ناونیشانی بابەت: سندوقە ڕەشەکەی سەدام
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
بە بنەچە خەڵکی #ڕانیە#یە، لە سەردەمی پاشایەتیدا لە کۆلێژی پزیشکی فەسڵ دەکرێت، عەبدولکەریم قاسم دەیگێڕێتەوە بۆ خوێندن، کەچی دواتر هەوڵی تیرۆرکردنی دەدات. یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی #بەعس# و کەسایەتییەکی نزیکی سەدام حسێن بووە، دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئێراق و نوێنەری ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەنجام موخابەراتی ئێراقی لە شاری بەغدا دەیکوژێت، ئەمە چیرۆکی عەبدولکەریم شێخلی یە.
عەبدولکەریم عەبدولستار شێخلی لە ساڵی (1935) لە شاری بەغدا لەدایکبووە. بنەچەی خێزانەکەی بۆ شارۆچکەی ڕانیەی پارێزگای #سلێمانی# دەگەڕێتەوە، باوکی بووەتە مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەغدا، بۆیە لەوێ نیشتەجێ بوون. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە بەغدا خوێندووە. لە سەردەمی پاشایەتیدا چووەتە کۆلێژی پزیشکی.
=KTML_Bold=تێکەڵاوبوون لەگەڵ بەعس=KTML_End=
لە ساڵی (1954) بووەتە ئەندامی ڕێکخستنەکانی حیزبی بەعس. لە (29-12-1956) ، خوێندکارانی لایەنگری بەعس لە کۆلێژەکاندا خۆپیشاندان دەکەن، شێخلی یەکێک دەبێت لە ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکە لە کۆلێژی پزیشکی، بە و هۆیەوە دەستگیردەکرێت و ڕەوانەی زیندانی مەرکەزی دەکرێت، پاشان بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لە کۆلێژەکەی فەسڵ دەکرێت.
دوای شۆڕشی (14/تەمموز/1958) و ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی، بە بڕیاری عەبدولکەریم قاسمی ڕێبەری شۆڕشەکە، شێخلی دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن، بەڵام لەبری درێژەدان بە خوێندن، لە (07-10-1959) سەرپەرشتی پڕۆسەی تیرۆرکردنی قاسم دەکات و بە و هۆیەوە ئێراق جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان دەچێتە میسر.
هانی فکێکی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی بەعس لە بیرەوەرییەکانییدا، دەڵێت: لە کۆتاییەکانی ساڵی (1958) دا ئێمە لە شارۆچکەی حەرەستای سووریا بووین، ڕاهێنانمان لەسەر چەک دەکرد. لەوێ کتوپڕ عەبدولکەریم شێخلیمان بینی، حیزب لە بەغداوە ناردبووی بۆ ڕاهێنان لەسەر چەک، لەوە زانیمان کە حیزب وەکوو بەشێک لە پڕۆسەیەکی تەواوەتی کودەتا، پلانی بۆ تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم داڕشتووە.
دوای گەڕانەوەی لە سووریا، شێخلی لە ناوچەی حەسوەی نزیک لە شارۆچکەی موسەیەب سەرپەرشتی تیمی جێبەجێکردنی پڕۆسەی تیرۆرکردنی قاسم دەکات، سەرباری ئەوەی خۆشی یەکێک دەبێت لە تەقەکەرە سەرەکییەکان لە ئۆتۆمبێلەکەی قاسم لە شەقامی ڕەشیدی بەغدا.
ئەو تاقمە وەکوو پلانیان بۆ داڕشتبوو، ئێوارەی (7/10/1959) تەقە لە قاسم دەکەن، لە ئاکامدا قاسم و یاوەرەکەی بەناوی قاسم جەنابی بریندار دەبن و شۆفێرەکەشی دەکوژرێت، لە هێرشبەرانیش عەبدولوەهاب غەریری کوژرا، سەمیر نەجم و سەدام حسێن-یش برینداربوون.
