ناونیشانی بابەت: حکومەتی هەرێم و سیاسەتی زمانی کوردی
ئامادەکردن: #موئمین زەڵمی#
لە ساڵی 1992ەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرێنراوەو پایتەختەکەی ھەولێرە. پەڕڵەمانی ھەرێم بە لایەنگرێکی زۆرەوە ھەڵبژێردرا و ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی ئێراقەو کابینەیەکی حکومەت پێکھێنرا. بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکی کوردستانەوە کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە سەرۆکایەتی #مەسعود بارزانی# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بە سەرۆکایەتی #جەلال تاڵەبانی#، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنی زەرد و سەوز دابەش کرا و دوو حکومەتی خۆجێی دانران ، یەکەمیان پایتەختی #هەولێر# بوو و دووەمیشیان #سلێمانی#، لە هەردوو حکومەتەکەدا وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری، پەروەردە و خوێندنی باڵا سەروکارییان لەگەڵ پێگەی زماندا هەبووە.
دوای ڕزگاری ئێراق لە 2003، سیاسییەکانی کورد بوونە ئەندام لە ئەنجوومەنی حوکمی ئێراق. لە 30ی کانونی دووەمی 2005 سێ ھەڵبژرادن ئەنجام درا 1) بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی ئینتیقالی 2) بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی ئێراق و 3) بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان. یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئێراق بۆ سەردەمی ئینتیقالی، حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم-ی سەلماند بە “سەروەریی تەواو” و ڕێزگرتن لە دەستووری ھەمیشەیی. حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووری ھەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیالەو نەینەوا و #کەرکووک#.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەوەی کە نەبووەتە خاوەنی سیاسەتێکی زمانەوانی بۆ زمانی کوردی کە بە شێوەی نووسراو هەبێت بەڵام لە بەڵگەنامە فەرمییەکان و نووسراوە ڕەسمییەکاندا زمانی کوردی پەیڕەو دەکات.
مادەی 14ی ڕەشنووی دەستووری هەرێمی کوردستان 2005 پێگەی زمانی بەم شێوەیەی دیاریکردووە: لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە: کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمی هەرێمی کوردستانن و ئەم دەستوورە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات لە فێرکردنی منداڵەکانیان لە دام و دەزگاکا فێرکارییەکانی حکومەتدا بە پێی مەرج و ڕێککارە پەروەردەیی بە زمانی زگماکی خۆیان، هەروەها لە بڕگەی 3یەم دا هاتووە: “لە هەرێمی کوردستان کار بە حکموکانی مادەی 4ی دەستووری ئێراقی دەکرێت لە بارەی زمانی فەرمییەوە لە هەر جێیەک بواری یاسایی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی”.
بە پێی دەستووری ئێراقی زمانی کوردی هاوکات لەگەڵ زمانی عەرەبیدا زمانی فەرمی ئێراقە و دەبێت لە هەموو دامەدەزگایەکدا نیشان بدرێت، بەڵام چەندین هەوڵ هەببوون و بەردەوامییان هەیە بۆ پەراوزخستنی زمانی کوردی لە ئێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو ڕووەوە هەڵوێستێکی وای نەبووە، دوایین هەوڵیش ئەوە بوو کە لە کۆتایی ساڵی 2017 دا حکومەتی ئێراقی نووسینەکانی زمانی کوردی لەسەر فۆڕمی خۆراک لادا، لەو بارەیەشەوە ئارام شێخ محمەد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق کە کوردە، داوای ڕوونکردنەوەی کرد، بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕۆژی 28 ی دیسامبەری 2017 ، بەنووسراوی فەرمی ژمارە (م.ن/ 296) داوای لە فەرمانگەی پلاناندان و بەدواداچونی سەر بە#وەزارەتی بازرگانی# ئێراق کردووە ڕوونکردنەوە بدات لەبارەی هۆکاری بەکارنەهێنان و لابردنی زمانی کوردی لەسەر پسولەی خۆراکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەو کارە پێشێلکردنی مادەی 4 دەستووری ئێراقە. هەمان ڕۆژ فەرمانگەی ناوبراو بە دوو نووسراوی جیاواز، وەڵامی جێگری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراقی داوەتەوە، کە لە نووسراوی یەکەمیاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی نەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ فەرمانگەکەکانی پسوڵەی خۆراکی هەرێم، بەبێ مەبەست زمانی کوردی لەسەر پسوڵەکان نەنووسراوە، هاوکات پەیوەندییان کردووە بەچاپخانەی (نەهرەین) کەئەرکی چاپکردنی پسوڵەکانی لە ئەستۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەو تەئکیدیشیان کردووە کە ئەو داوایە بۆساڵانی داهاتو بەهەند وەردەگرن.
