ڕێکەوتی #16-06-2023#، لە هەرێمی کوردستان قەدەغەی ڕاوی ماسی لە دەریاچە و ڕووبارەکان هەڵگیرا. پاش ئەوەی لە 5ی ئازارەوە قەدەغە کرابوو بۆ ماوەی 100 ڕۆژ.
هەردوو دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان، سەرچاوەی سەرەکی ڕاوکردنی ماسین لە هەرێم و بژێوی نزیکەی هەزار کەس لە هەردوو دەریاچەکە لەسەر ڕاوی ماسییە.
لە هەرێم هۆبەی سامانی ماسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەرپرسیارە لە سامانی ماسی. بەپێی ئامارێکی هۆبەکە جگە لە ڕاوی ماسی لە هەرێم نزیکەی 1000 حەوزی ماسی هەیە. نزیکە 400 حەوزیان مۆڵەتیان هەیە و زۆرترینیان دەکەونە سەر زێی بچوک و شارەدێی تەقتەق، بەڵام هێشتا ناتوانرێت پێداویستی ناوخۆی هەرێم دابین بکرێت.
جگە لەهێنانی ماسی لەقتونراو لەدەرەوە ماسی زیندو لە ناوچەکانی ئێراقەوە بۆ هەرێم دێت بەتایبەت لە شارۆچکەی داقوقی پارێزگای کەرکووک لەسەر ئاستی ئێراق زۆرترین حەوزی بەخێوکردنی ماسی تێدایە و ژمارەیان دەگاتە سەرووی 3 هەزار حەوز.
لە هەرێمی کوردستان، هەموو ساڵێک لە مانگی ئازاردا و لەگەڵ گەرم بوونی کەش وهەوا ماسی گەرا دادەنێت و بۆ پاراستنی سامانی ماسی و زۆربوونی بۆ ماوەی سێ مانگ یان 100 ڕۆژ ڕاوی ماسی قەدەغە دەکرێت.
قەدەغەکردنەکە پشت بە بڕیاری ژمارە 48ی ساڵی 1976ی حکومەتی ئێراق دەبەستێت و ڕاوکردنی ماسی لە ماوەی قەدەغەکراودا سزای مادی بۆ دانراوە.
لە هەموو کاتێکدا ڕاوکردنی ماسی بە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا و ژەهر و هەموو جۆرە تەقەمەنی و تۆری ورد قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. [1]