ناونیشانی بابەت: ئەو ڕۆژانەی کە عیلم و مەعریفەت پێشەنگ بوون
چەند نموونەیەک لەسەر ئەم بابەتە:
1- شێخ محەمەدی خاڵ بەبێ هیچ شەهادەیەک ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد بوو.
شێخ محەمەدى خاڵ نزیکەى حەفتا ساڵ لە شەو و ڕۆژێکدا (10) کاتژمێر خەریکى خوێندنەوە و نووسین بووە و زیاتر لە (30) بەرهەمى لە بوارى (ئایینناسى و کۆمەڵایەتى و زمان و مێژو ئەدەبى کوردى) دا نووسیوە ، لە دووتوێى (21) قەوارەدا (4141) لاپەڕەى تاکوو ساڵى 1984چاپکردووە و لەریزبەندى نووسەرانى کورددا پلەى شەشەمى وەرگرتووە، زۆربەکەمی لەدەرەوە ئەبینرا هەمیشە لەناو مزگەوتوو پەڕتووکخانەکەیدا خەریکی نووسین بووە و لەپێشوازی ئەهلی عیلمادا بوو... شێخی خاڵ دەڵێت:
گەورە ئەوەیە شێوەی شەمعی بێت
بۆ خۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێت
هەژار موکریانی لەبارەی ئەم زانا مەزنە دەڵێت: ( ئێمە هەموومان ئەستێرەین شێخی خاڵێش هەیڤ ) . ئەو کاتەی ناڵەی دەروون و فەرهەنگی خاڵت خوێندەوە ئەوسا دەزانی بەرزی ئەو پیاوە چەندە و چۆنە، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە خوێندنەوەدا زۆر کڵۆڵین.
2- مامۆستا #عەلائەدین سەجادی# مامۆستای زانکۆ بوو لەبەشی زمانی کوردی لەبەغدا بە ئیجازەی مەلایەتی حوجرەوە.
لە بەغدا لە مزگەوتێکی بچوکا بەناوی نەعیمە خاتوون لە ژوورێکی بچوکی تاریکا وەک هەژاری موکریانی دەڵێت: نیوەڕۆیش بوایە دەبوو چرایەک داگیرسێنێت هێندە تاریک بوو، توانی لەوێدا خزمەت بە خاک وخەڵکی بکات، ببێتە خاوەنی ئەو هەموو پەڕتووکە بەنرخانە کەبوونەتە سەر چاوە بۆ هەموو ئەوکەسانەی لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر مێژوو و ئەدەب و کورد، بێ ئەوەی خۆی دەرخاتوو منەت بەسەر کەسابکات.
هەندێک لەقوتابییەکانی دەڵێن هەمیشە ئامۆژگاری دەکردین و دەی وت کچ بە شوو مەدەن بە عەرەب هەرگیز مەبن بە بەعسی پەڕتووک خانەکانتان بپارێزن.
3- #مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس# بێ شەهادە، موفتی ئێراق بوو.
ئەگەر مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیسو و کوڕەکانی نەبوونایە لەم سەردەمەدا کێ ئەیتوانی لە نالی و مەحوی و سالم و نموونەکانی وەک ئەوان تێبگات. [1]