لە ئێستادا زۆرینەی زۆری نووسراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەنووسرێن کە دیالێکتی کوردی ناوەڕاستە و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمان دیالێکتی کوردی بەکاردەهێنن.
ئەگەر وردتر سەرنج بدەین، لە ڕووی سیاسییەوە زمانی کوردی لە حکومەتی ئێراق و هەرێمی کوردستانیشدا بە پێی یاسای و دەستوور پێگەی خۆی دیاریکراوە بەڵام هێزە سیاسییەکان بە تایبەت کوردییەکان کەمترین بایەخیان بە سیاسەتی زمانی کوردی داوە، هەروەها لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زمانی کوردی بایەخی کەمتر کراوەتەوە و زمانی ئینگلیزی لە پێشترە لە گرنگی پێداندا، ئەوەش بەهۆی هەژموونی زمانی ئینگلیزییەوە کە بووەتە زمانی گلۆبال، هەروەک لە ڕووی بازرگانییەوە زمانی کوردی پێگەی دیاریکراوی نییە چونکە کورد دەوڵەت نییە و ئەو خواردنو شتومەکانەشی هەناردەی دەرەوە دەکرێن بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەسەریان دەنووسرێت، هاوکات بۆ گەشتیاران کە ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان کۆرسی زمانی کوردی بوونی نییە، میدیاکانیش دابەشبوون بەسەر هەردوو بەرەی ئەفبێی کوردی و لاتینیدا و زمانی کوردیان زیاتر پەرتەوازە کردووە.
لە کۆتاییدا ئەم بەشەدا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەبنە ڕیکۆمێندەیشنی گرنگ سەبارەت بە سیاسەتی زمان لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش بۆ ئەوەی سیاسەتی زمان وەکوو وڵاتان و هەرێمەکانیان بەپلاندانان بەڕێوە بچێ ، پێویستییەکی هەمیشەییمان بەم خاڵانە هەیە، تاکوو بەڕێکوپێکی لە هەموو ئاس تو بوارەکاندا جێبەجێ بکرێت:-
یەکەم: دەرچوواندنی یاسای زمانە فەرمییەکان لە پەڕڵەمانی کوردستان و لە پەڕڵەمانی ئێراق، تاکوو ماددەی چوار لە دەستووری کۆماری ئێراق 2005 بەڕاست یو درووستی پراکتیزە بکرێ.
دووەم: لیژنەی زمانپارێزی لەلیژنە هەمیشەیییەکانی پەڕڵەمانی کوردستان لەنزیکترین دەرفەتدا لەیاساناسا نو زمانزانان بڕیاری پێکهێنانی بدر ێ، بۆ ئەو پڕۆژە یاس او بڕیارانەی بە (دە) پەڕڵەمانتار پێشکێش دەکرێن.
سێیەم: لیژنەیەکی هەمیشەیی لە زمانناسان و یاساناسان بۆ داڕشتنی یاساو بڕیارەکان بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێ بۆ ئەو پڕۆژە یاس او بڕیارانەی لەئەنجوومەنی وەزیران و لایەنەکانەوە پێشکێش دەکرێن، نەک فەرمانبەرێک یا دووان وەکوو هەر ئەرکێکی فەرمانبەری ئاسایی ئەنجامی بدەن.
چوارەم: دەبێ ئەکادیمیای کوردی فراوانتر کاتی بۆ زمانی کوردی تەرخان بکات، چونکە هەستان ەم ئەرکە دیرۆکییە ئەمڕۆ یەکجار پێویستە ئەویش بەدانانی زاراوە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان و ساڵانە بەدواداچوونیان بۆ بکات بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان. هەروەها لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار تابلۆی نووسینی دەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەتی لەلایەنی زمانەوانی بە بەردەوامی جەختی لەسەر بکەنەوە، تاکوو پەرەپێدانی ئەکادیمیای زمانی کوردی.
پێنجەم: بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکانیش لە زانکۆکانی کوردستان دەبێ بەپلاندانان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی با ڵاو توێژینەوەی زانستی هەموو بابەتەکان بەوەرگێڕان و دانان و ئامادەکردن ئەنجامبدرێن و چیتر دوانەخر ێ کە نۆزدە ساڵە دواخراوە، تاکوو دیواری بەرلین تەخت بکرێ و نەمێنێ و جگەرگۆشەکانمان لەجیاتی ئەوەی دڵەڕاوکێ و بێزارییان لەزمانی کوردی هەبێ ، بەئاسوودەیی و دڵنیایی بە زمانێکی کوردیی پاراو بخوێنن و سەرچاوەش بە زمانی کوردی پت ڕو فراوانتر بکرێت، ئەمڕۆ تێزی ماستەر و دکتۆراە لە زانکۆکانی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر کەمیان بە زمانی کوردین و ئەوانی دیکەش زۆرینەیان بە زمانی عەرەبین.
