ناونیشانی بابەت: تەختەی شەترەنجی نەوت لە ئێراق؛ وزە، سیاسەت، دەسەڵات.
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
کاتێک لە ئۆکتۆبەری 2022، لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر کیشەی سنوورە ئاوییەکانیان (کێڵگەی گازیی کاریش) ڕێککەوتن، ئاژانسەکانی جیهان بەشێوەیەکی سەیر لەم ڕووداوەیان دەڕوانی، لە یەک کاتدا سەرۆکی حیزبوڵا “حەسەن نەسروڵڵا”، سەرۆک کۆماری لوبنان “میشیل عەون”، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل “یائیر لاپید”، یەکێتی ئەوروپا، ئێران هەریەکەیان لای خۆیەوە خۆی بەسەرکەوتوو دەزانی، هەموویان خۆیان بە سەرکەوتوو زانی. ئەمە ڕێککەوتن بوو؛ لەکاتێکدا حیزبوڵا خۆی ئامادەکردبوو لە هەفتەیەکدا (3000) هەزار مووشەک دژی ئامانجە ئابوورییەکانی ئیسرائیل دەریای ناوەڕاست بتەقێنێت. بازاڕی وزەی جیهانی ئەم ڕووداوەی دەریای سپی ناوەڕاستیدان بە هەڕەشەیەکی گەورە دەبینی. کاتێک ڕێککەوتنەکە ئەنجامدرا، ئاژانسە جیهانییەکانیش زۆر دڵشاد بوون، بۆ نموونە “دەنیز ڕۆس-Dennis Ross” کە لە سەردەمی (کلینتۆن و ئۆباما)دا لە کۆشکی سپی یاریدەدەر بووە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیمانگەی واشنگتۆن بابەتێکی نووسی بە ناونیشانی “When there’s good news about the Middle East، we should take note” - واتە “کاتێک هەواڵێکی خۆش لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، پێویستە لەسەری بوەستین”. پێنج مانگ دواتر لە ئێراقیش هەواڵێکی لەو جۆرە هەیە، بابیبینین:-
ڕۆژی سێشەممە (4 ی ئەپرێلی 2023)، هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی ئێراق دوای (18) ساڵ لە نووسینەوەی دەستوور، توانییان بە ڕێککەوتنێک کێشە بەردەوامەکانی نێوانیان تا ئاستێکی بەرز چارەسەر بکەن، کە پێشووتر لەبەر ڕۆشنایی دەستووری ئێراق (2005) نەیانتوانی بو بگەنە ئاستی چارەسەریی. ئایا دەرفەتە ئابووریی و سیاسییەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان چەندە و تا کوێیە؟ مەترسییەکانی بەردەم ئاییندەی ئەم لێک نزیکبوونەوەیە دەکرێت چی بن؟
=KTML_Bold=:-یەکەم ڕێککەوتن بۆ ماوەیەکی باش کۆتایی بە ناکۆکییەکان دەهێنێت.=KTML_End=
ڕێککەوتن کاتێک ڕوودەدات کە جیاوازیی هەبێت، بەڵام دۆخی ناوخۆی ئێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازی (اختلاف-Difference)ی تێپەڕاندبوو، بگرە ناکۆکی (خلاف- Disagreement) لەنێوانیاندا بۆ ماوەی (20) ساڵ بەردەوام بوو. کاتژمێرەکانی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ئاژانسەکان ئاوها ڕووماڵیان کردووە:_
ئاژانسی هەواڵی ئێراقی: محەمەد شەیاع سوودانی بە ڕێککەوتنی نەوتیی کۆتایی بەو دووفاقی بیست ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەهێنێت.
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان “#مەسرور بارزانی#” لەپێش چاوی میدیا ئێراقییەکان دەڵێت:- ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی وڵاتدایە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەکەین.
- فرانس - 24 دەڵێت:- ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و #هەولێر# بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زیندووە.
ئەلجەزیرە، دەنووسێت: ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ هەموو ئێراقییەکانە.
- ئاژانسی “ڕووسیا الیوم” دەنووسێت:- سەرۆک وەزیرانی ئێراق ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
- ڕۆیتەرز لە یەک ڕۆژدا (3) سێ ڕاپۆرتی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە.
