ئەشکەوتەکانی حەسەن، لە شاری فەرەقین.
ئەشکەوتەکانی حەسەن دەکەوێتە گوندی (بەهجیکۆی) سەربە شاری (فارقین) سەر بە پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) پایتەختی کوردستان. زنجیرەیەک ئەشکەوتی دێرینە کە دەکەوێتە بناری جەبەل البات کە بە یەکێک لە گردە باڵادەستەکانی ناوچەکە دادەنرێت. وە لە سەردەمی پێش مێژووەوە (سەردەمی مێزۆلیتیک) تا سەدەکانی ناوەڕاست (ساڵانی یەکەمی ئایینی کریستیان) نیشتەجێ بووە،
ئەشکەوتەکانی حەسەن پاشماوەی سەدەی سێزدەهەمی زایینی لەخۆدەگرێت، هەروەها کڵێسایەکی بەرد لەخۆدەگرێت کە پێدەچێت لە سەرەتای ئایینی کریستیانییەوە تا سەدەی سێزدەهەمی زایینی بەکارهێنرابێت. وە شانۆیەکی بچووکی بەردین و تانکی ئاو لە تەنیشت کڵێساکە و 300 ژووری بەرد و ڕێڕەوی شەقامی بەرد، هەروەها حەمامێکیش هەیە کە بە بەردی بڕاو درووستکراوە، بەڵام تا ئێستا وادەی درووستکردنی دیاری نەکراوە و بەشی سەرەوەی ئەم حەمامە ڕووخێنراوە. ئەشکەوتەکانی حەسەن کە 6 کیلۆمەتر لە شاری (فارقین) ەوە دوورە، دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاوریشمی نێودەوڵەتی، بە یەکێک لە یەکەمین نیشتەجێبوونەکانی کوردستان دادەنرێت. شوێنێکی زۆر گشتگیرە لەڕووی مێژووەوە، کە مرۆڤ لە یەکەم سەردەمی بەردینی کۆندا تێیدا نیشتەجێ بووە، لەوێدا دەبینین بە نەخشاندنی ئەشکەوت فەزای ژیانیان درووستکردووە، ژمارەیان نزیکەی 300 ئەشکەوت بووە وەک ژووری بەرد، وە لەناو ئەم ئەشکەوتانەدا کڵێسایەکی بەرد هەیە کە بە بەردی بڕاو درووستکراوە، کە تایبەتە بە شاری فەرەقین. وە تانکی ئاو، و حەمامێک، و یەکەم دوو ڕێڕەوی جیهان، دەتوانیت لە ئەشکەوتێکەوە بۆ ئەشکەوتێکی تر تێپەڕیت، دەنگۆی ئەوە هەیە کە سوڕی هەوا لە ئەشکەوتەکانی حەسەن سوودی هەبێت بۆ هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و نەخۆشییەکانی تەنگەنەفەسی. وە کاتێک سەیری یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەین (ئەو خاکەیە کە دار هەنجیری شیرین و زەنجەفی شاخ تێیدا گەشە دەکەن) ، دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی مرۆڤی کۆن ئەم شوێنەی لە ڕووی بەپیتی خاکەوە هەڵبژاردووە. لە ساڵی 2013ی زایینییەوە ئەشکەوتەکانی حەسون وەک پڕۆژەیەکی گەشتیاری پۆتانسێل بۆ گەشەپێدان لە پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) ڕیزبەندی کراوە. لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە تیپەکان ژمارەیەک گۆرانی کوردییان لە نزیک ئەم شوێنەوارە تۆمار کردووە وەک بەشێک لە پەرەپێدانی گەشتیاریی ئەو شوێنە. دەسەڵاتی گەشتیاری ئامەد (دیاربەکر) لە ئێستادا سەرقاڵی پەرەپێدانی ناوچەکەیە وەک شوێنێکی گونجاو بۆ ڕۆیشتن بە پێ و سەیران.[1] [2]