ناونیشانی بابەت: بۆچى تا ئێستا تاوانى جەنگ بەردەوامە؟
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
بیست و پێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا لە چەندین وڵات جەنگ و تاوانى جەنگ بەردەوامە. ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکارەکەى دەگێڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونى دەوڵەتان لە دادگایکردن و سزادانى ئەو تاوانبارانەى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ ئەنجام دەدەن. چاودێرانیش پێیان وایە تا زلهێزەکانى وەک ڕووسیا و چین و ئەمەریکا نەبنە ئەندام لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی، تاوانبارانی جەنگ دەدەن بە ئارەزووی خۆیان کارەکانیان دەکەن و بەبێ سزا دەمێننەوە.
لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دوو جەنگى جیهانى ڕوویدا، تووندوتیژیی بەکۆمەڵ لە چەندین وڵاتدا ڕوویدا، بەپێی هەندێک خەمڵاندن نزیکەی (170) ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی ڕووبەڕووی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بوونەتەوە.
هەرچەندە لەدواى کۆتایهاتنى جەنگە جیهانییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیمانیان دا “جارێکى دیکە جەنگەکان ڕوونەدەنەوە”، بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا، سەدان هەزار و لە هەندێک حاڵەتدا ملیۆنان کەس لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان کوژران، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەئاستیداندا دەستەوەستان بوو.
=KTML_Bold=“لە ڕوانداوە بۆ ڕۆما”=KTML_End=
لە ساڵی (1994) لە ڕواندا لە ماوەی سەد ڕۆژدا، ئەندامانی هۆزی هۆتۆی دەسەڵاتدار نزیکەی (800) هەزار کەسیان لە هۆزی توتسی کوشت. سەرەڕای بوونى زانیاری درووست و باوەڕپێکراو سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە خەریکە لە ڕواندا ڕوودەدات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە ئەندامەکانى و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتەکە دەستوەردانیان نەکرد. دواى ڕوودانى ئەو کۆمەڵکوژییە، بیرۆکەی دامەزراندنى دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی هاتە کایەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دەرباز بوون لە سزا لەسەر خراپترین دڕندەیی کە مرۆڤەکان ئەنجامى دەدەن. ئەوە بوو
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوینی ساڵی (1998) لە ڕۆما لە کۆنفرانسێکی دیپلۆماسی گەورەدا بە چاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. بەمەبەستى دانووستان لەسەر یاسایەک بۆ درووستکردنی دامەزراوەیەک کە دەسەڵاتێکی دادوەری فراوانی هەبێت، بۆ دادگایکردنی ئەو کەسانەى کە بە ئەنجامدانى مەترسیدارترین تاوانەکان لە جیهاندا تۆمەتبار دەکرێن. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی کە بە “پەیڕەوی بنەڕەتى ڕۆما” ناسراوە واژوکرا، کە بە پەیڕەوی کارکردنى ئەو دەستە دادوەرییە باڵا هەمیشەییە دادەنرێت. لە کۆنفرانسەکەدا (120) دەوڵەت دەنگیان بە بڕیاری دامەزراندنی دادگاکە دا، حەوت دەوڵەت دەنگی نەخێر و (21) دەوڵەتیش بەشداری دەنگدانیان نەکرد، بەڵام ئەم دەنگدانە بەس نەبوو تاوەکوو دەوڵەتەکە بەکردارى ببێتە ئەندامى دادگاکە، بەڵکوو پەسەندکردنى پەیڕەوى دادگاکە لەلایەن پارلەمانى وڵاتانەوە کرایە مەرج، تاوەکوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
=KTML_Bold=“بەرەى ئەمەریکا و دەوڵەتانى عەرەبى”=KTML_End=
سەرەڕای پشتیووانییەکی زۆری جیهانی، زلهێزە سەربازییە گەورەکانی جیهان لە دژی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی دەنگیاندا، ئەمەریکا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوپەیمانی نامۆدا لە دژی پەسەندکردنی یاساکە وەستایەوە، هەروەها بەردەوام ئارگۆمێنتی دژی دادگا و یاساکەی دەوروژاند، هەرچەندە بڕگە جەوهەرییەکانی پەیماننامەکە سازشى گەورەى لەخۆگرتبوو بۆ ڕەواندنەوەى نیگەرانییەکانی ئەمریکا کە لەپێش و لە کاتی دانووستانەکاندا دەریدەبڕى.
ئەم پەیماننامەیە لە ساڵی (2002) دواى پەسەندکرانی لەلایەن شەست دەوڵەتەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژمارەی دەوڵەتانی ئەندام تا ساڵی (2016) گەیشتە (124) دەوڵەت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی نەبوونەتە ئەندامى ئەم دادگایە، جگەلە ئوردن، کۆمۆرۆس (جزر القمر) ، تونس، جیبۆتی و فەلەستین، تەنانەت هەندێک دەوڵەت - وەکوو قەتەر، سعودیە، ئێراق، لوبنان و لیبیا - تەنیا پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە.
