ڕۆژ قادری
دوای شکستهێنانی شۆڕشی شێخ مەحموود بەرزنجی لە باشووری کوردستان، ئەمجار شۆڕشی کوردی، بەشەکانی باکووری ئەو بەشەی کوردستانی گرتەوە کە بریتی بوو لەو ناوچانەی بە دەڤەری بارزان دەناسران. بنەماڵەی بارزانییەکان لە مێژووی خەباتی سیاسیی نەتەوەی کورد، ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان گێڕاوە و بەرچاوترین کەسایەتیی ئەوان، نەمر مەلا مستەفا بارزانی بوو.
دوای کۆتاییهاتنی سەرهەڵدانی #شێخ مەحموود بەرزنجی# لە سلێمانی، سەرهەڵدانەکانی بارزان لە ناوچەکانی بادینان بە ڕێبەریی بنەماڵەی شێخانی بارزان دەستی پێ کرد. یەکەمین سەرهەڵدانی بارزانییەکان دژی حکوومەتی ناوەندی بەم هۆکارە دەستی پێ کرد کە شێخ ئەحمەد بارزانی بڕیاری دەسەڵاتدارانی بەغذای سەبارەت بە پەرەدان بە دەسەڵاتیان لەسەر ناوچەی بارزان و دامەزراندنی بنکەی پۆلیس لەو ناوچەیەی ڕەت کردەوە. هۆکارێکی تر هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی شێخ ئەحمەد بوو بۆ سەر عەشیرەی برادۆست کە لەگەڵ حکوومەت هاوپەیمان بوون. ساڵی 1932 یەکەکانی ئەرتەشی ئێراق بە پشتیووانیی هێزی ئاسمانیی بریتانیا، هێزەکانی شێخ ئەحمەدیان ناچار بە پاشەکشەکرد. شێخ ئەحمەد پەڕیوەی تورکیا بوو و دواتر وەبەر لێبوردن کەوت و لە سلێمانی نیشتەجێ بوو.
لە ئاڤریلی 1933دا، مەلا مستەفا لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێیانی، بە نهێنی سلێمانیی بەجێ هێشت و چوو بۆ بارزان و لەوێڕا خەباتی چەکدارانەی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی دەست پێ کرد. بە پەرەسەندنی پێکدادانی نێوان خەباتکارانی کورد و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ئێراق، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا داوای لە دەوڵەتی ئێراق و مەلا مستەفا بارزانی کرد کە بابەتەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. مەلا مستەفا بە ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک مەرج، پێشنیاری باڵیۆزی بریتانیای قەبووڵ کرد.
مەرجەکانی مەلا مستەفا بریتی بوون لە: 1- دەستلەکارکێشانەوە یان دوورخستنەوەی فەرمانبەرانێک کە بەرتیلیان وەرگرتووە یان لە دەسەڵات کەڵکی نابەجێیان وەرگرتووە. 2- پێکهێنانی ویلایەتی کوردستان کە کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، خانقین، دهۆک، زاخۆ، عمادیە، شنگال و شێخانی لەخۆ دەگرت. 3- زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی بناسرێت. 4- جێگری وەزیری هەرکام لە وەزارەتخانەکان دەبێ کورد بێت. 5- دیاریکردنی وەزیرێکی کورد کە بەرپرسی ویلایەتی کوردستان بێت.
مەلا مستەفا بوو بە بەناوبانگترین نەتەوەخوازی کورد و وەک سیمبولی بەرچاوی ناسیۆناڵیسمی بەهێزی کورد تا ساڵی 1979 (کاتی وەفاتی) مایەوە.
ساڵی 1946، پارتی دێمۆکراتی کوردستان لەدایک بوو. ئەم پارتە لە ڕەوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستان، ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە.
کاتێک عەبدولکەریم قاسم لە 14-07- 1958 سیستەمی سەڵتەنەتیی ڕووخاند و سیستەمی کۆماریی ڕاگەیاند، کارەکەی شۆڕشێک بوو نەک کودەتا. بەرەی دێمۆکراتیکی دژبەر، لەوانە پارتی دێمۆکراتی کوردستان، پشتیووانییان لێ کرد. لە یاسای بنەڕەتیی کاتی کە ڕێکەوتی 27ی-07- 1958 بڵاو کرایەوە، بۆ یەکەمجار وڵاتێک کە بەشێک لە کوردستان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتیدا بوو، دانی بە مافی نەتەوەیی کورددا نا. عەبدولکەریم قاسم، پارتی دێمۆکراتی کوردستانی بە یاسایی ڕاگەیاند و لە کاتی گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکیەتیی سۆڤییەت، وەک پاڵەوانێک پێشوازیی لێ کرد.
عەبدولکەریم قاسم لەسەر بەڵێنەکانی لەبارەی یەکسانیی کورد و عەرەب، نەمایەوە و ڕێگای دیکتاتۆریی گرتە بەر و هەوڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی دا؛ بەڵام ئەمجار بزووتنەوەی کورد شکستی نەخوارد، چونکی بزووتنەوەکە لە حاڵەتی کلاسیک دەربازی ببوو و بە شێوەی سیستەماتیک و یەکگرتوو بوو. قاسم، ئەم بابەتەی بەم جۆرە نەدیتبوو و وایدەزانی کورد ناتوانێت بەرخۆدان بکات. ئەم شەڕە، قاسمی لە بواری سیاسی و سەربازی زۆر لاواز کرد.
ڕێکەوتی 8-02- 1963، ئەفسەرانی بەعس، قاسمیان وەلا نا و دەورەیەک لە دەسەڵاتێکی نوێیان دەست پێ کرد. دەوڵەت کە لە سەرەوەی ئەو، دوو ژێنێراڵ، واتە سەرۆککۆمار عەبدولسەلام عارف و سەرۆکوەزیران ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بوون، ڕێکەوتی 10-06- 1963 پەلاماری خاکی کوردستانیان دا.
لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا، سوپای ئێراق چەندین جار لەبەرانبەر شۆڕشگێڕانی کورد شکستیان خوارد. ڕێکەوتی 18-02- 1963، مارشال عەبدولسەلام عارف، سەرۆککۆمار کە خۆی بە کردەوە ئەندامی حیزبی بەعس نەبوو، سەرۆکوەزیرانی بەعسیی خۆی، ژێنێراڵ حەسەن ئەلبەکری لە کارەکەی وەلا نا. ڕێکەوتی 10ی فێڤرییە، عارف لەگەڵ ژێنێراڵی بارزانی، ئاگربەستی ڕاگەیاند و شەڕی دووەمی کوردەکان لەگەڵ حکوومەت کۆتایی پێ هات؛ بەڵام دوو ساڵ دواتر، ڕێکەوتی 4ی مارسی 1965، شەڕ دەستی پێ کردەوە. ڕێکەوتی 17-07- 1968، حیزبی بەعس کودەتای کرد.
لە ئاڤریلی 1969دا، ڕێژیمی نوێی بەعس، چوارەمین شەڕی کوردستانی دەست پێ کرد. لە حاڵێکدا کە شەڕ لە ئارادا بوو، ژێنێراڵ حەسەن ئەلبەکر کە وەک هەمیشە هەوڵی دەدا لە نەخشی باوکی میللەتدا دەربکەوێت، عەزیز شەریفی وەک نێردەی کەسیی خۆی بۆ دانووستان لەگەڵ ژێنێراڵ بارزانی نارد. ئەم گفتوگۆ نهێنییانە سەرەنجام بووە هۆی ڕێککەوتنی 11-03- 1970.[1]