ناونیشانی بابەت: بیرکردنەوە لە ئەنفال، لە ساڵڕۆژی هۆلۆکاست
ئامادەکردن: #عادل قادری#
ئاماژەیەکی خێرا دیسانەوە ساڵڕۆژی قڕکردنی جوولەکەکان هاتەوە و زام و گرێی ئەنفالیش خۆی نیشان دایەوە، و کێشەکە ئەوەیە ئێمە تەنیا ئەنفال لە ئاوێنەی نواندن و گێڕانەوەی کارەساتێک بخوێنینەوە کە نە لە کۆنتێکستی مێژوویی ئێمەدا مانای وردی خۆی وەردەگرێ و نە تەعبیرێکی ڕاستەقینە دەکات لە واقیع و ڕۆحی ئەنفال، کۆمەڵگە، خەباتی سیاسی و دۆخی ئابووری و ژئۆپۆلەتیکی کورد.
“هۆلۆکاست” ئەنجامی هەوڵی جوولەکە بۆ جیهانیکردنەوەی پرسی خۆی و کارەساتەکەی بووە، ئایا کورد چیی کردووە بۆ ناساندنی “ئەنفال”.
(گەڵاڵەکردنی چەند پرسیار)
کەواتە؛ دەبێ سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ خودی “ئەنفال” و هۆکار و هەلومەرج و سیستەمێک کە پیادەی کرد و ئەو هاوکێشە سیاسی و ڕەگەزە کولتووری و دەروونییەی کە خواستی سڕینەوە و قوربانیکردنیان بە شێوەیەکی بەرفراوان مانیفێست کرد! خۆ-لادان لەم ڕاستییە لە پلەی یەکەمدا نیشانەی هەڵهاتنە لە خودی واقیعی “ئەنفال” و پشتتێکردنی و چاو نوقاندن بەسەر ڕیزەچاڵ و قەتارەقیژە و زریکەکاندا و سەرنجدانە بە کوورەکان و سووتاندنە تەواو و گشتییەکانە لە ئۆردووگاکانی؛ ئاشۆیتس و بیرکناو، داخائۆ، مایدانک، خێلمنو و…خودی هۆلۆکاست لە ڕووی وشەناسییەوە لە زمانی یۆنانیدا بە واتای “تەواوسووتاندن” یان”سووتاندنی کامڵ” دێت و لە زمانی عیبریشدا زاراوەیەکی ئایینییە کە بە واتای قوربانیکردنی ئاژەڵێکی نێرە بەپێی نەرێتی ئایینی جوولەکە. وەک دەردەکەوێت هەر لە سەرەتاوە لە ڕووی ناونان و چەمکسازییەوە ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ زمان و پێکهاتی زەینی و ئایینی و کولتووری خۆیان یەکەم ئەکتیش لێرەوە دەستی پێ کردووە، حاشا لەوە ناکرێت کە هۆلۆکاست و ئەنفال (نەک بە ژمارە و شێوازی پیادەکردن و دۆخی جێبەجێکران و پێوەرە جیاوازەکان، نەک بەپێی فرەنەتەوە و تاق و توێژ و لایەنە سیاسییە جیاوازە قوربانی بووەکان کە نێزیکەی یازدە ملیۆن جوو، پۆڵۆنیایی، هاووڵاتییانی مەدەنی یەکێتی سۆڤیەت و دژبەرە ئایینی و سیاسییەکان و تەنانەت قەرەجەکان و هۆمۆسێکشواڵەکانیشی لەخۆ دەگرت) بەڵکوو لە قووڵایی زامێک کە لە برینی نەتەوەیەک و حەشامەتێکی ئینسانی دەکەوێت هاوبەشن، بەڵام ئێمە دەبێ هەڵوێستەیەک بکەین و لەمە ورد ببینەوە کە ئایا تێڕامان لە ئەنفال و بنیاتنانی جۆرێک لە ئەنفالناسی دەبێت لە ڕێڕەوی هۆلۆکاستەوە بێت؟
=KTML_Bold=ئەنفال و هۆلۆکاست:=KTML_End=
لەبارەی “ئەنفال” زۆر کراوە و فرە وتراوه، بەڵام هێشتا کەمە و تا ئێستە بە باڵای ئەو ڕووداوە هەر کوورتە! لێرەدا دەمەوێ چەند شتی خێرا لە ساڵڕۆژی “هۆلۆکاست” کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی و نێوان ساڵەکانی (1941-1945) ڕووی دا و بە قڕکردنی جوولەکەکان زیاتر ناسراوە و زۆرترین قوربانیش لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە هەر ئەوان بوون، لە بارەی ئەنفالەوە بڵێم. “ڕۆژی 27ی ژانڤییەی هەموو ساڵێک بیرخەرەوەی پاکتاوکردنی جوولەکەکانە بە دەستی نازییەکان کە بووە هۆی قڕکردنی 6 ملیۆن کەس و مەرگی 3 میلیۆن کەمئەندام. لە