- هەریەکە لە “ئەلعەرەبییە” و “زە نەیشناڵ نیوز” وەها ئاماژە بە ڕووداوەکە دەکەن، کە هەر برۆکەر “دەڵاڵ” ێکی نەوت لەو چەند نرخی ڕۆژەی نەوت دابەزیوە و، ئەوان بڕێکی زۆر نەوتیان کڕیوە، کە هەواڵەکەیان بینیوە، یەکسەر نەوتەکەیان فرۆشتووەو چەندین ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
=KTML_Bold=دووەم:- ئێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی براوە بوون.=KTML_End=
ئێراق، لە ساڵی (2022) دا بەبەهای (115.657 دۆلار) سەت و پانزە ملیار و شەش سەد و پەنجا و حەوت ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە؛ ئەوەش بە ڕادەی (53٪) زیاترە لەو داهاتەی کە وڵاتەکە لە (2021) دا دەستی کەوتووە. پڕۆژە یاسای بوودجە کە لە (11ی ئازاری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەڕڵەمان بۆ هەر سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025)ە، کە تیایدا مووچە و پشکی هەرێمی کوردستانی یەکلاکردۆتەوە بە ڕادەی (12.6٪). بەپێی هەژمارکردنی (100) دۆلاری ئەمریکی بەبەهای (130) هەزار دینار، کۆی بودجەی ئێراق بۆ ساڵی (2023) دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار. ئەمەش قەبەترین بودجەیە کە لە مێژووی ئێراقدا بوونی نەبووە. جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەرفەتە ئابوورییەکانی بەردەم ئێراق و کابینەکەی سوودانی ئەمانەی لای خوارەوەن:-
- سعودییە ئامادەیی نیشانداوە (100) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئێراقدا بکات.
- چین سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە و تەواوکرنی مینای “فاو” ە بە بڕی (7) ملیار دۆلار، هەروەها سەرقاڵی درووستکردنی (1000) قوتابخانەیە لە سەرانسەری ئێراقدا.
- ئێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی، ڕێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکەیان بەبەهای (27) ملیار دۆلار.
- ئێراق سەرقاڵی کەمکردنەوەی ڕادەی گازی سووتاو/ بەفیڕۆچووە.
لە ڕووی دیبلۆماسییەوە، ئێراق لە دوای ساڵی (1990) ەوە، بووەتە خاوەنی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا. هەروەها ئێراق ڕۆڵی هەبووە لەنێوەندگیریی و نزیککردنەوەی سعودییە و ئێران دا. هەموو ئەمانە وادەکەن ئێراق لە ڕووی بووژانەوەی نێوخۆیی، تێڕوانینی دەرەکییەوە وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.
بەڵام مەترسییەکانیش زۆرن، هێشتا لە ئێراقدا چەک بەدەست میلیشیاکەنەوەیە، ناخۆشترین و لاوازترین خاڵی دەوڵەتە کە “دەوڵەت” هێزی خۆی بە دەستی خۆیەوە نەبێت. هەروەها ئێراقییەکان و جیهان بە گشتی پرسی دزیی سەدەیان لە یادەوەریی خۆیاندا نەسڕیوەتەوە، کە ساڵی (2022) تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا سێ ملیار و 750 ملیۆن دۆلار دزراون و براونەتەوە دەرەوە، ئەوەش قووتی هەموو ئێراقییەکە. هەر لە کابینەکانی پێشووترەوە هێشتا لە باشووری ئێراق ئەوە بەردەوامە کە ڕۆژانە (30 بۆ 70) ملیۆن لیتر نەوت بە قاچاخ، بەتەنکەر و بە ڕێگەی خۆڵدا فرۆشراون. هەروەها لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا فەوزایەکی زۆر هەیە، دیارترینییان ئەوەیە (63) تریلیۆن دینار کوورتهێنان هەیە کە دەکاتە (25٪)ی کوورت هێنان و هەڵئاوسان لە بودجەدا، ئەم کوورتهێنانە لە میدیاکاندا بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، ئەمە تەنیا ژمارەیەکە کە دەشێت ئەوەندە بڕە بوودجە لە ئاییندەدا کوورت بهێنێت.
لە کاتێکدا لە میانەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس (ICC) یەوە، میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی بڕیاڕ چاوەڕێی تەنگژەیەکی گەورەی ئابووریی و دیبلۆماسییان لەنێوان ئێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەکرد، تیمەکانی دانووستان لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی ئێراق توانییان بەخێرایی لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەکە کۆنترۆڵ بکەن و، بگەنە ڕێککەوتن. ئەگەر ئەمە ڕووی نەدایە ئێراق و کابینەکەی سوودانی زیانێکی ئێجگار گەورەیان دەکرد:-
- ڕۆژانە نەفرۆشتنی (500) هەزار بەرمیل نەوت لە ئێراقدا، بە تەواوی پڕۆژە یاسای بوودجەی ئێراقی ئیفلیج دەکرد، کە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە لانکەدا دەخنکێنرا.
