مرۆڤی گەورە و مرۆڤی بچووک
بەشی یەکەم
د.کامەران مەنتک
#29-04-2023#
مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە، کە هەمیشە لە ڕوانگەی خۆیەوە خوێندنەوە بۆ گەردوون ودەوروبەرەکەی خۆیدا دەکات، ئایین وکەلتوورو ڕۆشنبیریە جیاوازەکانیشی هەمیشە وەک ئامڕازێک بەکارهێناوە بۆ سەپاندنی ئەو بۆچوون و چەمکە ناتەندرووستە، کە لەبنەڕەتدا دەرهاویشتەی ئەو بۆشایی و کەموکووڕیانەیە، کە لەناخر مرۆڤەکاندا هەیە!.
ئەم شێوەیە لەبیرکردنەوە ئەو ژینگە فراوانەی (ژینگەی سرووشتی، کۆمەڵایەتی، سیاسی ... هتد) خستۆتە مەترسییەوە و بەدرێژایی مێژوو ڕەنگدانەوەی نەک بە تەنیا لەسەر خودی کۆمەڵگەکان، بەڵکوو لەسەر گۆی زەوی هەبووە و هەیە، بۆیە لە ئێستادا مرۆڤ مەترسیدارترین بوونەوەرە لەسەر ژینگەو تەنانەت لەسەر خودی ژیان لەسەر گۆی زەوی، هیچ بوونەوەرێکی تر بەقەد مرۆڤ بێڕێزی بە خۆی و بە گۆی زەوی ناکات و خراپ بەکاریناهێنێت.
ئەو بەسەنتەرکردنەی مرۆڤ، پەڕیوەتەوە ناو ناخی خودی ژیانە کۆمەڵایەتییەکەش وایکردووە پەندێکی وای لێبکەوێتەوە، کە خوا بەردی گەورەو بەردی بچووکی داناوە، ئەمەش وەک ئاماژەو ئیدیەمێک بۆ ئەو جیاوازی خۆ بەگەورە زانین وچەسپاندنی ئەو نایەکسانییەیە، کە مرۆڤەکان لە ئەنجامی بەرژەوەندی وململانێکانی نێوان خۆیان دایانهێناوە، ئەگینا لە ڕاستەقینەدا ڕاستە وەک دەڵێن خوا بەردی گەورە و بەردی بچووکی داناوە، بەڵام خوا بۆ ئەوە ئەو جیاوازییەی دانەهێناوە، بەردێک لاف بەسەر بەردێکی تر لێبدات و هەوڵبدات لە ڕەگەوە دەریبهێنێت و بوونی نەهێڵێت، بەڵکوو وەک ئەو وەک کۆی سیستەمێکی ژیان و سرووشت درووستی کردووە، کە بە هەمووان (بەردە گەورەو بەردە بچووکەکە) یەک دیمەنی هارمۆنی جوان درووستدەکەن، کە چێژ بە ژیان دەبەخشێت نەک ژیان لەناو بەرێت!
بەرانبەر خۆ بەگەورەزانین وروانین لە خود وەک خودێک، کە باشتر و بەرزتر بێت لە هەموو خودو بوونەوەرەکانی دەوروبەریدا، لە ئاڕاستەیەکیدا ڕەنگدانەوەی ئەو بچووکی و دونییەت و خۆ بەکەم زانینەیە، کە لەناخی مرۆڤەکاندا هەیە، ئەو مرۆڤانەی لەناخەوە بچووکن، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان گەورە نیشان بدەن، ئەمانە هەمیشە لە دڵەڕاوکێ وناسەقامگیرییەکی دەروونی، تەنانەت تا ڕادەی کارەساتێکی دەروونیدا دەژین، لەکاتێکدا ئەو مرۆڤانەی لەناخەوە گەورەن، زۆر سادەو ئارامن و پێویستیان بەوە نییە، کە گەورەیی خۆیان بسەلمێنن، ئاستی دنیابینی ورۆشنبیری ورەفتارەکانی ئەوانە گەورەیان دەکات ولەوانەی تر جیایان دەکاتەوە، بەڵام وەک هارمۆنیای بەردە بچووک و گەورەکە، ئەو جیابوونەی ئەوان بۆ ئەوە نییە ئەوانەی تر تێکبشکێنن، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ژیانیان جوانتر وشایستە تر بکەن، لەبەرئەوەی بەدرێژایی مێژوو مرۆڤە گەورەکان ئەو مرۆڤانەن، کە وەکوو مۆم لەپێناو مرۆڤەکانی تردا تواونەتەوە.
هزرمەندو فەیلەسووفێکی وەک هیگل ڕەوتی گەشەسەندنی مێژوو بە ململانێی نێوان خاوەن کۆیلەو کۆیلەکان دەبەستێتەوە، بە واتایەکی تر ململانێ لەسەر ڕێزگرتن و داننان بەوەی تر، لەبەرئەوەی هیگل پێی وایە مرۆڤ تاکە بوونەورێکە، کە پێویستی بە پێگەو ڕێزلێنان هەیە! ئەگەر بەشێکی باشی ڕاستیش لەو بۆچوونەی هیگلدا هەبێت وبنەمای ململانێی نێوان بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ ڕوونبکاتەوە، بەڵام بەشە ڕەهاکەی تری ئەو ڕاستییە ئەوەیە، هیگل لەم بۆچوونەدا مامەڵە لەگەڵ مرۆڤە بچووکەکاندا دەکات، ئەو مرۆڤانەی داوای پێگەو ڕێز دەکەن، کە لەبنەڕەتدا خۆیان نییانەو بچووکن، نەک ئەو مرۆڤە گەورانەی، کە لەناخی خۆیاندا گەورەن و بەبێئەوەی داوای پێگە بکەن، بە گەورەیی خۆیان ئەو پێگەی گەورەییان درووست کردووە.
لەسەر ئەو بنەمایە ناکرێت، گەورەیی مرۆڤەکان بە پلەو پۆست، بە پوول و پارە، بە بڕوانامەو ئاستی خوێندەواری، بە پێگەو پلەی کۆمەڵایەتی، بەخێزان و ڕەچەڵەک وبنەماڵە بپێورێت، لەبەرئەوەی دەکرێت مرۆڤ سەرکردەبێت، پلەو پۆست وپوول وپارەی هەبێت، لەخێزانێکیش بێت، کە وەک خۆیان (بۆ شاردنەوەی بچووکیەکەیان) ناوی دەنێن، خانەدان و بنەماڵە بێت، ئاستی خوێندەواری بەرز و بڕوانامەی باڵای هەبێت، بەڵام نەک گەورەش نەبێت، بگرە هێندە بچووک بێت، ئەگەر بیخەیتە بەر زەڕەبینیش نەبینرێت!.
دەبێت تاکی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بکرێت، کە سەرەتا مامەڵە لەگەڵ خودی خۆیدا و دواتریش لەگەڵ ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەیدا ودواتریش لەگەڵ کۆی مرۆڤایەتیدا بکات، دەبێت ئەو تابۆیە دزێوەی ڕوانین لەگەورەیی وبچووکی مرۆڤەکان بەو جۆرە خوێندنەوەو دنیابینییەی هەیە تووڕ هەڵبدرێت و فڕی بدرێتە ناو زبڵدانی مێژوو، وەک چۆن مرۆڤە بچووک وخۆبەگەورەزانەکان دەبێت بخرێنە ئەو قوژبنەوە!.[1]