ڕێکەوتی 1ی نۆڤەمبەری ساڵی 2005 لە میانەی 42 هەمین دانیشتنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک دەرکرا کە ئەم بڕیارە دوای دانیشتنێکی تایبەت لە 24ی ژانڤییەی ساڵی 2005 پەسەند کرا. بە پێی ئەم بڕیارە کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شەستەمین ساڵڕۆژی ئازادبوونی ئۆردووگاە زۆرەملییەکانی کار و کۆتاییهاتنی هۆلۆکاستی ڕاگەیاند. لە 27ی ژانڤییەی ساڵی 1945 ئۆردۆگای ئاشۆیتس گەورەترین ئۆردۆگای مەرگی ئاڵمانی نازی، لەلایەن ئەرتەشی سوورەوە ئازاد دەکرێت. بەپێی بڕیاری 7/60، ڕۆژی نەتەوەیی بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی قوربانییەکان لەلایەن “ڕۆمان هریستوگریس” سەرۆکۆماری فیدراڵی ئاڵمان پەسەند کرا. ئەمساڵ حەفتاو شەشەمین ساڵڕۆژی کۆتایی هاتنی هۆلۆکاستە.”
ئەم ڕستانە؛ ئەو ئەنجامەمان پیشان دەدات کە “هۆلۆکاست” چی بووە و چ دەسکەوتێکی بۆ جووەکان و چ بە دواداهاتێکی بۆ ئاڵمانییەکان و بە گشتی جیهان هەبووە؟ هۆلۆکاست چ پێناسەیەکی وەرگرتووە؟ ئەگەر بەدەر لە تێکەوتنە باوەکان تۆزێک لەسەر ئەم ڕستانە لەبارەی هۆلۆکاستەوە بیر بکەینەوە، تێدەگەین کە لە بنەڕەتدا هەڵسەنگاندنی ئەنفال لە ڕێگەی هۆلۆکاست و بەراوردکردنیان جگە لە کوێرەڕێیەک بۆ هەڵاتن لەوەی کە زیاتر دەبێ بیر لە ئەنفال بکرێتەوە، زۆرتر دەبێ ڕەهەندەکانی بخوێندرێتەوە و فرەتر دەبێ، بەدواداچوون بۆ بەڵگەکان بکرێت و هەروەها زیاتر لە کۆمەڵگەی دوای “ئەنفال” بیر بکەینەوە و بە واقیعبینی قسە بکەین، شتێکی دیکە نەبووە، ئەمە دەریدەخات؛ ئێمە ئەو سووژە و بکەر نەبووین کە ئەنفال لە ناو زەمینەی مێژوویی خۆی و پەیوەست بە کۆمەڵگە و گەلی خۆمان بخوێنینەوە، ئەمە پێمان دەڵێت؛ ئێمە هێشتا ئەنفالمان نەناسیوە، زام و ئازاریمان بەرکەوتووە، پێی گریاوین، خەیاڵی تۆقێنەر و مۆتەکەی جیاوازمان هەبووه، بەڵام نەبووە بە وشیارییەکی دەستەجەمعی و تێڕامانێکی شوناسبەخشانە، ئەنفال لە پانتای گشتیدا جگە لە کۆمەڵێک چاوەڕوانی دایکان و باوکان، پیرەپیاوان و پیرەژنانی کۆماوە و گاڵۆکبەدەست، جگە لە هەزاران گوندی ڕاگوێزراو و تەختکراو کە تەنانەت نووستالیژیا و ڕابردووی خەیاڵئامێزی ئێمەشی بۆ خاک و شوێن و زێد کوشت، جگە لە کڕووزانەوەیەکی جێگەی بەزەیی هیچی دیکەی لێ شین نەبووه! ئایا دەبێت یەخەی کێ بگیرێت لە ئاوەها دۆخێکدا کە “ئەنفال” خەریکە ڕەهەندە ئینسانی و شوناسبەخشە نەتەوەیی و گەردوونییەکی دەدۆڕێنێت و خەریکە دەبێت بە یادکرنەوەیەکی ئاسایی و بەتاڵ لە دەلالەت، وەکوو ڕۆژێک کە لە ناو ڕۆژمێردا هێڵێکی بەدەوردا دەکێشین بۆ ئەوەی لە بیرمان نەچێت کەیە؟ ئایا ئەم حاڵەتە یادهێنانەوە و بیرکردنەوە و گێڕانەوەی ئەنفالە؟ شتێکی میکانیکی و یادداشتکراو؟ بۆ ئەوەی لەبیر نەچێتەوە! ئەم “لەبیرکردنه” خۆی ئاماژە بە چییە؟ ئایا لەبیرکردنێکی تەواوە؟ پڕۆسەیەکی ئاسایی فەرامۆشییە و تۆزی زەمەن لەسەری نیشتووە یان ترۆما و شۆکی ڕووداوەکە وەها ئەنفالی گۆشەنشین و نامۆ کردووە؟ ئەمە ئەو باس و پرسانەن کە ئێمە دەبێت لە ڕووبەری گشتی و ناو جەماوەر و دۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردیدا لەسەریان بوەستین و بە شوێن وەڵامدا بین بۆیان.
