ناونیشانی بابەت: بەداخەوە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمانی ئەخلاقی و فکری دەڕوات
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بەداخەوە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمانی ئەخلاقی و فکری دەڕوات، بەداخیشەوە دەسەڵات و ڕاگەیاندن پشکی شێریان بەردەکەوێت وەک هۆکارێک بۆ ئەو داڕمانە, لەگەڵیشیدا تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە پشکەکەی تری بەردەکەوێت بەهۆی توندڕەوی و جنێوفرۆشیەوە.
لەم سەردەمی هیچوپوچییەدا وەک چۆن ئالان دۆنۆی فەیلەسوفی کەنەدی لە پەڕتووکەکەیدا «سیستەمی هیچووپوچی » باسی لێوەدەکات ، گەمژەکان بە پاڵەوان دەکرێن وهەواڵە هیچوپوچەکان گەورە دەکرێن، تەنانەت لە ئێستادا لەزۆربەی وڵاتان بەگشتی و بەتایبەتتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتە ئەوروپیەکان، تەختەی ئاگاداری ھەڵدەواسرێت لەشوێنە گشتییەکاندا، کەتیایدا نووسراوە:
( تکایە، گەمژەکان چیدی بەناوبانگ مەکەن!)
Stop making stupid people famous
وەک ڕێگرییەک بۆ ئەو هەرەسە فیکری و داڕمانە ئەخلاقییەی هەموو هەسارەکەی گرتۆتەوە.
ئێمە خۆمانیین دێن کچە مۆدێل و جنێوفرۆشی ناو تیکتۆک بەناوبانگ دەکەین بەلایک و کۆمێنتەکانمان و دەسەڵاتیش پاڵپشتیان دەکات و سەرمایەکی زۆر دەخاتە بەردەستیان و ڕاگەیاندنیش ئەو پاڵپشتییە پەرەپێدەدات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان، فڵان مۆدێل دووگیانە، فیسار تێکتۆکچی هاوسەرگیری کرد، فڵان بوو بەخاوەنی پڕۆژە...هتد
لەڕاستیدا ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئێمە گەنجە بەهرەمەندەکانمان پشتگوێ دەخەین، بەزۆر دەمانەوێت هاوردەیان بکەین بۆ تاڕاوگە و بۆ ئەوەی لەوێ ژیانێکی باش بۆ خۆیان دەستەبەربکەن و چەندین داهێنان بکەن لە وڵاتێکدا کە پشتگیریان دەکات و خێروبێرەکەیان بۆ بێگانە بێت نەک خۆمان کە خەونەکانیان تێکدەشکێنین.
ئێمە توندڕەوی لەبیروڕادا چ عەلمانی چ دینداری لەگەڵیدا جنێوفرۆشی ڕۆژبەڕۆژ بەناخی زەویماندا دەبات و بەهرە و توانا و وزەمان تێکدەشکێنێت .
نموونەیەکی بچکۆلە لەسەر ئەوە، لەم ڕۆژانەدا ئەوەی زۆر دەیبینیت لە سۆشیاڵ میدیادا، هەواڵی کچە هونەرمەندێکە کە بووەتە خاوەن پڕۆژە و هەواڵی کوشتنی گەنجێکە لە چەمچەماڵ بەدەستی گەنجێکی تر لەسەر جیاوازی بیروڕا.
هەواڵی یەکەم بۆ من هیچ جێگای سەرنج نییە بۆیە هیچی لەسەرناڵێم، زەمەنەکە خۆی وایە زەمەنێکە کەسانێک دەکات بەسەرمایەدار بێ هیچ ماندووبوونێک، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو خاتوونە چونکە بەڕاستی من دەنگیم پێخۆشە.
دەمەوێت هەڵوەستەیەک لەسەر هەواڵی دووەم بکەم کە کوشتنی گەنجەکەیە، کەلەلای من هەم کوژراو و هەم بکوژ قوربانی دەستی کۆمەڵگەیەکی توندڕەو جنێوفرۆشن.
ئاخر ڕاگەیاندن هەرگیز بیری لەوە کردۆتەوە کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان خێزانیان هەیە و کەسوکار و خزم و دۆست، نیگەران دەبن بەو هەواڵ و کۆمێنتانەی بۆیان دەنووسرێت .
