باسکردن لە کۆمەڵێک دیاردە یا خوود بەشێک لە کێشەکانی ژنان بوێری دەوێت.
زۆرن لەو حاڵەتانەی بە بیستنیان شۆک دەبیت، یاخوود پێتوایە سیناریۆیە بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزی بینەر و بیسەر یا بەرزکردنەوەی ئەکتیڤی سۆشیال میدیا یاخوود ماڵپەڕەکان.
دیارەیەک کە ڕەنگە ئێستا تۆی خوێنەر زۆر بە سانایی بیبینیت، بڵێت کوڕە باڵێ وانییە، ئینسان نابێ ئاوا فکر بکاتەوە!
لە ساڵانی پێشوودا زۆر کەم بوون ژمارەی ئەو کیژانەی کاریان دەکرد و لە دووری خێزانەکانیان دەژیان.
بەڵام ئێستا خۆشبەختانە لە هەموو سێکتەرەکان کچان و خانمان شوێن و جهودی خۆیان پیشان یاوە. دیارە ئەم جوڵەیەش قوربانی دەوێت و دڵنیام من و بەشێکی زۆر لەو خانمانە هەریەک لە ئاستی خۆی قوربانی بۆ داوە تا گەیشتووینەتە ئەم قۆناغەی ئێستا.
دیارەیەکی کە لە زۆرێک لە خانمانەی هاوڕێم دەبیستم ئەوانەی لە شارێکی تر دوور لە خێزانەکانیان دەژین، بێزارکردنیانە لەلایەن بەشێک لە پیاوان.
دەڵێن کاتێک بەشێک لە پیاوان کاتێک دەپرسن و دەزانن تەنیا دەژین، وەک ئەوەی هەنگویین لە کلۆرە دار بدۆزنەوە، ئیتر ژمارەی چات و تێلەکان زیاتر و زیاتر دەبێت. جا هێندە بێ چاوەڕووانە دەڵێن ئەمشەو بچینە فڵان کافێ نێرگەلە بکێشین، فڵان باڕ زۆر تایبەتە بچین بخۆینەوە، مەزرەعەیەکم هەیە شەوێ بڕۆین!
ئەو بوێرییەت لە کوێ هێناوە؟
مەرجە هەر خانمێک دوور لە خێزانەکەی ژیا، ئیتر ئەهلی کافێ و خواردەنەوە و چوونە باڕ و مەزرەعەبێت؟
ژمارەی ئەو جۆرە پیاوانە زۆر کەمە دڵنیام پیاوی زۆر باش و بەڕێز هێشتا زۆرزۆرن. [1]
#دێکان عەلی#