“=KTML_Bold=دەسەڵات و ئەرکەکانى دادگاکە”=KTML_End=
لە پەیماننامەکەدا هاتووە، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەک “دادگای کۆتایی”، دەتوانێت لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگایى لەگەڵ هەر کەسێکدا بکات کە بە چوار جۆر تاوان تۆمەتبار بکرێت: تاوانی جەنگ، جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕانگێزى. هەروەها دادگاکە لە یەکێک لە مادەکانییدا باسی لەوە کردووە “تەنیا ئەو تاوانانە دەبینێت کە دوای درووستبوونی ئەنجامدراون”، واتە ئەو تاوانانە نابیێت کە پێش درووستبوونى دادگاکە ڕوویانداوە.
سەربارى دیاریکردنى ئەو تاوانانە، بەڵام دەسەڵاتی دادگاکە سنووردار کراوە، بەو پێیەی مۆڵەت بە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی نادرێت ڕێکارەکانی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن ئەنجام بدات، کاتێک دەوڵەتێک نەیەوێت یان نەتوانێت ئەم جۆرە ڕێکارانە لە دژی هاووڵاتییانی خۆی یان هەر کەسێکی دیکە لەسەر خاکەکەی بگرێتەبەر. هەرچەندە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە هەر شوێنێکدا لێکۆڵینەوەکان دەستپێبکات، بەڵام دەتوانێت تەنیا هاووڵاتییان یان دانیشتووانی ئەو وڵاتانە دادگایی بکات کە پەیماننامەکەیان پەسەند کردووە، ئەگەر لەو دەوڵەتەى تاوانەکان تێیدا ڕوویانداوە ڕێگەی لێکۆڵینەوەى پێنەدرێت.
=KTML_Bold=“کەیسەکانى کیشوەرى ئەفریقا”=KTML_End=
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان تا مانگی نۆڤەمبەری (2012) ، لە حەوت وڵاتدا (14) دۆسیەی تاوانکاری بینیوە، کە کۆی گشتی (23) گومانلێکراو یان تۆمەتبار تێیدا بەشداربوون، ژمارەی کەیسەکانى دواتر گەیشتۆتە (31) کەیس، دادوەرەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (38) فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکردووە. لە تۆمارەکانى دادگادا لە کیشوەری ئەفریقا، چوار کەیس هەبوو، یەکەم کەس کە لە بەردەمیدا ئامادەبوو تۆماس لوبانگا بوو، کە سەرۆکی میلیشیایەکی چەکداریى بوو تۆمەتبارکرا بوو بە چەکدارکردنى منداڵان و بەکارهێنانیان لە شەڕەکاندا لە کۆماری کۆنگۆى دیموکراتی. لە ساڵی (2020) دا دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دەستیکرد بە دادگاییکردنی ئەلحەسەن ئاگ مەحمودی تووندڕەو، بەتۆمەتى ناچارکردنى سەدان ژن بە کۆیلایەتی سێکسی لە وڵاتی مالی، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، دادگاکە دەستیکرد بە دادگاییکردنی سەرکردەی میلیشیایەکى ناسراو بە عەلی کوشەیبى کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانى (31) تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دارفور لە سوودان.
=KTML_Bold=کێشەکان و کشانەوەى وڵاتان=KTML_End=
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی مەترسیدار دەبێتەوە، لەوانە: بەهۆی نەبوونی هێزی ئاساییش و پۆلیسى تایبەت بەخۆى، ناچارە پشت بە حکومەتە نیشتمانییەکان ببەستێت، کە هەندێکیان بۆ گرتن و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت و تاوانبارن پابەندى بڕیارەکانى دادگاکە نابن.
پێدەچێت کێشەکە لەو کاتەدا زیاتر ڕوونتر دەربکەوێت کە تۆمەتبار هاووڵاتی بێت یان تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت یان بەرپرسێکی باڵای وڵاتێک بێت، چونکە بێگومان زۆرێک لە وڵاتان نایانەوێت خەڵکی خۆیان دادگایی بکەن. سەربارى ئەوەش نەبوونی متمانەیە بە دادگا ناوخۆییەکان بۆ دادگاییکردنی بێلایەنانەی هاووڵاتییەکانیان لەسەر ئەو تاوانانەی لەدەرەوەی وڵات ئەنجامی دەدەن.
