ناونیشانی بابەت: پڕۆسەی بێبەشکردنی بەشێک لەمامۆستایان
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
لەناو پڕۆسەی پەروەردە و بەشەکانییدا، چەند ساڵێکە هەست بە ستەملێکردن دەکرێت لە بەشێکی گرنگی توێژی مامۆستایان، هەرپرسێک و شێوازێک بێتە ئاراوە بە مەبەستی گۆڕانکاری و دیاریکردنی ئاست و پلە و پۆستە پەروەردەییەکان، ئەم جیاکاری و بێبەشکردنە هەستی پێدەکرێت و گەیشتۆتە کۆنگرە و بڕیارە پەروەردەییەکانیش.
هەندێکجار بڕیار دەرکردن و ڕاسپاردە ئاڕاستەکردن، ئەگەر بەووردی و خەمخۆری و بەدواداچوون و شەنوکەوکردن نەبێت، پێچەوانە دەبێتەوە و زیانی زۆرتردەبێت لە سوود.
ماوەی چەند ساڵێکە پڕۆسەی پەروەردە بەگشتی خەریکی بێبەشکردن و پەراوێزخستنی بەشێکی زۆری مامۆستایانی خۆیەتی، لەم ماوەیەدا چەند مامۆستایەک پەیوەندیان پێوەکردووم و سکاڵای خۆیان لەلا باسکردم، منیش بەڵێنم پێدان کە ئەم گرفتە لەوتارێکدا بخەمەڕوو، تا وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزارەت چاوێک بەم زوڵمەدا بخشێننەوە و چارەسەری بکەن، چونکە بەچارەسەرنەکردنی گرفتەکە گەورەدەبێت و دەبێتە لایەنی شکست و دواکەوتن و ڕۆچوون بەناوغەدرێکی پەروەردەیی کە کاردانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و زانستی لێدەکەوێتەوە.
هەرکاتێک نادادی خۆی بخزێنێتە ناو هەرکار و پڕۆژەیەکەوە، وەک کرم چۆن لە درەختێک دەدات و کرمۆڵی دەکات و درەختەکەش تەمەنی کوورت دەبێت، کاتێ بەوماوە کوورتە وێرانەیەک درووست دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە، دادپەروەری و ڕاستی تەمەنی پڕۆسەکە درێژ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستە خەلیفەی موسوڵمانان (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) وتوێتی: ( دۆخی نادادپەروەری ساتێکە، بەڵام دۆخی حەقیقەت و ڕاستی تا ڕۆژی دواییە) .
=KTML_Bold=دێمە سەروتنی ڕاستی ئەو بێبەشکردنەی بەرانبەر مامۆستایان دەکرێت و کراوە:=KTML_End=
لەبڕیار و ڕاسپاردە پەروەردەییەکاندا، ئاماژە بەمەرجەکانی وەرگرتن و بەشداریکردن لەوبەش و پۆست و پلانەدا دەکرێت، زۆربەیان ئاماژە بەبوونی بڕوانامە دەدرێت کە پێویستە بەکالۆریۆس بێت، بەبروای من غەدرەکە لێرەوە دەست پێدەکات، چونکە ئەو مامۆستایانەی هەڵگری بڕوانامەی (بەکالوریوس) ن زۆرکەمترن لە ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی (دبلۆم) ن، بەپێی یاساو دیسپلینی پەروەردەیی و بەشەکان لەباخچەی ساوایان تاقۆناغی پێش زانکۆ بۆ هەربەشێکیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، دەکرێ کەسێک بڕوانامەی باڵاشی هەبێت لە هەربەشێکیان پیشەی مامۆستایی بکات، لەم چەندساڵەی ڕابردوودا ویستویانە لەپەروەردەکاندا چەندکورسییەک بۆسەرپەرشتیاران دابنێن، هەرچەندە بۆکاری سەرپەرشتیکردنی قۆناغی بنەڕەتیش بووە، هەرداوای بڕوانامەی بەکالوریۆس کراوە، یان لە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی چەند خاڵ و مەرج دانراون تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگە مەرجە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، من لێرەوە ئەوهەڵەیە بۆ ئەوکەسانە ڕاست دەکەمەوە، کە ناکرێت و نابێت بەهیچ جۆرێ لە ناوپڕۆسەی پەروەردەدا بۆ پلەوپۆستێک ىڕوانامە بکرێتە مەرج چونکە =KTML_Bold=ئەگەر وەزارەتی پەروەردە دان نانێت بە بڕوانامەی دبڵۆم چۆن و بەچ یاسایەک ئەوکەسانەی دامەزراندووە بە پیشەی مامۆستایی؟=KTML_End=
لەلایەکی ترەوە دەرچووی ئەو پەیمانگایانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە باشتر و چاکتر و گونجاوترن بۆ مامەڵەی کاری پەروەردەیی چونکە ئەوانە چەندساڵێک دەروونزانی گشتی و دەروونزانی منداڵ و هەموو شیوازەکانی وانەوتنەوەیان خوێندووە و ڕاهێنراوون، ناکرێ و ناشێ ئەوانەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە و هەیە لەناو کایەو پڕۆسەی پەروەردەدا پەراوێزبخرێن.
