مرۆڤی گەورە و مرۆڤی بچووک
مرۆڤی بچووک ناتوانێت گەورە بیر بکاتەوە
بەشی دووەم وکۆتایی
د. #کامەران مەنتک#
#23-05-2023#
کەواتە دنیابینی و شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان، بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکانیان پێکدەهێنێت، ئەوانەی هەمیشە بیر لەگەورەیی دەکەنەوە، بە چەمکە ڕواڵەتییەکەی، هەمیشە ئەوانەن، کە ئامادەن هەموو جۆرە تاوانێک ئەنجامبدەن و ئەگەر دەسەڵاتیشیان قۆرخکردبێت، لەپەنای ئەو یاسایانەی خۆیان بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دایدەڕێژن، پاساو بۆ ئەو تاوانانە دێننەوە، کە ئەنجامی دەدەن و تەنانەت زۆر جار وەک قارەمانییەتیش مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانەدا دەکەن، مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو تاوانە قێزەونانەی، کە جوان کراوە و وەک ئازایەتی ومەردایەتی وێنای کراوە، زۆر بەناو سەرکردە لە مێژوودا بەدەیان هەزار مرۆڤیان کوشتووە و بەکوشتداوە، کەچی لەرێگەی ئەو چەمکە قێزەونەی، کە پێی دەگوترێت مێژوو (مەبەستم مێژوو بە چەمکە باوو کلاسیکییەکەیەتی) بەشان وباڵیان هەڵگوتراوە و نەمرکراون، لەم ڕۆچنیەیەوە بەشێکی زۆر مێژووی گەلان بریتییە لەحیکایەتی ئەو تاوانبارانەی، یاخود ئەو مرۆڤە بچووکانەی هەموو شتێکیان لەپێناو حەزو ئارەزوو وبەرژەوەنییەکانی خۆیاندا کردووە.
لایەنێکی گرنگ لەکێشە دەروونییەکانی ئەو مرۆڤە بچووکانە، ساویلکەیی وخۆشباوەڕی ئەو مرۆڤانەیە، کە لەدەوروبەرەکەیاندا دەژین، لەبەرئەوەی ئەوانن باوەڕ بەو حیکایەتە ناڕاست و درووستکراوانە دەکەن و بەشان وباڵیدا هەڵدەڵێن، ئەم گەورە کردنە دەبێتە هۆی درووستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەردەوام بوون لە درووستکردنی مرۆڤی بچووک، ئەوانەی هەمیشە لەجیاتی ئەوەی تەریق ببنەوە، کاتێک کەسێکی نەزان و سەد ڕوو پەسنیان دەکات و مێچکە مێچکەیان بۆ دەکات، بەڕاستی خۆیان وەکوو مرۆڤێکی گەورە دەبینن وباوەڕ بەخۆیان دەکەن، بە واتەیەکی تر لەرێگەی درۆیەکەوە درۆیەکی گەورەتر دەسەپێنن!.
ئەو جۆرە مرۆڤانە هەرگیز ناتوانن گەورەبن، چونکە لەبنەڕەتدا گەورەیی مرۆڤەکان لەشێواز و ئاستی بیرکردنەوەکەیاندایە، مرۆڤی بچووک هەرگیز ناتوانێت بەگەورەیی بیر بکاتەوە، بۆیە ناتوانێت هەنگاوی گەورە هەڵێنێت و هەمیشە لەناو پیساییەکانی خۆیدا دەگەوزێت و گینگل دەدات، کە ئەمە دەبێت هۆی نەک بە تەنیا پیسکردنی ئێستای کۆمەڵگەکەی، بەڵکوو ئاییندەکەشی، لەبەرئەوەی هەر ئەو پیسیەتییە مرۆڤە بچووکەکانی تری هاوشێوەی خۆی دەینووسنەوەو دەیکەنە مێژوو، مرۆڤە گەمژەکانیش وەک دەقێکی پیرۆز مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەفتارە دزێو ناتەندرووستانە دەکەن، کە ناوی مێژووی لێنراوە ولاسایی دەکەنەوە، لەبەرئەوەی لاسایکردنەوەش بەشێکە لە سرووشتی مرۆڤ، کە هەمیشە هەوڵدەدات لاسایی خەڵکانی تر بکاتەوە، بۆیە زۆر جار ئەو مێژووە دووبارە دەبێتەوە، یاخود دووبارە دەکرێتەوە.