- لە ڕووی سیاسییەوە، کابینەکەی سوودانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی پێکهاتووە، ئەم هاوسەنگییە لاسەنگ دەبوو.
- لە ڕووی دەروونیی و میدیاییەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئێراق ڕۆژ بەدوای ڕۆژ تووشی چەندین جۆر قەیران دەبوونەوە، لەوانە: کەمبوونەوەی متمانە، خراپی بازاڕ، دابەزینی بەهای موڵک و عەقارات و لاوازیی وەبەرهێنان و… تا دوایی.
- ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت نەکرایە، پەیوەندییەکانی ئێراق و تورکیا دەگەیشتە ئەوپەڕی گرژیی، تورکیا و ئێراق لە (2022) دا (24) ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە، ئەنقەرە بەنیازە لە (2023) ئەو ئاستە بازرگانییە بەرزتر بکاتەوە. لەبەرانبەردا، پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس، لەمیانەی سەردانی سوودانی بۆ ئەنقەرە، پرسی بەردانەوەی ئاو دەرئەنجامی گرنگی هەبووە؛ کە زیادبوونی لێشاوی بەردانەوەکە لە تورکیاوە دەگاتە (1500) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کە دوو ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە پێشتر تورکیا بۆ ئێراقی ڕەوانە دەکرد.
=KTML_Bold=2- 1. هەرێمی کوردستان لە کوێدا براوە بوو؟=KTML_End=
ئەمجارەیان، ئەو هەڵمەتە میدیاییەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دژی هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی بەرپاکران، زۆر بەهێزتر بوو لەو داکۆکییانەی کە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی لە خۆیان دەکرد. بەوردی تێبینی کردن، ئەوەی دەردەخست کە تەنانەت ئەندامانی حیزبەکان و دڵسۆزانی حیزبە دەستەڵاتدارەکان نەک لە ئاستی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی نەبوون، بەڵکوو خۆیان ئامادەکردبوو کە کارەساتێک ڕوودەدات و، ئیتر ئەوە ئەوان نیین کە سوودمەند بوونە لە داهاتی نەوت لە دوای (2003)ەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم ” مەسرور بارزانی” بەتەنیا چووە ژێرباری ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە گەورەکەی کە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس هاتە ئاراوە، لە تەنیاییدا وتی ” ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و کەڵک لە دەتکەوتەکانمان وەرنەگرن.” کەواتە یەکەمین سوودی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا (تا ئەوکاتەی بوودجە پەسەند دەکرێت و یاسای نەوت و گازی ئێراقیش دەردەچێت) ئەوەیە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی لەژێر پەستان و پەلامارە میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەرباز کرد.
ئەم ڕێککەوتنە، لە میدیادا وا وێنا دەکرێ، کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی سۆمۆ کردووە. بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە؛ بەڵکوو هەرێمی کوردستان و ئێراق ڕێککەوتوون لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە-کڕیارەکانی کە پێشووتر تۆمارکراون لەلایەن هەرێمەوە، چیتر نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەرزان و بەنرخی پێشووتر نافرۆشرێت کە (9 بۆ 11) دۆلار خوار نرخی بازاڕ بوو، بەڵکوو بەنرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت. سەرباری ئەمانە، نزیکبوونەوەکەی نێوان هەرێم و بەغدا ئاستی متمانەی نێوان هەردوولای بە جۆرێک زیاد کردووە، کە پێشووتر لە ئێراقدا زەمینەی وەها لەنێوان کورد و حکومەتە یەکلەدوای یەکەکاندا درووست نەبووە. هەموو ئەمانە بوودجەیەک بۆ هەرێم مسۆگەر دەکات کە لە مێژووی ئێراقدا هیچ ساڵێک کورد ئەوەندەی بەر نە کەوتووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بووجەدا زیاترە لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینار. بەمجۆرە، بەغدا و هەرێمی کوردستان سەرەتایەکی گرنگ و کاریگەریان لە ئەستێڵی پەیوەندییەکانیاندا تۆمارکرد. لەگەڵ ئەمەدا “ئەمە ئێراقە” لە ماوەی کابینەکانی پێشووەوە، کۆمەڵێک سیاسیی ملیاردێر خراونەتە دەرەوەی یاریگا سیاسییەکە، لەو دوورەوە تەماشای پارووە چەورەکانی سەردەمی دوای خۆیان دەکەن بەدەست نەیارەکانیانەوە، ئەمە ئێراقە، ئەمە جیهانێکی سەرلێشێواوە؛ کە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسایەی دراماتیکییەت و خێرایی ڕەوتی ڕووداوەکانەوە بەدوای پێناسەیەکی نوێدا دەگەڕێت. باشتر هەروەها بوو، کە کەڵک لە دەرفەتە ئابوورییەکان، بەرزی نرخی وزە، باری لەباری پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان ببینن، نەک سەرقاڵ بن بە یەکترییەوە.
