شەهید زەردەشت لە پایتەختی ڕۆشنبیرییەوە تا تونێلەکانی بەرخۆدان
باران گەرمیانی
#24-06-2023#
لاوانی کورد بەخوێنی خۆیان ئەو پەیامەیان دا بەگوێی داگیرکەران دا، هەتا کوردێکی ئازاد مابێت سنوورە دەستکردەکان بێ واتا و ژێرپێ خراون، شەهید زەردەشت باشووری، یەکێک لەو لاوە هۆشیار و بوێرانەی باشووری کوردستان بوو، کە لە سلێمانییەوە خۆی گەیاندە سەنگەرەکانی بەرخۆدانی ڕۆژاوا و دواتریش چیا ئازادەکانی کوردستان، بێوچان تێکۆشا، تا چرکەساتی شەهیدبوونی لە تونێلەکانی بەرخۆداندا لە زاپ.
شەهید شڤان محەمەد ناسراو بە (زەردەشت باشووریی) ، لە 22ی شووباتی ساڵی 1998، لە گەڕەکی ئیسکانی شاری سلێمانی، لە خێزانێکی هەژار و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە، لە منداڵییەوە کەسێتییەکی پڕ وزە و جوڵەی بووە، لەتەمەنێکی کەمەوە لەگەڵ خوێندنەکەیدا دەستدەکات بە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی و هاوکاریی کردنی ماڵەوەیان.
هەر لە سەرەتای تەمەنیدا، درک بە ژێردەستی گەلەکەی دەکات و نادادیی و نا یەکسانییەکانی چواردەوری دەبینێت، بەپێچەوانەی زۆرینەوە لەبری گلەیی و گازندە، لە دژی ئەو هەموو ستەم و کەمووکوڕییە قۆڵی هەڵدەماڵێت و دەست بە لێگەڕین و تێکۆسان دەکات، لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانی شایستە و ئازاد.
نیسان جەمیل دایکی شەهید، لەبارەی زیرەکی و لێگەڕینەکانی شەهیدەوە بۆ ژیان دەڵێت: لە تەمەنی چوار ساڵیدا بۆم دەرکەوت، کە کەسایەتییەکی بەهێز و بەغیرەتی هەیە، هیچ کات فرمێسک بەچاویدا نەدەهاتە خوارەوە و بەرانبەر بەسەختییەکانی ژیان تێدەکۆشا، لەبەر ئەوەی ئەو کات ژیانمان سەختبوو، سەرەڕای زیرەکییەکەی لەخوێندن، بەڵام دەستی لەخوێندنەکەی بەردا و دەستی کرد بەکارکردن بۆ هاوکاری کردنی ماڵەوە.
زەردەشت باشووری، لە تەمەنی گەنجێتی و سەرەتای تێگەشتنی زیاتری بۆ ژیان و مافیقەتی گەلی کورد، کەسایەتی وڵاتپارێزیی لەناخیدا زیاتر پەرەدەسەنێت و داگیرکاریی ڕەتدەکاتەوە و هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە نرخ و بەهای نیشتمان و پرسە نەتەوەییەکانیان لا نییە.
لە ساڵی 2012، پاش ئاشنابوونی بە فکری ڕێبەر ئۆجالان و خوێندنەوەی پەڕتووکەکانی، گوڕ و تینێکی زیاتر دەستێنێ بۆ تێکۆشان و بەشداری ڕێکخستنەکانی گەنجانی وڵاتپارێز دەبێت، سەرەڕای کارکردنی بەردەوام، بەڵام عەشقی ئازادیی دەیباتە ناو چالاکیی و ڕێپێوانەکانی شەقامەکانی باشووری کوردستان.
لەسەروبەندی هێرشی تیرۆریستی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال و ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی 2014، لە سیما و ئاخاوتنەکانییدا توڕەییەکی زۆر بەدی دەکرێت و وەک شاتوو محەمەدی خوشکی دەڵێت: بەردەوام لێگەڕینی بۆ بارودۆخی ئەو ناوچانە هەبوو، دەیبینی چەتەکانی داعش هێرش دەکەنە سەر منداڵ و گەنج و دایکانمان، بڕیاری بەشداربوون و بەرگریی کردن لە نیشتمان لەمێشکیدا سەوز دەبێت.
لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی سەفەربەریی بۆ شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ساڵی 2019، جارێکی دیکە پارچەکانی وڵات بە یەکەوە گرێدەداتەوە و بەزوویی خۆی دەگەیەنێت بە ڕۆژاوای کوردستان، لەکاتی ڕۆشتنیشیدا نامەیەک بۆ براکەی جێدەهێڵێت و بۆی دەنووسێت: “دیارنییە ئێمە یەکدی دەبینینەوە یاخود نا.”
ئاگر کوردستان برای شەهید دەڵێت: بەو ئامانجە نەڕۆشتبوو کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە، برینداربوون و ناڕەحەتی و شەهیدبوونی لەبەرچاو گرتبوو، شەهید زەردەشت، لەهەر جێگایەک درکی بە داگیرکاریی بۆ سەر خاک بکردایە، هەر زوو چەکی شۆڕشی لەشان دەکرد و بەرەو ڕووی داگیرکەران هەنگاوی دەنا.
شەهید زەردەشت لەو سەرەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و لە ناو تونێلەکانی بەرخۆداندا هەمیشە هیوا و ورەی دەبەخشییەوە و لە یەکێک لە دەرکەوتنەکانییدا دەڵێت: داگیرکەران هەمیشە لەهەوڵدان تاوەکوو کوردستان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، لە دژی ئەو هەوڵانەش گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە و بەئیرادەی بەرزەوە لەناو تونێلکانی بەرخۆداندا وەستاونەتەوە و بەخوێنی خۆیان بەرگریی لە خاک دەکەن.
ئیرادەی زەردەشت باشووری، هیوایەکی گەورە بە خانەوادەکەی دەبەخشێت، کە سوورتربن لەسەر ڕێبازی شەهیدان، خوشکەکەی دەگەینێت بەو بڕیارەی بەشداریی لە کار و خەباتی ڕێکخستنەکانی گەنجانی وڵاتپارێز، هەروەها براکەی بە ناوی ئاگر کوردستان بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا ببێت.
ئەشقی ئازادیی، زەردەشت باشووری دەگەیەنێت بە پیرۆزترین مەقام، وەک هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕایانگەیاندووە: زەردەشت باشووریی بە وشیاریی بەرزی نەتەوەییەوە لەسەر ڕێبازی گیانبازیی بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا کردووە.
دواجار لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە24ی ئایار لە ناوچەی زاپ، شەهید دەبێت و دەچێتە کاروانی نەمرانەوە و بەخوێنی خۆی ناوی لەتابلۆی بەرزی شەهیداندا دەنووسێتەوە.
” هەست دەکەم من قارەمانێکم پەروەردەکردووە، کە توانیویەتی بگات بەبڕیاری بەشداربوون لەڕیزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان، بێگومان گەر تێکۆشانی گەریلاش نەبێت، دەمێک بوو کوردستان بەتەواوی دەکەوتە ژێر دەستی داگیرکەران، بەڵێنیش دەدەین لەسەر ڕێبازیان بەردەوامبین” ئەمە وتەی دایکی بوو پاش شەهید بوونی.[1]