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان و کەسە پسپۆڕ و شارەزا و تایبەتمەندەکانی بواری گەندەڵی، بەتەنیا بەهەدەردانی سامان و پێگە گەندەڵی نین، بەڵکوو نادادپەروەری و ستەمیش هەردەچنە خانەی گەندەڵییەوە، لەم بارەوە نووسەری ناودار (نەجیب مەحفوز) بەباشی جۆرەکانی گەندەڵی دەستنیشان کردووەو بەم جۆرە دەڵێت: (گەندەڵی زانایان لە بێباکییەوەیە، گەندەڵی دەسەڵاتداران لە نادادپەروەرییەوەیە، گەندەڵی هەژاران لە دووڕووییەوەیە) .
ئەو بەشانەی کە بڕوانامەی دبلۆمیان لێوەرگێڕاوە، ئەم شوێنانەن (پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان (تێکەڵ) ، پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کوڕان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کچان) ئەم شوێنانە بەباشی کاری خۆیان کردووە و مامۆستایانیان بەجوانترین شێوە پێگەیاند، جگە لەبەشە پیشەییەکان (ئامادەییەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی) کەبەپێی هەلومەرج و پێویستی بەپیشەی مامۆستا دامەزراون، دیارە ئەمانیش هەر بێبەش دەکرێن لەو پلەوپۆستە پەروەردەییانەی لەم کاتانەدا دادەنرێن.
لای زۆربەی پەروەردەکاران و شارەزایانی فەلسەفەی پەروەردە، ئەو پێوەرەی ئێستای وەزارەتی پەروەردە، جێی نابێتەوە لەناو کایە درووستەکە و پلانە زانستییەکاندا، چونکە ئەو مامۆستایەی زیاد لە دە ساڵ خزمەتی پەروەردەی کردبێت، هێندەی دووجار بەرتەقای بڕوانامە ئەزموون و شارەزایی پەیداکردووە، جگە لە خواست و حەزوویست کە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن بۆ بەرزکردنەوەی توانا و لێهاتوویی کەسەکە، مامۆستای سەرکەوتوو ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت لەکایەی پڕۆسەکەدا، لەم ڕووەوە، نووسەر و کەسایەتییەکی وەک (عەبدوڵڵا عەبدولکەریم ئەلسەعدون) دەڵێت: (مامۆستایەکی سەرکەوتوو گرنگترین پایەی بنیاتنانی پەروەردەیەکی سەرکەوتووە) .
دەکرێت وەزارەتی پەروەردە چەند پێوەرێک دیاری بکات بۆ دانان یان وەرگرتن لەو پۆست و پلە پەروەردەییانەدا مەرج نییە بڕوانامە بێت، دەکرێ گرنگی زیاتر بە (ئاستی خزمەت و شایستەی زانستی و هەڵسەنگاندنەکان و سزا و سەرپێچییەکان و ڕێز و سوپاس) بدریت، من ئەمانەم وەک ئەنکێت و شێوازی داخوازیەکە پۆلێن نەکردووە، تەنیا ئاماژەن بۆ گرنگیدان بەمانە کارەکە باشتر و سەرکەوتووتر دەکات.
هەموو ئەوخاڵانە دەکرێت نمرەی لەسەر دابنرێت، نموونە مامۆستایەک سزا و نەهاتووی هەیە خاڵی لێدەشکێت، یان ڕێز و سوپاسی هەیە خاڵی بۆ زیاد دەکرێت، لەسەر ئەم پێوەرانە دەتوانرێت باشترین مامۆستای خاوەن ئەزموون لەو شوێنانە دابنرێن.
ناکرێ وەزارەتێک بەشێکی گرنگ و گەورەی خۆی بخاتە پەراوێزەوە، تەنیا لەبەرچەند هۆکارێکی لاوەکی و دوور لەبنەما زانستییەکان، ناکرێ ئەوانەی لەڕۆژە سەخت و گرانەکاندا لەگەڵ نیشتمان و گەلەکەیان بوون ئێستا بخرێنە لاوە.
ئەوەندەی من بەچاوی زانستی و پەروەردەی هاوچەرخ سەیری پڕۆسەی پەروەردە دەکەم، کاری خراپەکاران ، هاوشێوەی ستەمکار بەسەر دنیای پڕ خەون و ئاواتەکانی ئەم نەتەوەیەوەیە، بەداخەوە نادادی دەبەخشرێتەوە، کە بۆ دڵسۆزان بووەتە مۆتەکەیەکی گەورە، (ئەفلاتونی فەیلەسوف) وتوێتی: ( گەورەترین خراپە جگە لە ناعەدالەتی ئەوەیە کە ستەمکار باجی نادادپەروەرییەکەی نادات) .
بەپێی ئەزموون و کارمان لەناو دونیای جوان و پاک و بێگەردی پەروەردە، هەرچی ببینین و بەباشی بزانین، دەست خۆشی دەکەین و ئەوانەشی جێی سەرنج و ڕەخنەن، بێگومان دەبێ هەڵوێستەیان لەسەربکەین بە مەبەستی خستنەسەر ڕێگە ڕاست و درووستەکە، چاوەڕوانی هیمەتی دڵسۆزانین تا ئاوڕ لەم نادادیە بدەنەوە و نەیهێڵن. [1]