ڕەنگ بێت یەکێک لەکێشەکانی گەلانی دواکەوتوو ئەو دیالێکتیکە ناهاوسەنگە بێت، کە لەنێوان مرۆڤی بچووک مرۆڤی گەورەدا هەیە، مرۆڤە گەورەکان (بەچەمکی باو) لەبەرئەوەی هەمیشە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز دەبەن، بە واتایەکی تر سڵ لەهیچ ناکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، کە ئەمانجی کەسی وبەشێکی زۆری چاوچنۆکییە و لەپەنای زۆر چەمکی بریقەدارەوە دەیشارنەوە، هەمیشە بەشێکی زۆری خەڵک لە ترسی هێزەکەی، وەک گەورە پێناسەی دەکەن، بە پێچەوانەی ئەمانە، ئەو مرۆڤانەی، کە بەراستەقینە گەورەن وکاریگەریی ئەرێنی لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی درووستدەکەن، هەمیشە ئەو مرۆڤانەن، کە بەهێمی وبەقووڵی بیر دەکەنەوە وکار لەسەر باشترکردنی ژیان دەکەن، ئەو جۆرە مرۆڤانە هەمیشە لەسەردەمەکانی خۆیان پەڕاوێز و لاتەریک دەخرێن و زۆرجار لەلایەن مرۆڤە بچووکەکانەوە دەخرێنە بەردەمی دادگاکان و ژیانیان لێدەسەنرێتەوە، مرۆڤە گەورە ڕاستەقینەکان هەمیشە لەپێشەوەی سەردەمەکەی خۆیانن ولێی دادەبڕین، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەلگەکەیان تێیان نەگات ودژاەتیان بکات، تا ماوەیەک دوای ئەوەی دەمرن و بە جەستە نامێنن، هاوکات ئاوەزی مرۆڤەکانیش بەرەو پێشوەچوونێک بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو کاتە تەپ وتۆزی ڕۆژگار لەسەر بیروبۆچوونەکانیان هەڵدەدرێتەوە ودەخرێتە ناو کایە کۆمەلگەییەکانەوە و وەک مرۆڤی گەورەی ڕاستەقینە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت وهەرگیز لەیاد ناچنەوە.
لە کۆتاییدا دەبێت تاکی کورد بەوردی لە مرۆڤی گەورەو بچووک تێبگات و شایستەی خۆیان بۆ دابنێت، مرۆڤی گەورەو ئازا ئەوە نییە بە کۆمەڵیک چەکداری لە دوا بیت و بە نوێترین هۆکارەکانی گواستنەوەی سەردەم، هاوتوچۆ بکات و لە پێش خەڵکەکەی خۆی نمایش بکات، لەبەرئەوەی تەنیا پرسیاری ئەوەیان لێبکەیت ئەو هەموو سامانەت لەکوێ هێنا، لاڵ دەبن وناتوانن پاساو بۆ ئەو دزیانە بێینەوە، کە لەپەنای گەورەبوونە ساختەکەیانەوە لەخەڵکی دەکەن، مرۆڤی گەورە پێویستی بەوە نییە بەدەیان چەکدار لە دواوەی بیت و پاسەوانی لێبکات، چونکە ئەو خۆی بە بەشێک لە کۆمەلگەکەی خۆی دەزانێت و هەمیشە خۆی لەخزمەتی ئەواندا دەدۆزێتەوە، بەپێچەوانەی ئەوانەی بەروکەش خۆیان وەک گەورە نیشان دەدەن، کە وەک دوژمن لە کۆمەڵگەکەی خۆیان دەروانن و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن تۆڵەیان لێبکرێتەوە.
خوێنەری بەڕێز، ڕەنگ بێت یەکێک لەکێشە گەورەکانی کورد ئەوە بێت، بەوردی جیاوازی لەنێوان ئەو دوو مرۆڤە (مرۆڤی بچووک ومرۆڤی گەورە) ناکات و بەوردی بیریان لیناکاتەوە، هەر بۆیەشە ناتوانێت قۆناغەکان بەسەرکەوتوویی ببڕێت وچارەنووسی خۆی بگۆڕێت، ئەمە وایکردووە هەمیشە لە دووتوێی شکستەکاندا بخولێتەوە، ناکرێت چارەنووسی میللەتێک بدرێتە دەست مرۆڤە بچووکەکان وبەساختە گەورە بکرێت، باوەڕکردن بەو درۆیانەی، کە خۆی دایدەهێنێت، وەک ئەوە وایە هەمیشە گرەو لەسەر ئەسپە تۆپیو بکەیت، ئەسپی تۆپیویش هەرگیز ناتگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.[1]