ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر و وانەبێژی ناوچە جێناکۆکەکان لە کەرکووک خۆپیشاندانیان دژی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڕاژەکانیان بۆ سەر حکومەتی ئێراق ئەنجامدا.
ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان لە کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گردبوونەوە. لە یاداشتێکدا ڕایانگەیاند، پێویستە ڕێڕەوە هەڵەکەی پەڕڵەمانی ئێراق ڕاستبکرێتەوە کە مامۆستایانی ناوچە جێناکۆکەکانی کردۆتە ئامانج و ڕێگری لە گواستنەوەی مووچە و ڕاژەکانیان بۆسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکات.
ئەو خۆپیشاندەرانە ئاماژەیان بە ئەوەش کرد، ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ پەیامەکەمان بۆ پەڕڵەمانتاران و حکومەتی ئێراق، ئەگەر گوێمان لێنەگیرێت و داخوازیەکانمان جێبەجێنەکرێن، ناچارین پەنا ببەنە بەر ڕێگای دیکە.
زیاتر لە 30 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێمن، بەگوێرەی یەکێک لە ماددە پێشنیازکراوەکانیش گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستا و فەرمانبەر و وانەبێژانی سەر بە حکومەتی هەرێم بوو، بەڵام بە کۆی دەنگ ئەو پێشنیازە لە پەڕڵەمان ڕەتکرایەوە بخرێتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025ی پەسەندکرد. [1]