لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاندووە: دوای بودجەی گشتی، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز کاری لە پێشینەی ئەنجوومەنەکەیە.
لەو بارەوە مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی، ڕایگەیاندووە: یاسای نەوت و غاز و یاساکانی تر بابەتی گفتوگۆی پەڕڵەمانتارانن و خواستێکی زۆر لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لە قۆناغی داهاتوودا، بەڵام یاسای لێبووردنی گشتی بابەتێکی سیاسییە و پێویست دەکات بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت بەر لەوەی دەستبکرێت بە ڕێکارەکانی پەسەندکردنی.
ئەو پەڕڵەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو: ئەنجوومەنی نوێنەران تاووتوێی چەند یاسایەکی تری گرنگ دەکات، لەوانە یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و یاسای تایبەت بە ڕێککەوتنە دەرەکییەکان، جگە لەوەش چەندین پڕۆژە یاسای تر کە لە وەرزی یەکەم و دووەمی یاسادانان ڕەوانەی حکومەت کراونەتەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی تری ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێنەوە، بەڵام ئێستا گرنگرین پڕۆژە یاساکان کە گفتوگۆیدان لەسەر دەکرێت یاسای نەوت و غاز و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە. [1]