=KTML_Bold=“ڕاسپاردەکان”=KTML_End=
یەک:- هەرێمی کوردستان، بە سەدان هەزار گەنجی بێکار ی هەیە، پێویستە خێرا بیر لەوە بکاتەوە کە لە ڕێگەی کەرتی کشتووکاڵەوە ئابوورییەکەی فرە سەرچاوە بکات، بۆ ئەوەی دەرفەتی کار زیاتر بکات، بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بکات، پشت بەستن بە داهاتی نەوت کەمتر بکاتەوە. ئینجا ئەم کەرتی “کشتووکاڵ” ە بەرەو “پیشەسازیی” وەربچەرخێنێت؛ ئەوەش سەرەتا بە “پیشەسازیی تەحویلی” دەست پێدەکات؛ واتە تەکنیک و ئەندازیاری هیندی و چینی و یابانی و ئەمریکی دەکاتە سەرمەشق، لەگەڵ ماددە سەرەتاییەکان “مەوادی ئەوەلی” لەدەرەوە. ئینجا ئیتر ئەمە پەیوەندیی بازرگانیی و دیبلۆماسیی و پاڵپشتی سیاسییش مسۆگەر دەکات. ئیتر ئاوها بەمشێوەیە.
دوو:- گرنگییەکی دیکەی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوەیە نێوەندگیریی ئاشکرای دەرەکیی تیایدا بۆ ماوەیەکی درێژ ڕۆڵی نەگێڕاوە. واتە تاکە پاڵنەری سەرەکیی هەردوولایەنی ڕێککەوتنەکە بوون، واتە لە ئاییندەدا ئازا ئەوەیانە کە پاڵی لێ ناداتەوە سەیری ئەستێرە زەرد و سوورەکانی ئاسمان بکات، بەڵکوو ئەمە کاتییە و هەڕەشەکان بەردەوامن، بۆیە تا دەکرێت بە ئاستێکی زیاتر سوودی جۆراوجۆر لە کات و لە دەرفەتەکە ببینرێت.
سێ:- بەرەبەرە پرسی گازی سرووشتی دێتە پێشەوە. ئەوەی ئەم ماوەیە لە گفتووگۆ لەگەڵ پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی بواری وزە لە جیهاندا گوێبیستی بووم لەگەڵیان، ئەوەیە ئەم ئاگرە لە جێگەیەک کراوەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە لە جێگەیەکی ترە! ئەوەی ئەم پرسە تۆختر دەکاتەوە، دادگای نێوبژیوانی پاریس، جگە لەوەی نۆ ساڵە ئەم دۆسیەیەی لە بەردەستە، دوو مانگ پێشووتریش ئەنجامەکەی یەکلاکردبووەوە، بەڵام بە ئاگاداری ئەمریکا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە چێشتخانەکەدا خەریکی سازکردن و پێچانەوەی چێشتەکە بوون، بەو جۆرەی ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە بە جۆرێک ئەنجامبدرێ، کە لە ئاییندەدا شەرعییەت بداتە هەناردەکردنی گاز لە ئێراقەوە بۆ ئەوروپا ، بۆ ئەمریکا و ئەوروپا گرنگ ئەوەیە گاز و نەوت بە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاست “مێدیتریانە-Mediterranean”دا بچێت بەرەو ژوور). ئینجا گاز وەکوو نەوت نییە، نەوت بازاڕە، نەوتی خۆت دەفرۆشی و دۆلاری خۆت وەردەگری (ڕەشپێستی، سپی پێستی، سوننەی یان شیعە و بودی مەسەلەیەک نییە)، بەڵام گاز ڕاستەوخۆ بەستراوە بە پرسی جیۆپۆلەتیکەوە، تا ئاستێک مانایەکی ئاسیاویی هەیە. ئەمەش بەواتای هەرێمی کوردستان پێویستی بە ناوەندی بیرکەرەوە، توێژینەوە، لۆبیی کردن، بەشداریی لە بازاڕ، لە گفتوگۆ، لە چۆنییەتی ئاڕاستەکردنی ڕاو ڕای گشتی هەیە. [1]