#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە پێدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا لە ئێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕێکەوتی #13-06-2023# بەڕێوەچوو و تیایدا هەردوو پەڕڵەمانتار دیلان غەفور و غەریب ئەحمەد ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی پڕۆژەیەک کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئیسپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەردوو کەرتەکەدا لە کوردستان. پێشتر هەردوو پەڕڵەمانتار لەمبارەیەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئیسپانیا و وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم کاریان لەسەر چۆنییەتی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکات بۆ کۆمپانیاکانی ئیسپانیا کە دەیانەوێت لە هەردوو بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئیسپانیا ڕاوێژکاری تایبەت بە بواری گەشتوگوزار بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تا لە نزیکەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار بە تایبەتیش کە لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندندان و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە. [1]