=KTML_Bold=ئەنفال و دەسەڵاتی کوردی:=KTML_End=
لە ئاستە سیاسییەکەیدا، ئێمە دەتوانین چ پرسیارانێک گەڵاڵە بکەین؟ ئایا سیستەمی سیاسی کوردستان بەرپرسە یان ڕوونتر بڵێین بەرپرسی سەرەکییە لەوەی کە ئەنفال نەبوو بە چەمک و پێوەرێکی ئەخلاقی-سیاسی تا هەناو و ئاڕاستەی سیستەم بپارێزێت و دیاری بکات؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕوانگەی منەوە بەڵێیە، بۆچی؟ یەکەم ئەوەی کە خودی “ئەنفال” زنجیرە پەلامارێکی سیستەماتیک بوو کە لەلایەن #بەعس#-ەوە دژی نەتەوەیەک کرا، خودی ئەمە پەرچەکردارێک بوو لە هەمبەر خەبات و سیاسەت و شۆڕشی سیاسی کورد، واتە دژی بوونێک کە بە شۆڕش خۆی مانیفێست دەکرد! ئەگەر یەکێک بڵێ عەرەب لە مێژوودا هەر وەکوو ئەکت و تێز دژ بە نەتەوەکانی دیکە بوون و ئەم کارەیان ناچێتە خانەی پەرچەکردارەوە ئەوا دەبێ لە وەڵامدا بڵێین کە ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت و وەکوو گریمانە یان تەنانەت ڕاستییەکیش قبووڵی کەین، کێ دەتوانێ لەو قۆناغەدا بڵێ ئەگەر هێزە سیاسییە کوردەکان و شۆڕشە کوردییەکان نەبوایان بە گرێیەکی قوورس و قایم بە سەر دڵی بەعس و ئێراقەوە ئەوان دەستیان دەدایە ئەو کارە؟ لێرەدا ئێمە ئەگەر تەنانەت لە ڕوانگەی ئەوانەشەوە ئەنفال بخوێنینەوە دیسان لە بەرپرسیارییەتی یەکەمی دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردی وەکوو پارێزەری ئێستای دونیای مادی و مەعنەوی هاووڵاتییان کەم ناکاتەوە، کەواته؛ دەسەڵات و حکومەتی کوردی بەدەر لەوەی وەکوو لایەنێکی شوناسمەندانەی کوردی لایەنێکی شەڕ و جەنگ بووە دژی هێز و ئیرادەی ئەنفالکەر، ئەوا بەرپرسە لە چارەنووسی ئەو خاک و هەرێم و خەڵک و خوایەی کە شەڕی لەپێناو ئازادکردنیاندا کردووە. لەم ڕەهەندەی ئەنفالەوە دەتوانین بیر لە کۆمەڵگەی پاش ئەنفال و دامەزرانی دەسەڵاتی کوردی بکەینەوە. دەسەڵاتی کوردی هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنییەوە لە ماوەیەکی کوورتدا وێنەیەکی هەللاهەلاکراو و لێکدابڕاوی لە خۆی پیشاندا، هێزانێک کە پێش ئێستە بە شێوەی ڕێژەیی هاوپەیمان و یەکگرتوو بوون و دژی دوژمنێکی هاوبەش خەباتیان دەکرد، ئێستە خەریکن دەبن بە دوژمنی قەستەسەری یەکدی، ئایا نەدەکرا پێش بە وەها دۆخێک بگیرێت و شەڕی ناوخۆ هەرگیز ڕوی نەدابایە؟ ئایا ئەمە ئەنجامی بەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە شەپۆلە دەروونییەکانی ئەنفال و بەدواداهاتە ئەخلاقییەکان لە ناو کۆمەڵگەی پاش ئەنفالدا بوو؟ ئایا ڕوودانی شەڕی ناوخۆ ڕەوتێکی لۆژیکیی ئازادکردن و گەشەی کێسەڵئاسای کۆمەڵگە و جڤاکێکی وێرانە و شەقارشەقار بوو یان درێژکراوەی شۆکێکی ناوشیار بوو کە لە پێکهاتی سیستەمی سیاسی کوردیدا ئیرۆس و تاناتۆس (ژیان و مەرگ) ی پاشماوەکان و کۆمەڵگەی پاش ئەنفال دیاریدەکات؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە بە و ئاڕاستەیەدا بدەینەوە کە ئێمە دەمانتوانی باشتر بجووڵیینەوە لە ئیدارەکردنی کۆمەڵگە و قووڵتر خوێندنەوەی “ئەنفال” و بەپێوەرکردنی ئەخلاقی و سیاسییانەی “ئەنفال” ئەوا ئێمە باوەڕمان بە ئیرادەگریی لە پراکتیکدا هەیە و خۆمان بە سووژەیەکی خاوەن نیگا و مەعریفە دەزانین، کە دەتوانین نیگاکانمان پراکتیزە بکەین، ئەگەریش باوەڕمان وابێت کە ئەم شەڕ و کاولکارییە هەر دەبوو ڕوی بدایا و قۆناغێکی تێپەڕی کۆمەڵگەی کوردی پاش هاتنەخوارەوەی هێزە سیاسییەکان لە شاخ بوو، ئەوا دەبێ خۆمان لەوانە بزانین کە قەدەرگرایی نێگەتیڤ و باوەڕ بە بێ دەسەڵاتی و لە ڕەهەندێکی دیکەدا خەمۆکیی عەقڵی ئەوەی لێ ئەستاندوونەتەوە کە بەشێک بین لە ئیرادە و هێزی ناو ساحە و کایەکانی مێژوو، بەشێک بین لە گۆڕان و چاکسازی و درووستکردن و بوونیاتنانەوەی کۆمەڵگە، کەواتە ئەوەی لە ئاستی تێڕوانینی سیاسی و ئاڕاستەی سیستەمی سیاسیدا پێی وایە دەکرا ڕێگە بە زۆر ڕووداوی ناخۆش و خوێناوی وەکوو شەڕی ناوخۆ (درێژەی ئەنفال لە ناو کۆمەڵگەی پاش ئەنفال) بگیرێت ئەوە ئەو تێڕوانینەیە کە کڵاو ڕۆژنەی هیوای بەڕیوەبردن و تێگەیشتنێکی شوناسمەندانەی ئیرادە تەوەرە کە دەشێت برینەکان ببینێت و هەوڵ بۆ ساڕێژکردن و تیماریان بدات.
جا بێینە سەر باسی ئەوەی کە ئەگەر بکەرانی شەڕی ناوخۆ هەڵگری تێڕوانینێکی مەعریفی و ئەخلاقمەندانە لەو هەموو کارەسات و ڕاگواستن و زیندەبەچاڵ و بێ سەروشوێنکردن و ئەتک کردنەی خەڵک و گەلەکەیان بایان، شەڕ دەهاتە ئاراوە؟ ئایا کۆمەڵگەی پاش ئەنفال و سیستەمی سیاسی پاش ئەنفال بەرپرس نییە لە نەخوێندنەوە و فامنەکردنی ڕەهەندە کولتووری ئەخلاقی و و شوناسمەندانەکەی ئەنفال؟ ئەگەر ئەنفال دابەزێنینە سەر درووستکردنی هەندێ خانووبەرەو شوقەی بەردین و کۆنکرێت بۆ قوربانیکراوانی “ئەنفال” ئەوا با بزانین هیچ کە لە کارەساتەکە تێنەگیشتووین بەڵکوو خەریکین مامەڵەیەکی سەرمایەدارانە و کاپیتالیانە لەگەڵ بابەتێکی ئەخلاقی و ئینسانیدا دەکەین! قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و خزمەتکردنی کورد و هاووڵاتییانی کورد ئەرکێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگری هەر دەسەڵاتێکە کە ئەم گەلە لە پشتی بووە و خەباتی بۆ کردووە. ئایا هەر ئەم خەڵک و گەلە، هەر ئەو جووتیار و گوندنشین و ئاژەڵدارانە نەبوون پشتیووانی شاخ و شۆڕش و پێشمەرگە بوون؟ ئایا گوندەکان بەهۆی دۆخی شۆڕشگێڕێتی و بنەڕەتی شوناسی کوردانە و پێکهاتی پتەوی کۆمەڵگەی کوردی نەبوون کە بە شۆڤڵ تەخت کران؟ دانیشتوانی ڕاگوازران و ئەنفال کران؟ هەموو ئەم پرسیارانە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەمانبات کە ئەرکی دەسەڵاتی کوردی بۆ شوناسمەندکردنی ئەنفال و گەورەکردنی ڕەهەندە ئینسانی و ئەخلاقییەکانی لە پانتای سیاسەتی پراکتیکی خۆیدا لە پلەی یەکەم دابنێین.
