سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 10 ساڵە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییە و ئەگەر پشکی هەرێم لە بەغداوە پارێزراوبێت پێویستە یاسای بودجەمان هەبێت و لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت کێشەی مووچە و زۆرێک لە کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن.
#زیاد جەبار# سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، 10 ساڵە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییە، ئەگەر پشکی هەرێم لە بەغداوە کە بەپێی یاسای بودجە دیاریکراوە پارێزراو بێت پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە هەرێمی کوردستانیش یاسای بودجەی هەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یاسای بودجە کێشەی مووچە و زۆرێک لە کێشە داراییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات و دەتوانرێت بودجە بۆ سەرجەم سێکتەر و ناوچەکان بە یەکسانی دابەشبکرێن. [1]