لە مانگی نیسانی ئەمساڵ 2023، لە شاری #هەولێر# پارێزەرێک بەناوی #محەمەد یابە# لێیدرا و ئەتک کرا، ئەو ڕووداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان پارێزەرەکە بە سوڵحی عەشایەری دەستی لە سکاڵاکەی کێشاوەتەوە.
ڕۆژی #14-04-2023#، پارێزەر محەمەد یابە، بە فێڵ لەلایەن دوو کەسەوە برایە دەرەوەی ماڵەکەی و ئەتک کرا.
لەسەر ئەو بابەتە، لەلایەن ئاساییشی هەولێرەوە سێ تۆمەتبار دەستگیرکران، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەو پارێزەرە بە وەرگرتنی بڕی 35 هەزار دۆلار سوڵحی لەگەڵ ماڵی ئەو کەسانە کردووە کە ئەتکیان کردبوو.
ئێستا تۆمەتباری سەرەکی لە کەیسی ئەو پارێزەرە گەڕاوەتەوە هەرێم، چونکە سوڵح کرا و کێشەکە چارەسەر بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڕێی ئێرانەوە چووبووە دەرەوەی وڵات.
ئەیاد کاکەیی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران، دەڵێت: دەبێت خەڵک ڕێز لە دادگا بگرن، هیچ لایەنێک و هیچ دەزگایەکی دەوڵەت لە یاسا سەروەرتر نییە، بۆیە ئێمە دەڵێین ئەگەر سوڵحیش دەکرێت، پێویستە تۆمەتبار بگیرێت، بۆ ئەوەی تۆمەتبار بزانێت سزای ئەو تاوانە چییە کە ئەنجامی داوە. [1]