دوای ڕووداوەکە، شێخلی لە دەستگیرکردن ڕزگاری دەبێت و بەرەو سووریا هەڵدێت، لەوێ هەوڵدەدات زانکۆ تەواوبکات، بەڵام بەهۆی لەمپەڕەکانی سەرۆکی زانکۆوە ناتوانێت بخوێنێت، بۆیە ڕوودەکاتە میسر و لەوێ زۆر پەرۆشی خوێندن نابێت. دوای سێ ساڵ مانەوە لەو وڵاتە، بە نهێنی دەگەڕێتەوە بۆ ئێراق، لە ئێراقیش سەرقاڵی کاری حیزبی دەبێت و ناچێتەوە بۆ زانکۆ، تا ئەو ڕۆژەی مرد قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی نەبڕی.
=KTML_Bold=“لەگەڵ سەدام”=KTML_End=
شێخلی لە کۆتایی (1959) هەتا (1963) لە میسر دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا لەگەڵ سەدام حسێن پێکەوە لە ژورێکدا دەژین. بە و هۆیەوە ئاگاداری ورد و درشتی چالاکی و جموجۆڵەکانی سەدام دەبێت، هەر لەوێوە نازناوی گەنجینەی ڕاستەقینەی نهێنییەکانی سەدامی بەسەردا دەبڕێت. بەڵام هەتا لە ژیاندا بوو هیچ کام لەو نهێنیانەی نەدرکاند، لە دوای خۆشی هیچ نووسراوێکی لەبارەی ژیاننامە و بیرەوەرییەکانی بەجێنەهێشت.
سەدام دوای ئەوەی گەیشتە دەسەڵات و کاری بە شێخلی نەما، کەوتە سەرکۆنەکردنی. بۆیە لە کۆبوونەوەیەکی حیزبیدا وتی: عەبدولکەریم شێخلی ڕازگری سەرکردایەتی لقی میسر بوو، ئەم لقەش بەرپرس بوو لە سەرکردایەتیکردنی ڕێکخستنەکانی حیزب لە مەغریبی عەرەبی و فەڵەستین و کوەیت و یەمەن و سعودییە. کەچی کەسێکی تەمەڵ بوو، گەنجێکی گورج و گۆڵ نەبوو. ئەو ڕۆژگارە ئێمە کاتی جموجۆڵ و کۆبوونەوە حیزبیەکانمان خستبووە پێش خۆرهەڵاتن، ئەوکاتە دەرگاوانی باڵەخانەکە نووستبوو، هیچ کەسێک نەیدەتوانی چاودێری هاتن و ڕۆیشتنمان بکات، یاخود دیاری بکات و دەزگا ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە، کەچی شێخلی حەزی لە خە و بوو، هەر کاتێک هەوڵمدەدا خەبەری بکەمەوە تاوەکوو چاوی بە و هاوڕێیانە بکەوێت کە بەرپرسیان بوو، وەڵامی نەدەدایەوە. منیش چارم نەبوو دەبوو بڕۆم و مەوعیدێکی دیکەی بۆ ڕێکبخەم، پاشان بێمەوە و سەرلەنوێ خەبەری بکەمەوە تاوەکوو بچێت چاوی بە هاوڕێکانی بکەوێت و لەگەڵیاندا کۆببێتەوە. ئەو لەسەر ئەم دۆخەی بەردەوام بوو.
=KTML_Bold=“گەڕانەوە بۆ ئێراق”=KTML_End=
لە سەروبەندی ڕووداوەکانی (8/شوبات/1963) دا، شێخلی و سەدام دەگەڕێنەوە بۆ ئێراق و پێکەوە لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کاردەکەن، کۆشکی (نیهایە) دەبێتە بارەگای ئەم نووسینگە نوێیە، هەموو دەستەکانی لێکۆڵینەوە سەر بەم نووسینگەیە بوون.
شێخلی ماوەی سێَ مانگ لەو نووسینگەیە دەمێنێتەوە. پاشان بە یاریدەدەری پاشکۆی سەربازی ڕەوانەی باڵێوزخانەی ئێراق لە بەیرووت دەکرێت. شەش مانگ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئێراق، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبدا کاردەکات.
