وەرزش گەلێک بواری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، هەندێک بوار هەیە دەکرێت ناوی بنێین وەرزش، لە هەمان کاتیشدا وەرزش نییە و هونەرێکە یاخود لایەنێکی ڕۆحییە، یەکێک لەو لایەنانە هونەری یۆگایە، بۆ زیاتر قسەکردن و شارەزابوون لەسەر یۆگا، کە ئایا یۆگا وەرزشە یاخود ئایینە یان لایەنێکی ڕۆحیە، بۆ تیشک خستنە سەر ئەم لایەنە ستادیۆم لە بەسەر کردنەوەیەکدا مامۆستا
#هاوبیر کامەران# - (لێپرسراوی کۆمەڵەی یۆگای لە کوردستان) دواند.
=KTML_Bold=مێژوویەکی دورودرێژەی هەیە=KTML_End=
سەرەتا مامۆستا هاوبیر وتی: ناکرێت بڵێین وەرزش، چونکە یۆگا بەشێکی زۆر بچووکە لەوەرزش، یۆگا یەکێکە لەفەلسەفە ڕۆژهەڵاتییەکان کە کار لەسەر هاوسەنگ کردنەوەی جەستە و بیر و دەروون و ڕۆحی مرۆڤ دەکات، شوێنی دامەزراندنی ئەم فەلسەفەیە یاخود درووست ترە گەر پێی بڵێین تەریقەت دەگەڕێتەوە بۆ هیندیەکان و ئێرانی کۆن، ئارییەکان (3000) هەزار ساڵ زیاتر لەمەوبەر پراکتیزەی یۆگایان کردووە، هەروەها هندیەکانی دانیشتوی دۆڵی سند-ی هیندستانی گەورە پێش (5000) هەزار ساڵ لەمەوبەر پراکتیزەی یۆگایان کردووە، لەدۆزینەوەکانی جۆن مارشاڵ ئەوەی ئاشکراکرد کە پێش (5000) ساڵ لەمەوبەر لەهیندستاندا یۆگا ئەنجامدراوە، هەر بۆیە سەرچاوەی ئەم تەریقەتە دەگەڕێتەوە بۆ هیند و ئێرانی کۆن، لەکۆندا زیاتر ئەو کەسانە یۆگایان ئەنجامدراوە کە بەشوێن حەقیقەت و خواناسیدا گەڕاون، ویستویانە لەمانای بوون و ژیان تێبگەن، دواتر بینیویانە ئەو گەڕانە وایان لێدەکات پێویستیان بە هاوسەنگ کردنەوەی لەشیان هەبێت، هەر بۆیە کۆمەڵێک ڕاهێنانی تایبەت هەیە بەهاوسەنگ کردنەوە و تەندرووستی لەش ئەنجامیانداوە، دواتر سەیریان کردووە کێشەکە تەنیا بەهاوسەنگ کردنەوە و تەندرووستی لەشەوە سەر ناکەوێت، بۆیە ڕاهێنانیان درووست کردووە بۆ هاوسەنگ کردنەوە و تەندرووست کردنەوەی دەروون پاشان عەقڵ، دواتر بەرهەمی ئەم سێ هاوسەنگییە لەهاوسەنگی ڕۆحیدا دەرکەوتووە.
=KTML_Bold=یۆگا چۆن هاتۆتە کوردستان=KTML_End=
بۆ هاتنی ئەم تەریقەتە بۆ کوردستان هاوبیر دەڵێت: لە کوردستاندا بەپێی هەندێک لەسەرچاوەکان پێش هەزاران ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدراوە، لە ڕێگەی بودیزمەوە یۆگا هاتۆتە کوردستان، چونکە ماوەیەک تا ئەو کاتەی کە ئایینی زەردەشتی هاتە ناوچەکە بودیزم بوونی هەبووە، دواتر لە ڕێگەی ئایینی زەردەشتییەوە یۆگا هەر پراکتیزە کراوە، بەڵام وەک فەلسەفەیەکی سەربەخۆ دەتوانین بڵێین لەسەرەتای ساڵی هەشتاکان لە ڕێگەی هەندێک پەڕتووکی عەرەبییەوە جارێکیتر خەڵک بەیۆگا ئاشنا بۆتەوە، ئەویش بەشێوەیەکی زۆر کەم، بەڵام لە ساڵی (1999) دا کە بۆ یەکەمجار ئەم کۆمەڵەیەمان دامەزراند بەشێوەیەکی ئەکادیمی و بەتایبەت یۆگا لەم کۆمەڵەیە خوێنراوە و وتراوەتەوە کە لێرە بەدواوە یۆگا قۆناغێکی تازەی دەستپێکرد.
