باوکم (#کەمال شا محەمەد ئەمین#) یەکەم قوتابخانەم بۆ فێربوونی میهرەبانی
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک تازە کلینیکم دانابوو ، ڕۆژنامەنووسێک هاتە لام کە گۆڤارێکی وەرزشی هەبوو، دەیویست بابەتێکی بۆ بنووسم بۆ گۆڤارەکەی، دوای ئەوەی باسی بابەتەکەمان کرد وتی: دکتۆرە من دەمێکە خێزانی ئێوە ئەناسم بە تایبەت باوکی ڕەحمەتیت چیرۆکێکم هەیە لەگەڵیدا!
منیش بە پەرۆشیەوە لێمپرسی ، بەڕاست؟ ئا توخوا چییە بۆم باسبکە.
وتی: دکتۆرە من منداڵ بووم ، باوەژنم هەبوو ، ڕۆژێک باوکم زۆر لێم تووڕەبوو و منیش لەماڵ هەڵهاتم ، ئیتر لەسەر شەقامێک دانیشتبووم دەگریام، کاک کەمال بەویادا تێپەڕی پێیوتم: کوڕم ئەوە بۆ وا دانیشتوویت؟ کوا کەسوکارت .
وتی لە پێشدا ترسام ، بەڵام باوکی ڕەحمەتیت زۆر میهرەبان بوو، ئیتر بە ئاسانی قسەی دڵی خۆمم بۆم گێڕایەوە، ئەویش وتی کێشە نییە با لەپێشدا بتبەم خواردنێک بخۆین ، دوای نانخواردن بردمی قاتێک جلیشی بۆ کڕیم، ئینجا وتی ئێستا ناونیشانی ماڵەکەتانم بەرێ، کە ناونیشانەکەم پێدا بردمیەوە ماڵێ ، باوکمی بانگ کردە دەرەوە و وتی با دوو سێ قسەت پێ بڵێم:
ئەگەر ئەم جارە خراپ بن لەگەڵ ئەم کوڕەت بەبێ هۆکار و لێی بدەن، دڵنیا بە من ئەیکەم بە کوڕی خۆم و هەرگیز نایبینیتەوە.
ئیتر لەو ڕۆژە وە باوکت چووە دڵی منەوە و هەرگیز ئەو یادەوەریەم لە یاد نەچووە وە کە ڕاپەڕین ڕوویدا و دوای زانیم شەهید بووە ، بەڕاستی خەفەتبار بووم، بۆیە هەرگیز ئێوە خەفەتبار مەبن بۆ باوکتان، چونکە لە یادەوەری چەندان کەسی وەکوو مندا زیندووە.»
ئەم چیرۆکە و سەدان چیرۆکی وا ڕۆژانە لەبارەی باوکمەوە هاتۆتە بەر گوێم و خەڵکانێک بۆیان گیڕاومەتەوە کە بەتەواوی غەریبە بوون بە من، بۆیە لە ڕۆژی باوکاندا دەڵێم هەزار ڕەحمەت لە گۆڕت کە ئێمەت فێرکرد پێش هەموو شتێک مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و میهرەبان بین، هیوای تەمەندرێژی و لەشساغی بۆ دایکی ئازیز و خۆشەویستم کە خۆی لەخۆیدا زانکۆیەکە بۆ مرۆڤایەتی.
=KTML_Boldتیبینی:=KTML_End= وێنەکە من (هەڤین) و دایک و باوکم و دێرەی خوشکمە کە دووساڵ لەمن منداڵترە. [1]