لە ئازاری (1964) تا ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر، دەکرێت بە ڕازگری سەرکردایەتی قوتری بەعس و بەرپرسی پەیوەندییەکان، لەکاتێکدا سەدام ئەندامی ئەم سەرکردایەتییە بووە. لە (14/ئۆکتۆبەر/1964) دەستگیر دەکرێت، ڕۆژی (23/تەمموز/1966) دوای نزیکەی دوو ساڵ مانەوە لە زینداندا، سەدام و شێخلی لە زیندان هەڵدێن. لەو ماوەیەشدا دووچاری ئەشکەنجەیەکی سەخت دەبێت، بەهۆیەوە زۆرینەی ڕێکخستنەکانی حیزب ئاشکرا دەکات.
لە (1964) بە دانان نەوەکو هەڵبژاردن، دەکرێت بە ئەندامی قیادەی قوتری، لە کۆنگرەی شەشەمی بەعسدا لە ساڵی (1966) بە هەڵبژاردن ئەو پۆستە وەردەگرێت، لە کۆنگرەی نۆیەمی نەتەوەیی بەعس کە لە شوباتی (1968) بەسترا، بەبێ ئەوەی خۆی ئامادەبێت، بە ئەندامی سەرکردایەتی نەتەوەیی (قیادە قومی) هەڵبژێردرا. لەوکاتەدا سەدام هێشتا بە و پلە گەورە حیزبیە نەگەیشتبوو.
=KTML_Bold=“کودەتای بەعسییەکان”=KTML_End=
ڕۆژی (17/تەمموز/1968) ئیڤایەکی سەربازی کە سەدام حسێن و عەبدولکەریم شێخلی و ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی بەعسی هەڵگرتبوو، لە ماڵی کەریم نەدا تکریتییەوە بەرەو کۆشکی کۆماری بەڕێکەوتن. ئۆتۆمبێلێکی مارسیدسی سپی کە حەردان تکریتی خاوەنی لێی دەخوڕی لەپێشیانەوە دەڕۆیشت.
کاتێک گەیشتنە بەردەم کۆشک، عەبدولڕەحمان عارفی سەرداری کۆشکەکە لە خەوێکی قوڵدا بوو، تاقمێکی ناو کۆشک کارئاسانیان بۆ چونە ژورەوەی ئەم تاقمە کرد، بە و هۆیەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت.
دوای دوو هەفتە لەو کودەتایە، شێخلی دەکرێتە وەزیری دەرەوە. کەچی هەر دەستبەرداری قەسر نیهایە نابێت و زووزوو سەردانی دەکات. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە وەزیری دەرەوە بوو، کارەکەی زیاتر هەواڵگری بوو وەک ئەوەی دیبلۆماسی بێت، چونکە زیاتر ئەولەویەتی بە کاری موخابەرات دابوو، کاری دیبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەلای ئەو پلە دوو بوون. تەنیا پاش نیوەڕوان دەچووە بینای وەزارەت. چونکە زۆربەی کاتەکانی لە قەسر نیهایە بەسەردەبرد. ئەو هۆگری کاری لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان و دانپێدانان بوو، ئارەزوی لە کارکردن بوو لە شوێنە توندوتیژەکاندا.
لە (09-11-1969) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەستووری کاتی هەمواردەکاتەوە، بەگوێرەی هەموارەکە ئەندامە ئێراقییەکانی سەرکردایەتی قوتری و نەتەوەیی دەبوونە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش. لەو ساتەوە سەدام بووە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و شێخلی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش.
