ناونیشانی بابەت: ڕواندز لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتناسانی بێگانەدا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بیرەوەرییەکانی گەشتی پاول شووتس (paul schuetz) ی ئەڵمانی و یاکۆب کوونتسلەری (jakob kuenzler) سویسڕی لە ساڵی 1928ی زاینی بۆ #ڕواندز# و دەوروبەری، سەربردەی گەڕیدەیەکە لە گەشتێکی بۆ شاری ڕواندز.
گەشتەکەی (پاول شووتسی سویسری) لە پەڕتووکی (لەنێوان نیل و قەفقاسدا دوای جەنگی یەکەمی جیهان) ، بیرەوەرییەکانی لە شاری ڕواندز، کە #فەخری سڵاحشۆر بەگ#ی سۆران، لە ئەڵمانییەوە وەریگڕاوەتە سەر زمانی کوردی، تیادا هاتووە: ڕێگایەکی دوورمان بڕی، بەسواری بەنێو شارێکی وێرانکراودا ڕۆیشتین، بیرم دەکردەوە هەروەک من لە جەنگدا بم! ئەمە کۆنە (ڕواندز) بوو، کە لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لەلایەن ڕووسەکانەوە بەتەواوی سووتێندرابوو (مەبەست جەنگی یەکەمی جیهانییە) .
لێرە لەسەرەوە، لە دۆڵی چیای دونیای دیکەدا (ئاخیرەتدا) لەسەر سنووری سێ ئیمپراتۆریەتدا، گوڕ و بڵێسەی ئاگرەکانی جەنگ نەوەستان. دوای سووتاندنی شاری ڕواندز بەدەست ڕووسەکان، ڕووسەکان خۆیان لێرە سەنگەریان گرت، ئینجا تورکەکان و ئەڵمانەکان هاتن، لە کۆتاییشدا دیسان ڕووسەکان و ئینگلیزەکان پێکەوە هاتنەوە. ئێمە بە سوارییەوە هاتینەوە سەر ڕێگای سەرەکیی ڕواندز، لێرەدا لەلایەن گەلێکی کوردی ڕاستەقینە (ڕوون ڕەوا) دەورە دراین، من خۆم دەبینم و بەردەوام هەمیشە لەبیری ناکەم، کە ئەو نژادە چەند جوان و پاکە.
لە بەردەم بینای حکوومەتەوە (دەوڵەتەوە) دوو تۆپی تورکی دامەزرابوون، لوولەکانیان گەف و هەڕەشەیان لە ڕۆژاوا دەکرد، بەرەو شاخەکانی تورکیا، بەرەو ئەوێی بڵند. پیاوە گەورەکە (شێخەکە) بەوردی تەماشای پاسپۆرتی ئێمەی دەکرد و لاپەڕەکانی هەڵدەدایەوە، کاتێک لەپڕ وەستا و گوتی ئێوە ڤیزەی تورکیتان هەیە، کوونتسلەر (kuenzler) وەڵامی دایەوە و گوتی بەڵێ، بەڵام بەداخەوە نەچووینەتە ژوورەوە (مەبەست نێو سنووری تورکە- و) .
لە ژوورەوە لەلامان، جگە لە ئەندازیارە ئەرمینییەکە، هەروەها کوردێکی ڕاکردووی لێ بوو، پێمان وا بوو، کە سەروسیما و شێوەی لە کوردێکی دیار و ناسراو دەچوو، ئەو کەسێکی زۆر بێدەنگ بوو، تەنیا باسی ئەوەی دەکرد بۆمان، کە خۆی لە تورکیا ڕایکردووە و هاتووە بۆ ئێرە و لەلای قایمقامی ڕواندز (Rovandiz) شوێنی پەنابەریی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە.
بەوپەڕی ماندوویەتی و شڕوکفتییەوە، بە پەرۆش و بێچارەییەوە تکامان کرد، بەشکوو ڕێگەمان بدەن بچین بۆ نووستن، ژوورێکی کەلوپەلیان لەدەرەوە پێمان دا، کە دەکەوتە پێشەوەی ماڵ، لە تەنیشت دەروازەکەیدا (دەرگا گەورەکەی) .
هەر کە من کاتێک نوێنی نووستنی خۆم گەیاندە دیوارەکە، دووپشکێکی گەورەم بینی، بەهێواشی و لەسەرخۆیی لە پشت بالیفەوە (سەرینەوە) دەڕۆیشت، پارچەدارێکم گرت و لێم دا، بەڵام باش بەر نەکەوت و چووە نێو قەڵشێکی دیوارەکە. دوای ئەوە بەزوویی ئەوەندەی پێنەچوو، هەموو شتێک (دونیا) بێدەنگ و ئارام بوو. چراکان کوژێنرانەوە، تریفەی شینی مانگ دۆڵی چیاکانی داپۆشیبوو. کاروانچییپەکانمان جۆیان لە تەنیشتمان ڕاکێشابوو و جێگەی خۆیان کردەوە و دایانکوتا، بەپەلە و بەکوورتی چەند وشەیەکیان بەیەکتر گوت. کونتسلەر بەهێمنی و لەسەرەخۆ پێی گوتم، کە ئەو لەو بڕوایەدایە هەردووکیان ڕێک کەوتوون و پێک هاتوون، کە سبەینێ لێرە بەولاوە لەگەڵمان نەڕۆن.
لە ژووری نووستنەکەدا، لەنێو (قۆناخ) کوردێک بەدەستی بەستەوە گۆرانیی کوردی دەگوت، بەڵام بەدەنگێکی زۆر زوڵاڵ و نزم و هێمن، بەجۆرێ کە ئێمە هەردووکمان بەوپەڕی چێژ و سۆز و خۆشەویستییەوە گوێمان لێ دەگرت و ئاهوناڵەی ئاوازەکە ئەوەندە بەجۆش بوو، کە هەر جارێ ڕیتمۆسی نەغمەکە دەهاتەوە، ئاگری نێوان دڵ و دەروونمان لەبندا دادەمرکا و دەکوژایەوە.
$سەرچاوە:$
- ناوی پەڕتووکەکە: (لەنێوان نیل و قەفقاسدا، پەیامنامەی گەشتێک بۆ باری سیاسی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتدا) ، چاپی یەکەم 1930 زاینی لاپەڕە 178-180 بەشی یەکەم. - پاول شووتس (paul schuetz) ی ئەڵمانی و یاکۆب کوونتسلەری ( jakob kuenzler) سویسڕی لە ساڵی 1928 زایینی. فەخری سڵاحشۆر بەگی سۆران، لە ئەڵمانییەوە وەریگڕاوەتە سەر زمانی کوردی.[1]