پاش ئەوەى بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە ئەڵمانیا، بەیانیى ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی #26-06-2023# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەرلین لەگەڵ خاتوو سڤینیا شوولتز وەزیرى هاریکاریى ئابوورى و پەرەپێدانى ئەڵمانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان، هاریکاریى هاوبەشى هەردوولا لە بوارە جیاکاندا، دۆخى #شەنگال# و ئێزدییان و ئاوارە پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و مەترسییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لەسەر ئێراق، تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیرى و هاوکارییەکانى ئەڵمانیاى بۆ ئێراق و هەرێمى کوردستان کرد و خۆشحاڵیى خۆى بە ڕێککەوتنەکانى ئەم دواییەى نێوان ئەڵمانیا و ئێراق دەربڕى و خواستى هەرێمى کوردستانى دووپات کردەوە بۆ برەودانى زیاتر بە پەیوەندییەکان و هاریکاریى هاوبەشى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا.
خاتوو سڤینیا شوولتز، بەردەوامیى پشتگیرى و خواستى وڵاتەکەى بۆ هاریکارى لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان دەربڕی بەتایبەتى لەو بوارانەدا کە پێویستن وەک وەبەرهێنان و مەشق و ڕاهێنان لە بوارە جیاکاندا و فرەچەشنکردنی ئابووری بە شێوەیەک یارمەتیدەر و هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێراق و هەرێمی کوردستان. [1]