=KTML_Bold=“وەزیری دەرەوە”=KTML_End=
ئێوارەی (30/ تەمموز) ئەحمەد حەسەن بەکر کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکدەهێنێت. بەر لە ڕاگەیاندنی کابینەکە، بڕیار دەدرێت حامید جبوری بکرێتە وەزیری دەرەوە، بەڵام عەبدولکەریم شێخلی تامەزرۆی ئەو پۆستە بوو، بۆیە دەستی جبوری دەگرێت و دەچنە ژورێکی تەنیشت ژورەکەی بەکرەوە، شێخلی داوا لە جبوری دەکات دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی دەرەوە ببێت و ئەویش قایل دەبێت، بۆیە شێخلی و جبوری پێکەوە دەچنە لای بەکرو هەواڵەکەی پێ ڕادەگەیەنن. سەدام-یش بە و کارە خۆشحاڵ دەبێت.
وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە لەلایەن شێخلییەوە، دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەیشتنی پیاوانی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە و جەلادەکانی ناو زیندانەکان بۆ سلکی دیبلۆماسییەوە. لەو ڕۆژەوە سەدام و تاقمەکەی لە نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکان (دواتر ناوەکەی بووە موخابەرات) دەستیانکرد بە تێکەڵکردنی پیاوانی ئاساییش و هەواڵگری لە وەزارەتی دەرەوە، لە باڵێوزخانەکانی ئێراق لە جیهاندا، تاوەکوو کاری موخابەراتی و دیبلۆماسی بوونە دوو ڕووی یەک دراو، بەڵکوو ئەرکی باڵێوزخانەکانی ئێراق لەدەرەوە زیاتر بووە هەواڵگری نەوەکو دیبلۆماسی.
لەسەر ئەو بنەمایە، بەرزان تکریتی لە سەرۆکی موخابەراتەوە دەکرێت بە نوێنەری هەمیشەیی ئێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، یاریدەدەرەکەی لە موخابەرات کە ناوی فازیل سەلفیج عەزاوی بوو، لە هەمانکاتدا پورزاشی بوو، دەکرێتە باڵێوزی ئێراق لە هیندستان، عەبدولڕەحمان ئەحمەد دوری بەڕێوەبەری کارگێڕی ئاساییشی گشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەکرێتە باڵێوزی ئێراق لە مۆسکۆ. ڕافیع دەحام مجۆل تکریتی لە باڵێوزی ئێراق لە تورکیاوە دەکرێت بە سەرۆکی موخابەرات. ئەحمەد حسێن سامەڕایی کە یەکێکبوو لە ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە لە نەیارانی شۆڕش و ئەو سەرمایەدارانەی پارەکانیان ڕەوانەی دەرەوە کردبوو، دەکرێتە باڵێوز لە ڕۆمانیا. دواتریش لە ساڵی (1991) کرایە وەزیری دەرەوە. فاروق حیجازی یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەزگای موخابەرات دەکرێتە باڵێوزی ئێراق لە تورکیاو دواتریش لە تونس.
=KTML_Bold=“باڵێوزی بیانی”=KTML_End=
یەکێک لە داهێنانەکانی شێخلی لە سەردەمی وەزیریدا، دانانی کەسانی غەیرە ئێراقی بوو لە باڵێوزخانەکانی ئێراق لە وڵاتانی دەرەوە. بە نموونە پارێزەری لوبنانی جیهاد کەرەم ئەندامی سەرکردایەتی قوتری حیزبی بەعس لە لوبنان، کرایە باڵێوزی ئێراق لە هیندستان، پاشان گواسترایەوە بۆ بەرازیل و بۆ ماوەی سیازدە ساڵ لە (01-01-1971) تا (27-12-1983) لەو پۆستەیدا مایەوە.
باڵێوزی دووەم پزیشکی ئوردنی عەبدولکەریم کەرا#سنە# بوو، بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکی لە بواری دیبلۆماسیدا هەبێت، کرایە باڵێوزی ئێراق لە جەزائیر. بەهۆی نەشارەزایی لە کاری دیبلۆماسی لەگەڵ حکومەتی جەزائیر تووشی کێشە هات، ئەوەش ئێراقی ناچارکرد دوای چەند مانگێک لە دامەزراندنی بە باڵێوز، بڕیاری گەڕانەوەی بدەن بۆ ناو دیوانی وەزارەت، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، لەبری ئەوە گەڕایەوە بۆ ئوردنی زێدی خۆی. پاش ماوەیەک نامەیەکی ئاڕاستەی باڵێوزخانەی ئێراق لە عەممان کرد، تیایدا هێرشیکردە سەر وەزارەتی دەرەوەی ئێراق و هەموو ئێراق و پاسپۆرتە دیبلۆماسییەکەی بۆ گەڕاندنەوە، لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیبووی “شەرەفمەند نیم بە هەڵگرتنی پاسپۆرتەکەتان”.
