ئەندامێکی فراکسیۆنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق، قسەکانی چەند ڕۆژێک لەمەوبەری خۆی لەبارەی ناردنی 400 ملیارەکە بە درۆ دەخاتەوە.
#کاروان عەلی یاروەیس#، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەڕڵەمانی ئێراق، لە ڕێگەی میدیای فەرمیی حزبەکەیەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە وەزیری دارایی ئێراق 400 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
ئەو پەڕڵەمانتارەی یەکێتی بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گوایە نەناردنی حساباتی ختامی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ بەغدا وایکردووە وەزیری دارایی بڕیار بدات ئەو 400 ملیار دینارەی کە سەرۆک وەزیرانی ئێراق بڕیاری داوە بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ڕابگرێت.
پاش تەنیا دوو ڕۆژ، کاروان یاروەیس لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی میدیای گۆڕاندا، پێچەوانەی قسەکانی پێشووی، باسی لەوە کرد کە تەسەوڕ دەکەم پارەکە بێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێشبینیی ئەوە دەکات لە دەوروبەری 10ی ئەم مانگە، 400 ملیارەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەوەتەی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراوە، بەردەوام کاروان یاروەیس و ژمارەیەک پەڕڵەمانتار زانیاریی ناڕاست و دژبەیەک لەبارەی ناردنی ئەو پارەیە دەخەنە ڕوو کە بەبڕوای چاودێران، ئامانج لەم کارە، چەواشەکردنی خەڵک و درووستکردنی دڵەڕاوکێیە لەنێو فەرمانبەران و هاووڵاتییان بە گشتی. [1]