چاودێڕێکی سیاسی پێی وایە، گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و #سلێمانی#یش، بوونی ئەو دەسەڵاتە حزبییە ناشەرعییەی یەکێتییە بەسەر سلێمانییەوە، بۆیە تا دەسەڵات لە سلێمانی نەکەوێتە دەست دامەزراوە شەرعییەکانی حکوومەت، زۆر دۆخی خراپ و قەیران هەیە هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم سلێمانی، چارەسەر نابێت.
نەسرەت سۆفی، نووسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و شارەکانی سلێمانی و #هەڵەبجە# و ڕاپەڕین و #گەرمیان#، بوونی ئەو دەسەڵاتە حزبییە ناشەرعییەی یەکێتییە بەسەر سلێمانییەوە. گوتیشی: ”دەسەڵاتی حزبیی ناشەرعیی یەکێتی لە بێڕۆڵکردنی دەزگاکانی حکوومەت لەو سنوورە، مەترسییەکی درێژخایەنە و هەموو کاتێک ئەگەری ئەوە هەیە هەرێمی کوردستان دووچاری کێشە و گرفتی زۆر بکات، چ لە ڕووی ئابوورییەوە بێت یان سیاسی، تانانەت ئەگەر ئەو داهات و پارەی گومرگانەی، کە لەبەردەستی یەکێتییدایە، کە بەپێی یاسایی بودجە دەبێت نیوەی ڕادەست بە حکوومەتی ناوەند بکرێت - داهاتە نانەوتییەکان-، بەڵام خۆ ئەگەر یەکێتی پابەند نەبوو، ئەوا بێگومان دووبارە گرفت بۆ مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان درووست دەبێتەوە.“
ئەو چاودێرە پێشی وایە، کە ئێستا گرووپ گەلێکی عەرەبی شیعەی توندڕەو لەبن هەژموونی هەرێمییدا، ئێراق بەڕێوە دەبەن، ئەوان هەرچییان بوێت دەیکەن، ڕاستە لەنیوخۆیاندا ناکۆکن، بەڵام بەرانبەر هەرێمی کوردستان هەموو ئەو گرووپانە یەکدەنگن و ئامانجیان ئەوەیە هەرێمی کوردستانێکی لاواز هەبێت و وەک پارێزگایەکی ئێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەوان هەم ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، هەمیش چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، دەیانەوێت چاوی دونیا لەسەر بەغدا بێت و ئەو فۆکەسە جیهانییەی لەسەر #هەولێر#ە نەمێنێت، بەداخەوە، کە یەکێتی و هەندێ هێزی دیکەش لەوەدا هاوکاریانن. [1]