شەشەم: دەبێ ڕاگەیاندن میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە خەمخۆرییەکی وڵاتپارێزانە چاودێری زمانپارێزی بکەن و بەئەرکی دیرۆکەیییان بەگوێرەی پێویست ڕابن، کە تاکوو ئێستاشی لەگەڵداب ێ بەڕێکوپێکی جەختی لەسەر نەکراوە.
حەوتەم: زمان بنەمایەکە لە ئاساییشی نەتەوەیی، ستراتیژە، دەبێ ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە هزر و بیری هەر تاکێکی کورد لەهەر شوێنێکی دونیادا بن. ئەوەی بەچاوێکی کەم و نزم و خوارتری دابنێ ئەوا پێویستە یەکسەر وەڵامی بدرێتەوە و داواکاری گشتی لە دادگاکان داوای لەسەر تۆمار کردوون، چونکە پەیوەستە بەپیرۆزی و مەزنی و بەرزی لەلای چل ملیۆن کورد و لەهیچ زمانێکی دیکە کەمتر نییە، بەڵکوو یەکسانە لەگەڵیان و پێکەوەژیان و لێبوردەیی وای کردووە کە نەتەوەکانی دیکەی کوردستانیش ئەم مافە ڕەوایەیان هەب ێ چ لە شاخ چ لە شار پراکتیزە کراوە بەخوێندن بە زمانی تورکمانی و سریان یو ئەرمەنی و هەرس ێ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن. بەڵام هەندێ لەو قوتابخانانەی لە کوردستان کراونەتەوە جگەرگۆشەکانیان لەهەستی نەتەوایەتی دوور دەخەنەو ەو پێویستە لایەنی بەرپرس پلانیان هەب ێ بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسییە کە لەئاییندەدا چاوەڕوان دەکرێ.
هەشتەم: دەبوایە ئەوانەی زمانی بیانی دەزانن و توانای وەرگێڕانیان هەیە ئەزموونی وڵاتانی فرەزمان بکەنە زمانی کورد یو عەرەبی چ دەستووری وڵات و هەرێمەکانیان یان یاسای زمانی وڵات یا هەرێمەکانیان، هەروەها ئەو شاندانەی سەردانیان کردوون دەبوایە لەبارەی ئەزموونیان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بینراو، بیستراو، خوێنراو پەخش و بڵاو بکەنەوە، چونکە لەم بارەوە نەک بە زمانی کوردی، بەڵکوو بە زمانی عەرەبیش نییە و بۆ وشیاری نەتەوەیی و یاسایی و فیدڕاڵی ئەم جۆرە بابەتانە یەکجار پێویستێکی هەمیشەیین بۆ ئەو کەسانەی لەیەک زمان و یەک نەتەوە ڕاهاتوون.
نۆیەم: پێویستە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان و پارێزگاکان و ئەوانی دیکەدا لەخاڵە سەرەکییەکان بێ تو پێویستە نەک هەر لەپەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی لایەنەکاندابێ، بەڵکوو هەریەکێکیان بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێ بۆ سیاسەتی زمان هەروەکوو پارتی سەوز لە کۆماری ئێرلەندا کە ماوەی بیست ساڵە 2009 – 2029 سیاسەتی زمانی داناوە. پێویستە سیاسەتی زمان هەمیشە جەختی لەسەر بکر ێو لە کارنامەی کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتی کوردستان دابنرێت، تاکوو هەر لایەنێک سیاسەتی زمانی خۆی هەبێ و ململانێ لەنێوانیاندا لەسەر زمانپارێزی بێ، چونکە لەستراتیژی ئاساییشی هەر نەتەوەیەکدایە، گەر سیاسەتی زمانمان نەبێ، نەوەی ئاییندە پەنجەی کەمتەرخەم یو خەمساردی و بێباکیمان ئاڕاستە دەکات، منیش دەڵێم ڕاست دەکەن و دەپرسم تاکەی ب ێدەنگی و خۆ کڕکردن و تاکەی سیاسەتی زمانمان نەبێ؟ بەڵام چ کات و وەختێ ؟ دەبا چیتر دوانەکەوێ و دەستبەجێ دەستبەکاربین.
دەیەم: لە مەرجەکانی ئەو کەسەی دەیەو ێ بە بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ب ێ، پێویستە تاقیکردنەوەی زمانی کوردی بە نووسین و خوێندنەوەی بۆ بکرێ و هەمان تاقیکردنەوەش بۆ دامەزراندن لەدەزگاکانی حکومەت ئەنجام بدرێ. جگە لەوانەی کە بە زمانی کوردی خوێندوویانە.