دەوڵەتەکان ناوبەناو لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە، بەتایبەتى کاتێک تووڕە دەبن، بەنموونە دوای ئەوەی سەرۆکی فلیپین “ڕۆدریگۆ دوترێتی” لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کرا، لە چوارچێوەى کەیسى شەڕی ماددە هۆشبەرەکاندا کە حکومەتەکەی بەڕێوەی دەبرد، بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و گەیشتە ئاستى تاوانی دژی مرۆڤایەتی، بۆیە ناوبراو جەختی لەسەر نەبوونی هاوکاری لەگەڵ دادگاکە کردەوە و ڕایگەیاند دانی پێدا نانێت، لەکاتێکدا لە ساڵی (2019) لە پەیمانی ڕۆما کشایەوە. بابەتەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەڕەشەی دەستگیرکردنی داواکاری گشتی پێشووی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، “فاتۆ بنسوودە” بکات.
داواکاری کشانەوە لە دادگای نێودەوڵەتی لە هەڵکشاندایە، زۆرێک لە وڵاتان چاویان لەوەیە بە هەموو شێوەیەک خۆیانى لێ دوور بخەنەوە، یەکەم ئەڵقەی زنجیرەی کشانەوەش لە وڵاتانی ئەفریقاوە دەستی پێ کرد، کە هەندێک لە سەرکردەکانیان تۆمەتبار کران و دادگایی کران بە ئەنجامدانی تاوانى جەنگ، بۆیە هەندێک لە وڵاتانی کیشوەرەکە، لەنێویاندا باشووری ئەفریقا، دادگاکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا ئەفریقییەکان دادگایی دەکات.
=KTML_Bold=“ئەمەریکا: پاڵپشت و نەیارى دادگاکە”=KTML_End=
مامەڵەى حکوومەتى ئەمەریکا لەگەڵ دادگاکە، یەکێکە لە دیارترین نموونەکانى دووفاقى مامەڵەکردنى وڵاتان لەگەڵ ئەم دادگایەدا. چونکە ئەمەریکا پێشوازی لە دادگاییکردنی کەسانی دیکە دەکات لە لاهای، پشتگیری لە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەکات کە تۆمەتبارن بە تاوانى جەنگ، بەڵام بابەتەکە تەواو جیاوازە کاتێک کەیسەکە تایبەت بێت بە هاووڵاتییانى ئەمەریکى. سەرۆکى پێشوترى ئەمەریکا بیل کلینتۆن (1993 - 2001) ، پەیماننامەکەی واژۆکرد، بەڵام ئاماژەی بە “مەترسییەکان سەبارەت بە کەموکووڕییە بەرچاوەکان” لەو پەیماننامەیەدا کرد، بەتایبەتی بێتوانایی لە “پاراستنی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانەی کە بەشداری شەڕیان کردووە و تاوانگەلێکیان ئەنجامداوە کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی پۆلێن دەکرێن”، بەم شێوەیە، پەیماننامەکەی نەخستە بەردەم ئەنجوومەنی پیران بۆ پەسەندکردن، بەڵام پێشنیاری بۆ سەرۆکى دواى خۆى “جۆرج بوش” کرد، بەردەوام بێت لەم سیاسەتە “تا نیگەرانییە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی دەڕەوێنرێتەوە”.
لە ساڵی (2002) ، لەسەر بانگەوازی کۆنگرێسی ئەمەریکا، “جۆرج بوش” ڕێککەوتنی ڕۆمای واژۆ نەکرد، لەبەرانبەردا فشاری خستە سەر حکومەتەکانی دیکە بۆ ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە پابەندیان دەکات بە ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنى هاووڵاتییانی ئەمەریکی بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها یاساى پاراستنى سەربازانى ئەمەریکای واژۆ کرد (هەندێکجار پێی دەوترێت یاسای داگیرکارى لاهاى) ، کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەدات بۆ ئازادکردنی هەر ئەمریکییەک کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستبەسەر بکرێت.
هەرچەندە دواتر ئیدارەی (بوش و ئۆباما) هاوکارییەکی زیاتریان لەگەڵ دادگاکەدا بەدەستهێنا، هەروەها هاوکار بوون بۆ دادگاییکردنی فەرماندە جەنگییەکانی ئەفریقا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دوژمنکارانەترین هەڵوێستی لەبەرانبەر بەو دادگایە گرتۆتەبەر، لە مانگی ئەیلولی (2018) دا دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا “هیچ پشتگیرییەک” پێشکەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناکات، چونکە “هیچ شەرعیەت و دەسەڵاتێکی دادوەری نییە”.
لە ساڵی (2020) ، ئیدارەی ترەمپ سزای ئابووری و سنووردارکردنی ڤیزای بەسەر بەرپرسانی باڵای دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکاندا سەپاند، لەبەرانبەر هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کارمەندانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بڕیارەکەش دوای ڕاپۆرتێکی سەرەتایی دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی هات کە هێزەکانی ئەمریکاى بە ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە ئەفغانستان لەنێوان ساڵانی (2003 و 2004) تۆمەتبار کردبوو.