=KTML_Bold=ئەنجام:=KTML_End=
لە و دێڕانەی سەرەوە کە لەبارەی “هۆلۆکاست” هاتووە ئەنجامی هەوڵی جوولەکە بۆ جیهانیکردنەوەی پرسی خۆی و کارەساتەکەی نەک تەنیا ڕەهەندێکی گشتگیری مەعریفی و ئینسانی لێبۆتەوه، بەڵکوو بووە بەپێوەرێک بۆ ئینسانیبوونی یاسای نێودەوڵەتی، بووە بە بەشێک لە یادەوەریی مرۆڤی سەردەم، وایکردووە کە “هۆلۆکاست” بووە بە شا چەمکی نێو گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەی کە هەر یەکە و بە جۆرێک پەیوەستن بە پاکتاوکردن و قڕکردنەوە. کاتێک وڵاتی “ئاڵمانیا” لە یاسای خۆیدا هۆلۆکاست بە ژینۆساید و پاکتاوکردن ناو دەبات کەواتە بەشوناسکردن و یونیڤێرساڵکردنی ئەو ڕووداوە بە سەرکەوتوویی گەیشتۆتە ئەنجام، خاڵی جێی سەرنج ئەمەیه؛ کە نە جوولەکەکان و نە یاوەران و هاوپەیمانە ڕۆحی و نێودەوڵەتی و سیاسییەکانیان بەمەش ڕازی نین و هەر خەریکی هەڵکۆڵین و یادکردنەوە و گێڕانەوەی چرکە بە چرکەی لێکەوتوویی و ئەزموونکردنی هۆلۆکاستن، و تێڕوانینی درووستیش هەر ئەمەیە. هیچ کەس ناتوانێت و لەو پێگەیە وجوودی و مەعریفییە و سیاسییەدا نییە کە کارەساتەکە و ئەزموونی قوربانیان بە مامەڵە و دانووستانێکی سەرمایەدارانە و مادییانە بەرەو ئاڕاستەی بێ ماناکردن و لەبیربردنەوەی ببات! باشە دایکانی “ئەنفال” وێنەیەکی واقیعین یا خەیاڵین؟ ئایا دابینکردنی ژەم و مووچەیەکی نیوە ناتەواو دەتوانێت چی تیمارێک بنێتە سەر ئەو بۆشاییەی کە لە ڕۆح و گیانیان درووست بووە؟ تەیموور وەکوو دواپاشماوەی شەپۆلی ئەنفالکردنی ژنان و کچان کە دەکرێ دونیایەک گێڕانەوە و شیکاری دەروونناسانە و ترۆمای تایبەت بە ڕووداوەکە و خەون و مۆتەکەی لێ وەخێزێت، لە کوێیە؟ بەڕاستی دەسەڵاتی کوردی چۆن دەڕوانێتە ئەنفال؟ ئایا دەسەڵاتی کوردی بەدەربڕینێکی نیچەییانە ئەوەندە چاوی لە ئەنفالکەران و چاڵە قووڵەکە بڕیوە کە چاڵە قووڵەکەش ڕۆشتۆتە قووڵایی ئەوەوە و خەریکە نەخوازراو لە فامی برین و قووڵایی ڕەهەندەکانی ئەنفال خۆی دەدزێتەوە؟ ئایا دەسەڵاتی کوردی بکەرێکی بەرکارە کە زامی ئەنفال سەرکوت دەکات؟ ئایا شتە سەرکوتکراوەکان بە وتەی فرۆید ڕۆژێک هەر ناگەڕێنەوە؟ تا ئەو ڕۆژە دەبێ چی بکرێت؟ [1]