یانزەیەم: لە بودجەی ساڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی چاک بۆ سیاسەتی زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی کوردستان تەرخان بکر ێ، چونکە زۆر دیدار و سیمینار و کۆنفرانس دەبەسترێ و پارەیەکی زۆری لێ سەرف دەکر ێ، بەڵام ئەم بوارە ناگرێتەوە، بۆ چو لەبەرچی ئەم بوارە سیاسەتی زمان کە لە ستراتیژی نەتەوەیییە سیاسەتێکی تایبەتی بۆ دانانرێ ؟
دوانزەیەم: کۆمیسیۆنی زمانە فەرمییەکان بەئەرکی پراکتیزەکردنی بەکارهێنانی لە هەموو بوارەکا نو لەئان و ساتی خۆیدا هەڵدەستێت بەهۆشداری و سزای ئەوانەش دەدا کە دەستبەج ێ نایخەنە بواری جێبەجێکردن و لەهەند ێ وڵاتیش پۆلیسی زمان هەیە کە چاودێری نووسینەکانی سەر دەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت دەکات.
سیانزەیەم: بەپلانێکی درێژخایەن زمانپارێزی لە بواری پەروەردە و فێرکرد نو میدیاکان کاری بۆ بکر ێو دەستبەج ێ خەمخۆرانی بەم ئەرکە ڕابن و لیژنەی تایبەتی هەمیشەیی بۆ زمانپارێزی لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەسەرپەرشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێ بەمەرج ێ بەپلاندانانی تۆکمە کارەکانیان ئەنجام بدەن تاکوو جگە لە نووسراوەکان، نووسینی سەر شوێنە گشتی و تایبەتییەکانیش بەوردی و قووڵی چاودێری بکرێن، دەب ێ بەهەردوو زمانی فەرمی عەرەبی و کوردی بەپاراو یو ڕێکوپێکی بنووسرێن.
سەرچاوەکان:
1- ئەمیر حەسەن پوور (د) ، دەربارەی کێشە ھەنوکییەکانی زمانی کوردی، (2012) ، سیمینار، لە پەڕتووکخانەی کوردی لە ستۆکھۆڵم، سوید.
2- تارق جامباز، یاسای زمانە ڕەسمییەکان، گ. پارێزەر، (2003) ، ژ. (5-6) .
3- جەعفەر شێخولئیسلامی (د) ، زمانی ستانداردو زمانی یەکگرتو… ھاوڵاتی، 2/7/2008، ژ (436) .
4- دەستووری کۆماری ئێراق، ئابی (2005) .
5- سەلام ناوخۆش (د) ، ستاندارد بوونی زمانی کوردی لەنێوان زمانی سیاسەت و سیایەتی زمانی، (2010) ، لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی زمانناسی، منارە، ھەولێر.
6- عەبدولمەناف ڕەمەزان ئەحمەد، ئەتڵسی زمان ھەرێمی کوردستان، (2009) ، وەک نموونە، نامەی ماستەر، زانکۆی سەڵاحەدین.
7- غازی عەلی خورشید، زمانی فەرمی بۆ ھەرێمی کوردستان، (2011) ، سەردەم سلێمانی.
8- فوئاد محەمەد خورشید. زمانی کوردی و دابەشبوونی جوگرافی شێوە زارەکانی، (1985) ، بەغدا: ئافاقی عەرەبی.
9- قەیس کاکل تۆفیق (د) ، ئاساییشی نەتەوەیی و پلانی زمان، (2007) ، چ. یەکەم، موکریان، ھەولێر.
11- محەمەد مەعروف فەتاح (د) ، زمانەوانی، (1990) ، دار الحکمە، بەغدا.
12- محەمەد مەعروف فەتاح (د) ، زمانی ستاندارد و زمانی یەکگرتووی کوردی، (2008) .
13- محەمەدی مەحوی (د) ، مەنامە، دەروازەی یەکەم، (2017) ، سلێمانی.
14- محەمەدی مەحوی، (د) ، زمان و زانستی زمان، سەرەتایەک بۆ زانستی زمان، (2011) ، بەرگی یەکەم، سلێمانی.
15- نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو (د) ، زمانی ستانداردی کوردی، (2013) ، چاپی یەکەم، ھەولێر.
1. 16. هاشم ئەمین، زمانی کوردی و پێگەی زمان لە زمانە جیهانییەکاندا، گۆڤاری زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی 2017
17. سایتی شارپرێس: https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=103431
18. ئەمجەد شاکەلی، ئەوەی نابێ بگوترێ دەبێ بگوترێ، چاپی دووەم، 2013
[1]