ناونیشانی بابەت: حیزب، مۆتەکەی پەروەردە
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
هەموومان ئەوە باش دەزانین حیزب بریتییە لەکۆکردنەوەی کۆمەڵێ خەڵک لەناو چوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەک لەپێناوی گەیشتن بەمەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو.
حیزبەکانی کوردستان لەکاتی خەباتی شاخ و بەرەنگاری دوژمنانی گەلەکەمان، دروشم و ئامانجی ئازادی و بیروڕای ئازاد و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاوازبووە، بەڵام بەکردەوە هەموویان دژ بەو دروشمانەبوون، باشترین بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم وتەیەم شەڕی چەکداری ناوخۆی حیزبەکان بووە لەشاخ، کە دەیان و سەدان کەس لەو ناکۆکیانە بوونە قوربانی.
دوای ڕاپەڕینیش چونکە بەهەمان نەفەسی عەقڵی تەسکی بەرژەوەندی حیزبی و یەکتر قبووڵ نەکردن کەوتنەوە یەکتر کوشتن و سڕینەوەی یەکتر، تاگەیشتە جیاکردنەوەی زۆن و ناونانی ئەو ناوچانە بەناوی ڕەنگی لۆگۆی حیزبەکانیان، وەک #هەولێر# و #دهۆک# و ئەو ناوچانە بەناوچەی زەرد و #سلێمانی# و #ڕاپەڕین# و #گەرمیان# و #هەڵەبجە# بەناوچەی سەوز، ئەم دابەشکارییە هەتا ئێستاش برەوی پێدەدرێ، دەرخەری عەقڵی تەسک و بچووکی دامەزرێنەر و درووستکەری ئەوچەمکانەن.
بەوهۆیەی ئەم دوو حیزبە هێزی چەکداروملیشیای تایبەت بەخۆیان هەیە، زۆرتر گرێدراوی هێزە هەرێمییەکان بوون، ئەوەش بۆ مەبەستی پاراستن و مانەوەیان لە ململانێکاندا، لەبەرانبەردا بوونە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەودەوڵەتە هەرێمیانە.
هەرکاتێک حیزب هەوڵی بەدامەزراوەیی خۆیداو لەبۆتەی نیشتماندا ئامانجەکانی بەدیهێنا، هەوڵی ئەوەی دا کە نیشتمانی بێت دەستبەرداری بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبێت، ئەگەر بەوردی و چاوی سەرنج و ڕەخنە لەحیزبەکانی کوردستان بڕوانین ئەم حیزبانە نەنیشتمانین و نەدامەزراوەیین، بەڵکوو هەموو ئامانجە باڵاکان دەکەنە قوربانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ئەمەش وایکردووە هیچ بەرەوپێشچوونێک لەم مەملەکەتە ڕوونەدات.
تەنانەت داگیرکاری و پاوانخوازی و دەستبەسەراگرتنی هەموو کەیەکان، کراوەتە ئامانجیان.
لێرەوە دەردەکەوێت دروشمی حیزبەکان تەنیا هەر بەگفتاربووە و نەبووەتە کردار، کاتێ پڕەنسیب نەبوو لەسیاسەتدا ئەمە ئاکامەکەیەتی.
سیاسەتمەدار و فەیلەسوف و شۆڕشگێڕ (مەهاتما گاندی 1869-1948) دەڵێت: (حەوت شت هەیە مرۆڤ لەناو دەبات: سیاسەت بەبێ پرەنسیپ، چێژ بێ ویژدان، سامان بەبێ کار، مەعریفە بێ بەها، بازرگانی بێ ئەخلاق، زانست بێ مرۆڤایەتی، پەرستش بێ قوربانی) .
بزانە هەر یەکێک لەمانەی باس کراوە لای ئێمە چەند بەخراپی مامەڵەی لەگەڵکراوە؟
هیچ سێکتەر و بەش و شوێنێک لەم وڵاتەدا نییە حیزب وێرانی نەکردبێت وەک مێرووی زیانبەخش گەرای تێدا دا نەنابێت، ئەوەی من مەبەستمە لەسەری هەڵوێستە بکەم، کایەیەکی گرنگی ژیانە کە ئەویش پەروەردەیە، ئەم سێکتەرە بووەتە مەخسەرەی دەستی حیزبەکان بەدەستێوەردان و بەکارهێنانی زۆر بەخراپی تەنیا لەبەر بەرژەوەندی تەسکی ئایدۆلۆژی، لەهەرشوێنێک سەیربکەی ولەهەرلایەک هەڵوێستە بکەی نەهیچ دەبیستی و نەدەنگت بەهیچ لایەک دەگات، هەر بۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئیمانوێل کانت) دەڵێت: (لە هەموو شوێنێکەوە دەنگێک دەبیستم کە بانگ دەکات، بیر مەکەرەوە) .
لێرە لەم مەملەکەتە وێرانەیەی دەستی حیزبەکان هیچ بڕیارێک لەپەروەردە دەرناچێت ئەگەربارەگای حیزب دەری نەکات وئاگادارنەبێت، چۆن وبەکام پێوەری زانستی وئاکاری ومرۆیی کەسێک حیزبی نەبێت لەم وڵاتەدا جێی نەبێتەوە؟
چۆن دەکرێت حیزب لەبارەگاکانییەوە بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشەکان بۆ پەروەردە دابنێت؟
کام حکومڕانی و کام دەسەڵاتی دیموکراسی ئەم کارە قێزەوونە دەکات؟
حوکمڕانی باش خۆشترین خەونە بۆ گەلان، چونکە دادوەری و یەکسانی بۆخەڵک دێنێت، بۆیە شاعیری گەورەی کورد (پیرەمێرد 1867-1950) وتوێتی: (خۆزگە دەستوورێک دەخرایە ناو، پیاو بۆ ئیش دەبوونەوەک ئیش بۆ پیاو) .
چەندان ساڵە لەم هەرێمۆچکەیەی ئێمە حیزبەکان ئیش بۆ خەڵک دەدۆزنەوە و پیاوانی خۆیان دەکەنە خاوەن کار، (ڤۆڵتێر، نووسەری بەرهەمە فەلسەفییەکان، فەیلەسوف، شاعیر1694 - 1778) دەڵێت: ( باشترین حکومەت ئەو حکومەتەیە کە کەمترین کەسی بێ کەڵکی تێیدا بێت) .
ئەم وتەیەی ئەو فەیلەسوفە بێ چەندوچۆن حکومەتی هەرێممان پێدەناسێنێت، کە چەندە دوورە لەکایەی حوکمڕانی ڕەشید.
هەرکات بڕیارەکانی بەناو پەروەردەیی و ڕاسپاردەکان کاریان لەسەرکراوچوونە بواری جێبەجێکردنەوە، کەی هەوڵدرا بەرپرس و بەڕێوەبەر لەناو بەشەکانی پەروەردە بۆ حیزب قۆرخ نەکرێت و ئاهێک بە گیانی پەروەردەدا هاتەوە، کەی لەبارەگای پڕ نەزانیی حیزب کەسە نەزانەکان نەکران بە بەرپرس، ئەوسا دەڵێین هەنگاو بەرەو چاکسازی دەنرێت، نەک وەک ئەم سی و دوو ساڵەی بەڕێکراوە کە حیزب بووەتە مۆتەکەی بڕیاردەر بەسەر هەموو سێکتەرەکانەوە بەگشتی و پەروەردە بەتایبەتی. [1]