باڵێوزی سێیەم زەید حەیدەر بوو، ئەو کوڕی خانەوادایەکی ناسراو بوو کە لە سووریاو لوبنان دەژیان. ئەو لە ساڵی (1929) لە شاری بەعلەبەکی لوبنان لەدایکبووە. دکتۆرای لە زانست لە یۆگسلاڤیا بەدەستهێناوە. لە ساڵی (1968) بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی نەتەوەیی حیزبی بەعس. لە سەردەمی شێخلیدا کرایە باڵێوز لە بەلەگراد. دوای چەندین ساڵ گوازرایەوە بۆ بەرازیل و پاشان بۆ برۆکسل و دواتر بۆ دیوانی وەزارەت، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغداو هەر لە ئەوروپا مایەوە.
باڵێوزێکی دیکە کەسایەتی پڕ لە ڕەمزو ڕاز عەلی سومێدەیە. عەلی محەمەد سمێدە ساڵی (1935) لە تونس لەدایکبووە. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردودا بە پاساوی ئەوەی ژیانی لە مەترسیدایە و نەیاری حکومەتی وڵاتەکەیەتی، سەرەتا ڕوودەکاتە فەرەنساو پاشان دەچێتە سووریاو لەوێ دەگیرسێتەوە. لە سووریا دەبێتە ئەندامی حزبی بەعس و دەست بە کارکردن دەکات، بەڵام پاش ئەو دابەشبوونەی لەناو ئەو حزبەدا ڕوودەدات، ناوبراو سووریا بەرەو ئێراق جێدەهێڵێت.
لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا دێتە ئێراق. لە سەردەمی شێخلیدا دەکرێتە باڵێوزی ئێراق لە پۆڵەندا و پاشان بۆ فلیپین دەگوازرێتەوە، دواتر دەکرێتە یاریدەدەری نوێنەری هەمیشەیی ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان. دوای ئەوەی موخابەراتی ئێراق ئاشکرای کرد عەلی و حسێنی کوڕی بوونەتە سیخوڕو لە بەرژەوەندی نەیارانی ئێراق کار دەکەن، جارێکی دیکە بە ئێراقدا نەهاتەوە و بەرەو کەنەدا هەڵاتن.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لە سەردەمی شێخلیدا کرانە باڵێوز، عەرەبێکی سووری بوو بەناوی (عەبدو الدیری) ، سەرەتا کرایە باڵێوزی ئێراق لە سریلانکا، پاشان بۆ کەنەدا، پورتوگال و سویسرا گوازرایەوە، کاتێک بانگ کرایەوە بۆ بەغدا، نەگەڕایەوە و لە کەنەدا نیشتەجێ بوو، ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرت.
=KTML_Bold=“دوورخستنەوەی شێخلی”=KTML_End=
چیرۆکی هاوڕێیەتی شێخلی و بەعس تا سەر بەردەوام نابێت. بەڵکوو بە ڕێکەوتنێکی نهێنی تەواوی پۆستە حیزبی و حکومییەکانی لێ دەسەنرێتەوە. لەوبارەیەوە ئەندامی سەرکردایەتی بەعس تایە عەبدولکەریم لە بیرەوەرییەکانییدا دەڵێت: لە کۆتایی ئەیلولی (1971) سەرۆک بەکر هاتە کۆبوونەوەی سەرکردایەتییەوە، لە دۆخێکی توڕەیی و هەڵچوندا بوو، پرسی کەریم شێخلی لەکوێیە؟ سەدامی جێگری وەڵامی دایەوە، ئەو لە ئەرکێکی فەرمیدایە لەدەرەوەی وڵات. بەڵام ئەحمەد حەسەن بەکر وتی کەریم شێخلی بایەخ بە کارە تایبەتەکانی دەدات لەسەر حیسابی بەرپرسیارییەتییە فەرمی و حیزبییەکانی، بۆیە پێویستە لە هەموو بەرپرسیارییەتییەکانی دەربکرێت.
