سەرۆکایەتی کۆمار و تیمێکی یاسایی یەکێتی لە بەغدا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆژە یاسایەکن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس کە تایبەت بووە بە هەموو بە زەوی و گۆڕانکاری لە خاوەندارێتی زەوییەکان و گرێبەستی کشتوکاڵی زەویەکان.
ئامانجی یەکێتی لە پڕۆژە یاساکە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعسە. کە لە ساڵی 1968 تا 2003، ژمارەیەکی زۆر بڕیاری دەربارەی گۆڕینی ڕەگەزی زەوی و خاوەندارێتی و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زەوی داوە و ئێستا گرفتی گەورەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی درووست کردووە بەتایبەت بۆ جوتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک.
پڕۆژەکەی یەکێتی لە ڕێگای سەرۆک کۆمارەوە پێشکەشی پەڕڵەمان دەکرێت. یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگای ئەو پڕۆژەیەوە کۆتای بەکێشەی داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان بهێنێت لە پارێزگای کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان.
لە بەدواداچوونی تیمێکی یەکێتی بۆ کێشەی زەوی جوتیاران لە کەرکووک دەرکەوتووە هەر ناوچەیەک گرفتەکەی لە ڕووی یاساییەوە لە گرفتی ناوچەیەکی تر جیاوازە و سەدان بڕیاری جیاواز دراوە و ناتوانرێت سەرجەم بڕیارەکان ڕابگیرێت تەنیا دەکرێ لە ڕێگای پڕۆژە یاساکەوە هەموو بڕیارەکان هەڵبوەشێنرێتەوە. [1]