ناونیشانی بابەت: هاوڕێیەتی نێوان منداڵان
ناوی نووسەر: #ڕۆستەم خامۆش#
پێویستە منداڵەکانمان وا ڕابهێنین کە گرنگی بە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی بدەن لەگەڵ منداڵانی دیکەدا، چونکە ئەو منداڵەی کە تێکەڵ بە منداڵانی تر دەکرێ، بێگومان لە زۆر ڕووەوە باشترە، بەڵام پێویستە دایک و باوک چاودێر و ئاگادار بن و بزانن کە منداڵەکەیان لەگەڵ کام منداڵی دی هاوڕێیەتی دەکات، چونکە هەندێ منداڵ هەن کە بەهۆی کەمتەرخەمیی دایک و باوکیان بەجوانی پەروەردە نەکراون و لە ئەنجامدا تووشی هەڵەی نەشیاو بوونەتەوە، بۆیە لەجیاتی ئەوەی ببێتە دڵخۆشی بۆ منداڵانی هاوڕێی، ئەوا دەبێتە هۆی زیان گەیاندن.
=KTML_Bold=بۆیە ئەو چەند خاڵە بە گرنگ و پێویست دەزانم بۆ هاوڕێیەتی نێوان منداڵان:=KTML_End=
1- هاوڕێیەتی نێوان منداڵان دەبێتە نێوان هۆی شەرم نەکردن و دوور بوون لە گۆشەگیری.
2- متمانە بە خۆبوون درووست دەبێ.
3- لە ڕووی دەروونییەوە، منداڵێکی بەهێز دەردەکەوێ.
4- لە کاتی یاریکردندا لەگەڵ هاوڕێکانی، هەست بە دڵخۆشیی و ئاسوودەیی دەکات.
5- زمانپاراو تر دەبێ و وشەی نوێ و زیاتر لە هاوڕێکانی فێر دەبێ.
6- هاوڕێیەتی نێوان منداڵان، دەبێتە هۆی سوودگەیاندن بە یەکتری، بۆ نموونە یەکێ لە هاوڕێکان، لە ماڵەوە پەڕتووکخانەیان هەیە و هۆگری پەڕتووک خوێندنەوە بووە، دواتر ئەویش چی فێربووە و چێژی لێوەر گرتووە، وەک (چیرۆک و هۆنراوە و زانیاری گشتی... هتد) ، ئەوا بە دڵپاکیی بە هاوڕێکانی دەگەیەنێ.
7- هاوڕێیەتی نێوان منداڵان، زۆر جوانە، چونکە بێ بەرژەوەندییە، پڕە لە خەندە و پێکەنین و شادیی، بۆیە کە گەورەش بوون هاوڕێیەتییان دەبێتە جوانترین بیرەوەریی و یادگاری.
8- هاوڕێیەتی و دۆستایەتی، زۆر گرنگ و پێویستە لەنێوان گەورەساڵان و منداڵان، چونکە پێکهاتە و ژیانی مرۆڤ، لایەنە هەرە سەرەکییەکەی، کۆمەڵایەتیی و پێکەوەبوونە.
9- هەرچەندە گوتمان هاوڕێیەتی نێوان منداڵان پێویست و گرنگە، بەڵام ناکرێ بەناوی هاوڕێیەتی و یاری کردن کاتێکی زۆر لەدەرەوەی ماڵ بێ و لە خانەوادەکەی دوور بکەوێتەوە، بۆیە هاوڕێیەتی و یاری کردنی منداڵان، واچاکە ڕۆژانە لە کاتێکی گونجاو و دیاریکراو بێ. [1]