لەدرێژەی گێڕانەوەکەیدا عەبدولکەریم دەڵێت: بەپێی ڕێکەوتنێک لەنێوان سەدام و بەکر، ئەو بابەتە شەوی پێشتر ڕێکخرابوو، بۆ دورخستنەوەی هەریەکە لە شێخلی و سەمیر عەبدولعەزیز نەجم جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەربازی (جێگری سەدام) و ساڵح مەهدی عەمماش.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە، شێخلی دەکرێیە نوێنەری هەمیشەیی ئێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دەزگای موخابەرات بەوردی هەموو جموجۆڵێکی دەخەنە ژێر چاودێرییەوە. لە کۆتایی ساڵی (1974) دا دەگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا. لە مانگی شوباتی (1978) بەناوی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دەوری باڵێوزانی ئێراق لەدەرەوەی وڵات، بانگ دەکرێتەوە بۆ ئێراق.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، بە تۆمەتی ناوزڕاندنی سەرۆک بەکر و سەدامی جێگری بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ڕەوانەی موخابەرات دەکرێت، پاشان سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەردەکرێت، بەڵام تەنیا دوو ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە، پاش ئەوەی بەڵێن دەدات چیدی کار و چالاکی حیزبی یان فەرمی نەکات، بڕیاری لێبوردنی بۆ دەردەچێت.
=KTML_Bold=“کۆتایی شێخلی”=KTML_End=
بە ماوەیەکی کەم دوای ئازادبوونی لە زیندان، شێخلی دەکوژرێت. ئەو لە مانگی شوباتی (1980) ، لە گەڕەکی ئەعزەمییە دەچێت تاوەکوو کرێی کارەبا و ئاوی ماڵەکەی بدات، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت. لە دوای کوژرانی، میدیای فەرمی حکومەتی ئێراق بڵاویکردەوە شێخلی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کێشە کۆمەڵایەتییەکە ئەوە بووە سەدام داوای لە شێخلی کردووە لەگەڵ زڕخوشکێکی هاوسەرگیری بکات، بەڵام شێخلی لە وەڵامدا پێیوتووە من پزیشکم چۆن لەگەڵ کچێکی لادێی هاوسەرگیری دەکەم کە خوێنەواری نییە. ئەوەشی ئەم بۆچونە بەهێزدەکات ئەوەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە نیسانی (2003) ، سەبعاوی ئیبراهیم تکریتی زڕبرای سەدام، لە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەدا وتی: من ڕاسپێردرابووم بۆ کوشتنی شێخلی، ئەو کردەوەیەشم لە ئەعزەمییە ئەنجامدا.
بەدەر لە گێڕانەوەی فەرمی حکومەت، هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لە هۆکاری سیاسی دەکەن لە پشت کوشتنی شێخلییەوە. بە نموونە حەسەن عەلەوی دەڵێت: خەیروڵا تڵفاحی خاڵی سەدام پێیوتین من بە یەک ڕستە بە سەدامم وت: ئەگەر شێخلی نەکوژیت، ئەو دەتکوژێ، بۆیە بۆ خۆت باشترە بیکوژی.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بەوە دەکەن هۆکاری کوشتنەکەی ئەوە بووە، سەدام بڕوای وابووە دوای ئەوەی بەکر لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە و خانەنشین کراوە، شێخلی پەیوەندی بە بەکرەوە کردووە، تاوەکوو هەوڵی گەڕانەوەی بەکر بۆ دەسەڵات بدەن.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
تاڵب ئەلحەسەن: بعث العراق فی ظل قادتە من الکرد المستعربین، طبعە الاولی، 2015، دار اور للنشر. [1]