واشنتۆن ناوەرۆکى ڕاپۆرتەکەى ڕەتکردەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە “بێ بنەما” وەسفی کرد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمەریکا سیستمی لێپرسینەوەی خۆی هەیە، بۆیە ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نابێت.
لە سەردەمی ئیدارەی “بایدن” دا، سیاسەتی ئەمەریکا گەڕاوەتەوە بۆ پاڵپشتی لە دادگاکە. پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی، بایدن - بە ڕەچاوکردنی ڕێبازە خۆگونجاندنەکەی بەرانبەر بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان - سزاکانی ترەمپی بەسەر بەرپرسانی دادگای تاوانى نێودەوڵەتیدا هەڵوەشاندەوە، هەروەها لە مانگی ئازاری (2022) دا، کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد و بووە هۆى ئەنجامدانی دڕندەیی بە قەبارەیەکی بەرفراوان لە شارۆچکەی بوچای ئۆکراینا، سەرۆکی ئەمەریکا هاوتا ڕووسیەکەی بە “تاوانباری جەنگ” ناوبرد و داوای دادگاییکردنی کرد. چەند هەفتەیەک دواتر دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەی لە کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە کۆی دەنگ بڕیارێکی پاڵپشتی لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا پەسەند کرد و ستایشی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی کرد وەک دامەزراوەیەک کە دەسەڵاتی کارکردنی پێدراوە.
بەرپرسانی ڕووسیا بانگەشەى ئەوەیان کرد ئەو دڕندەییانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باس دەکرێن “ساختەن”. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند لە شاری بوچا “هیچ هاووڵاتییەکی ناوخۆیی تووشی هیچ کردەوەیەکی تووندوتیژی نەبووەتەوە”، بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ئامادە نەبوون هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بکەن.
=KTML_Bold=“گومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان”=KTML_End=
بەدەر لە دەوڵەتەکان کە بەزۆری بەرپرسیارییەتی سەرەکی لە بەدواداچوونی گومانلێکراوەکاندا هەڵدەگرن، دەزگایەکی مرۆیی وەک کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش (UNHCR) بەرپرسیارێتى شاردنەوەى تۆمەتبارانى دەکەوێتە ئەستۆ. چونکە (UNHCR) لە ساڵی (2013) بەرپرسیار بوو لە هەڵسەنگاندن و ڕەتکردنەوەی داواکاری پەنابەری لە زیاتر لە پەنجا وڵاتدا. بەڵام (UNHCR) پلەیەکی بەرزی نهێنی دەپارێزێت سەبارەت بەو زانیاریانەی کە پەنابەران پێشکەشی دەکەن.
لەبەرئەوەى (UNHCR) لە ڕێگەى پەیوەندیکردن بە گومانلێکراوەکان، قوربانییەکان یان شایەتحاڵەکانەوە، سەبارەت بە کردەوە تاوانکارییەکان دەتوانێت دەستى بە زانیارى نایاب بگات، بەتایبەتى تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان، بۆیە چاودێران دەپرسن (UNHCR) چی لەو زانیاریانە دەکات کە کۆی دەکاتەوە؟ دەوڵەتان چۆن لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن؟
=KTML_Bold=“بەرپرسیارێتى زلهێزان”=KTML_End=
تا ئێستا “ڕووسیا و چین و ئەمەریکا” وەکوو سێ زلهێزى جیهانى، خۆیان لە بەشداریکردن لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەدوور دەگرن، بۆیە چاودێران دەڵێن ئەو خۆدورگرتنە ڕێگە بە تاوانبارانی جەنگ دەدات بە ئارەزووی خۆیان کارەکانیان بکەن. لەبەرئەوە دەپرسن: کەی ئەم وڵاتانە واز لەو بیرۆکەیە دێنن کە دەڵێت پێویستە ڕێگە بدرێت تاوانبارانی جەنگیى سەربەخۆیان، بێ سزا بمێننەوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەو دەوڵەتانە ببنە ئەندام لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی؟
بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربازبوون لە سزا کاتێک ڕوودەدات کە دەوڵەتان ئەرکەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ جێبەجێ ناکەن، هەنگاوی گونجاو بۆ مسۆگەرکردنى دادگایکردن و سزادانى گومانلێکراوان ناگرنەبەر، هەروەها لە دادگایکردنى گومانلێکراوان لەسەر ئەنجامدانى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ کەمتەرخەمى دەنوێنن.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
اسراء سید: أفە الافلات من العقاب.. متى یحاکم الکبار على جرائمهم؟، موقع نون بوست، تأریخ النشر (20-08-2022) . [1]