ئێستادا کە هەر لایەن و تایفەیەک دەعیەیەکی بۆ داهاتوو و پلانێکی بۆ نەوت و بوودجە پێیە، بگەڕێتەوە ئەمە باسی مەحاڵ و نەکردەکانە، گریمانەیەکی دەروونناسانەیە بۆ تێگەیشتنە لەو خەون و خەیاڵ و شێواوییه، ئارەزوو و حەزی کەلتوورێک بۆ گەڕانەوەی خوێنڕێژ و ئەنفالچی و تاوانبارێکی ئاوەها جگە لە نیشانەیەک بۆ نەخۆشیی و تێکچوونێک بەناوی مەرگپەرستی و دۆشداماویی و باوکپەرستی و نەبوونی ئیرادەی ڕزگاری و ئازادی، هیچی دیکەمان پێ ناڵێت، کە جەوهەری ئەم ئارەزووە باوەڕمەندی ئەم کەلتوورەیە بە ئوستوورە و پێگەی ئوستوورە لە جیهان و بوونیدا، ئوستووورەیەک کە پێکهات و تان و پۆی نەریت و ئایینەکەی تەنیوە.
ڕۆحی ئەم ئوستوورەسازی و ئەفسانەهۆنینەوەیە لە ڕاستیدا لەم تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ جیهاندا هەڵدەخێزێت کە هەمیشە (چاوەڕوان) ە لە ڕزگاریکەرەوە بگرە تاکوو بکوژ و جەلاد تاکوو یار و نەیار، وەفیق سامەڕایی لە پەڕتووکی (دەروازەی ڕۆژهەڵاتی) دا دەڵێت: “لە کۆتایی شەڕی نێوان ئێراق و ئێران و لە سەرەتای نەوەدەکاندا کوڕێکی 12 ساڵەیان هێنا بۆ لای سەدام و پێیان وت ئەم کوڕە دەتوانێت داهاتوو پێشبینی بکات و فاڵبینە، ئەم کوڕه، کوڕی بنەماڵەیەکی هەژار لە عەشیرەتی عوبەیدەیە. لەو کاتەدا کەس نەیدەتوانی وێنای ئەوە بکات کە ئەم کوڕە بێگوناهە سەدام بەرەو ئاڕاستەیەک دەبات کە دەبێتە هۆی ڕووخانی ئێراق و ڕووداوەکان و شەڕەکانی دواتر. کەس نەیتوانی لەوەی کە لەنێوان سەدام و ئەم منداڵەدا ڕووی دا ئاگادار بێتەوە جگە لە یەکێک لە خزمانی نێزیکی کوڕەکە و توانی هەندێک قسە و باسی ناو دانیشتنەکانی سەدام و ئەم کوڕەی بۆ دەرکەوێت.
بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی سەرەتایی بە بینینی توانایی ئەم کوڕە لە بیرکاریدا و لە ئاستی ڕەقەمە هەر زۆرەکان و ئەنجامدانی لێدان و د1ابەشکاریی بە ڕەقەمی زۆرەوە لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا سەریان سووڕما. لە مانگی ئەپریلی 1990دا سەدام لانی کەم مانگێک دووجار ئەم کوڕەی دەهێنایە لای خۆی و قسەی لەگەڵ دەکرد. ئەم کوڕە بە سەدامی دەوت کە لە مەودایەکی زۆر دوور دەنگێکی بەهێز و گەورە دێت و دەیبیستێت کە پێی دەڵێت: شەڕێکی گەورە بەڕێوەیە، شەڕێکی گەورە لە ئێراقدا ڕوو دەدات کە چوار قوڕنەی جیهان پێی دەلەرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر دەکوژرێن، لە میانەی ئەم شەڕەدا ناو و ناوبانگی سەدام لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و هەموان دەیناسن.
ڕێبەرانی وڵاتان لەم شەڕەدا هەڵدێن و ئێراق دەبێت بە دەوڵەمنترین و زەنگنیترین وڵاتی دونیا، بە شێوەیەک کە زەوینە وشک و برینگەکان دەبن بە دەشتە سەوزەکان و کێوەکان پڕ دەبن لەو باخانەی کە لە باخەکانی بەهەشت دەچن، کۆشکێک بۆ سەدام درووست دەکرێت کە بۆ ماوەی سەد ساڵ دەبێت بە زیارەتگە و شوێنی سەردانی خەڵکی دونیا، زانکۆیەکی گەورە و کاتژمیرێکی مەزن دادەمەزرێت کە بوونەوەرانی سەیر و سەمەرەی دیار و نادیار لە دەوروپشتی پارێزگاریی لێدەکەن) وەک لەم چیرۆکەی سامەڕاییدا دەبینین ڕاستە وەک لۆژیکی هۆکارێتی لە چیرۆکەکەدا دەشێت منداڵەکە بە هۆکاری لەناوچوونی سەدام بزانین، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە؟ و ئەگەریش ڕاست بێت جگە لە بەرهەمهێنانەوەی کەلتووری ئوستوورەپەرستی لە پێکهاتێکی خێڵەکی و کەونینەگرای عەرەبیدا چی دیکەی تێدایە؟ پێکهاتێکی کەلتووری و نەریتێکی ئایینی و ڕیچواڵێکی کۆن کە سەرهەڵدان و داڕمانی هەموو دیاردەکان پەیوەست دەکات بەهێزێکی دەرەعەقڵی و سەرووی ئیرادەی مرۆڤەوە، ئەم تێڕانینە بە هەمان ئەندازەی کەلتووری باوکپەرستی و ڕزگارنەبوون لە باوک ڕەگەزی ئوستوورەیی تێدایە و لە ڕاستیدا دەبێت بگوترێت گرینگ نییە باوکپەرستی بێت یان باوککوژی، ڕەگەزی ئوستووریی و غەیبانییەت لە هەر دوولا هەر ئەمەیە و لێرەدا بەر لەوەی بەرۆکی سەدام وەکوو بکوژ و جەلاد و تاوانبار بگیرێت دەبێت ئەو کەلتوورە بنەماکەی هەڵتەکێنرێت کە کوشتن و ڕزگاری و بوون و نەبوون و شەڕ و ئاشتی بە ئەفسانە و ئوستوورەگەلێکەوە دەهۆنێتەوە کە لە سەرووی دەسەڵات و ئیرادە و هێزی عەقڵی مرۆڤەوەیە.
ئەویش بۆ سەدامێک کە بە ئیرادەگەرێتییکی ڕادیکاڵەوە کوودەتای کرد و ویستی نیوەی ئێراق لە بیابانەکان دەفن و زیندەبەچاڵ بکات تاکوو جگە لە ئیرادەی خۆی و #بەعس# و بەعسیزم هیچ شت و کەسێکی تر نەتوانێت ئیرادەی خۆی دەرخات بۆیە دەشێت بڵێین دیکتاتۆرەکان سەرهەڵنادەن بەڵکوو درووست دەکرێن. دیکتاتۆرەکان ناگەڕێنەوە، بەڵکوو زیندوو دەکرێنەوە، لەلایەن ئەم کەلتوورە و ئەو خەڵکەی کە لە ناو ئەو پێکهاتە ئوستوورەیی و غەیبانییەدا تەسبیح و زیکری خوێن و خەون و مۆتەکە دەڵێنەوە. [1]