=KTML_Bold=ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕووی تێدەکەن=KTML_End=
دەربارەی بوونی بیرۆکەی درووست کردنی ئەم کۆمەڵەیە هاوبیر زیاتر دواو وتی: سەرەتا بیرۆکەکە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە شوێنێکمان هەبێت خۆمان ڕاهێنانی تێدا بکەین، چونکە خۆمان هێشتا لەسەرەتادا بوین، دواتر بیرۆکەکە گۆڕا بۆ ئەوەی ئەو زانیاریەی فێری دەبین بیگەیەنین بەخەڵک، بەڵام وردەوردە کە خۆمان ئەزموونی یۆگامان وەرگرت، سەرەتا کەسانێکی کەم ڕوویان دەکردە یۆگا، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕووی تێدەکەن، لەبەرئەوەی کە یۆگا بۆ هەموو کەسێکە، ئەوانەی کە بەشداریی خولەکانی ئێمە دەکەن هەموو تەمەنێک هەموو جۆرە کەسێک بەشداردەبن، جاری واهەبووە کەسانی تەمەنی (85-90) ساڵ بەشداریی خولەکانیان کردووە، خولمان هەیە (پزیشک، ئەندازیار، پارێزەر، کاسب، نەخوێندەوار) ئەم جۆرە کەسانەی تێدایە، ئەوانەی کە پێویستیان بەئارامی و تێگەیشتن هەیە و ئەوانەی کە دەگەڕێن بەشوێن شادمانییەکی ڕاستەقینەدا، ئەو کەسانەی بەشداردەبن بەردەوام لێیان دەپرسینەوە کە ئایا چ گۆڕانکارییەک تێیاندا ڕوویداوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەمووان شاهیدی ئەو گۆڕانکارییانەن کە تیایاندا ڕوودەدات، کە زیاتر ئارامبوونەوە و کەمبوونەوەی توڕە بوونە، هەروەها خۆڕاگری زیاتر بەرامبەر بە ژیان و زیادبوونی بەرگری لەشیان بەرامبەر بە نەخۆشی، ئەمە بەدەر لەوەی کە شتەکان مانا پەیدا دەکەن، قوڵتر دەبێتەوە لەو پەرستشانەی کە کردویەتی و لەو بیرکردنەوانەی لەژیاندا هەیبووە، یۆگا کۆنترۆڵی زۆر شتیان پێدەبەخشێت، هەروەها بەگشتیش وەرزشێکی زۆر باشە کەزۆربەی بەشداربووان توانیویانە پارێزگاری لەکێشی لەشیان بکەن، سەرەتا خولێکی دوو مانگیان بۆ دەکەینەوە کە ماوەکەی دوو مانگە پاشان بەشداربوو دەتوانێت بچێتە بەشی بەردەوام کە ئەم بەشە بۆ هەموو کەسێک بەردەوامە، ئەگەر دوای ساڵێک زانیمان کە کەسەکە توانای هەیە ئەوا خولی ترمان هەیە کە کریا یۆگای پێدەوترێت، دواتر دەتوانێت بەشداریی خولی مامۆستایی بکات کە ماوەکەی سێ ساڵە، پاش خولی مامۆستایی یەک هەفتە خولێک هەیە بۆ ئەزموون کردن و خوێندنی هەندێک نهێنی یۆگا کە زۆر گرنگە، تاوەکوو ئەو کەسە ئامادەبێت کە ببێتە مامۆستایەکی یۆگا، هەموو کەس دەتوانێت ببێتە مامۆستای یۆگا بەڵام مەرجی خۆی هەیە، لەوانە دەبێت تەندرووستییەکی تەواوی هەبێت هەروەها تێگەیشتنێکی زۆر باشی هەبێت و لەفەلسەفەکانی تر بەتایبەت فەلسەفەی ڕۆژاواو ڕۆژهەڵات تێگەیشتنی هەبێت، شارەزاییەکی باشی لەزانستی پزیشکیدا هەبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ویستی یارمەتیدانی خەڵکی هەبێت، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دەبێت کەسێکی دڵپاک و بەڕەوشت بێت.
=KTML_Bold=بەشداریی لەفێستیڤاڵێک دەکەن=KTML_End=
لەدرێژەی ئەو دیمانەیەدا هاوبیر کامەران ئاماژەی بەوەدا کە لەزۆربەی ئەو خولانەی لەئێران و یۆنان و هۆڵەندا کراونەتەوە بەشدارییان کردووە، لە مانگی (10) دا (10) کەس لەمامۆستا و ئەندامەکانمان بەشداریی لەفێستیڤاڵێکی گەورەی دامەزراندنی زانکۆی یۆگای بیهار دەکەن لەسەر بانگهێشتی زانکۆی بیهار لەهیندستان.
لەکۆتایدا مامۆستا هاوبیر وتی: هەندێک قسە و باس هەیە لەسەر یۆگا گوایە یۆگا ئایینە یاخود سیحرە یان جۆرێکە لەشتێکی ئایینی، ئەمانە هەموو دوورن لەڕاستییەوە هیچ کات هیچ مامۆستایەکی یۆگا داوا لەهیچ خوێندکارێکی ناکا کە ئایینی خۆی بگۆڕێت، ئەمە لای ئێمە شتێکی بێمانایە، یۆگا تەریقەتێکی هەناوییە و یارمەتیت دەدات کە باشتر ژیان ببینی و باشتر ئەزموون بکەیت، هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین ئەزموونی ئەو شتانە بکەین کە تێی ناگەین.
[1]