هەرگیز بیرتان لەوەکردۆتەوە چ بیویژدانیەکە باوکێکی جگەرسووتاو و مامێکی غەمبار بێنیتە سەر شاشەی تەلەفزێۆن و ناچاری بکەیت کۆستە گەورەکەی خۆی لەبیربکات کە کوڕێکی گەنجی لەهەرەتافی لاوێتیدا لەدەستداوەو منداڵێکی هەتیووی بۆ بەجێماوە، بێت ڕوونکردنەوە بۆ بەڕێزت بدات کە لەماڵەکەی خۆتدا بەئیسراحەت دانیشتوویت لەژێر هەوای سپلیت و موبەریدە، پاکانە بکات بۆ ئەوەی کوڕەکەی لەکۆتایدا گەڕاوەتەوە و باوەڕی بەخوودا بووە و ئیمانی سەلامەت بووە!
لەلایەکی تریش خێزانێکی کە ناچار بکەیت خۆیان بێبەری کەن لە کوڕەکەیان ئەگەر توندڕەو بێت!
ئاخر تۆی مرۆڤی بێهێز کەبەرگەی هەڵامەتێکی سووک ناگریت کێیت خۆت بکەیت بە دادوەر بەسەر خەڵکەوە، بۆ دادوەری بۆ زاتێکی گەورە بەجێناهێڵیت کە خوایەکی ڕەحمان و ڕەحیمە، و خۆی بەندەکانی دەناسێت و مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، هەروەک خۆی دەفەرموێت لە سوورەتی زەلزەلەدا: « فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَە»
بهێڵن ئەو دوو خێزانە بە بێدەنگی بواری خەمخواردنیان هەبێت بۆ کۆستەکانیان، خێزانێک کە کۆستێکی گەورەی کەوتووە و کوڕەکەی کوژراوە، خێزانێکیش کۆستێکی گەورەتریان کەوتووە و نازانن بۆچی کوڕەکەیان بووە بە بکوژ!
دەزانن بکوژ وەکوو کوژراو وایە ئەگەر کەمێک ویژدانی هەبێت چونکە تا ماوە لەیادی ناچێت کە ژیانی لە مرۆڤێک سەندۆتەوە لە کاتی هەڵچوونێکی کاتیدا و بیرێکی توندڕەوی کاتی گەنجێتیدا.
لەلایەکی ترەوە هەر لەم ڕۆژانەدا یەکێک لە باشترین ڤیستیڤاڵە زانستی و تەکنەلۆژیی و ژینگەییەکان بەڕێوەچوو لەکارگەی کەلتوور لە سلێمانی، چەندین پڕۆژەی گرنگی دیجیتالی و ژینگەدۆستی و کەلەپووری دیجیتاڵی و زیرەکی دەسستکرد نمایش کرا لە« ڤیستیڤاڵی بیت » و پێشبڕکێی « هاکاسولی» کە یەکێک بوو لە گرنگترین ڤیستیڤاڵ و پێشبڕکییەکان بۆ خستنەڕووی توانا و بەهرەی گەنجەکانمان و کاریگەریان لەسەر دواڕۆژمان، دیارە ئاشکرایە تەکنەلۆژیا چ دەورێکی گرنگی هەیە لەژیانی ئێستا و دواڕۆژماندا.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و نیگەرانییە هیچ ڕاگەیاندنێک ڕووماڵی هەواڵ و پڕۆژەی ئەو گەنجە خاوەن پڕۆژە و خەونانەی نەکرد، هیچ ڕاگەیاندنێک نەهات لە دوو گەنج لەو گەنجانە بپرسێت خەونتان چییە ، پڕۆژەتان چییە بۆ دواڕۆژ، بەتەمای چین بیکەن بۆ وڵاتەکەتان؟!
دڵنیام زۆربەیان خەونیان ئەوەیە ڕابکەن لەم وڵاتەی کە دژایەتی بەهرەمەندەکان دەکات.
بە داخەوە دەڵێم، لەدواڕۆژێکی نزیکدا ئەگەر ئەم داڕمانە ئەخلاقییە و فکرییە بەردەوام بێت، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پزیشک، ئەندازیار، نووسەر ، مامۆستا ، دارتاش، ئاسنگەر، بەرگدروو....هتد، هەموو ئەو پیشانەی کە خوێندن و ماندووبوونی دەوێت و هیلاکی فکری و جەستەیی دەوێت نامێنێت، لەبری ئەو پیشانە هەموو دەبن بە مۆدێلی دەموچاو هەڵئاوساو مرۆڤی لاستیکی ، گۆرانیبێژی دەنگ ناخۆش و هونەرمەندی بێ هوونەر، جنێوفرۆشی تێکتۆکچی و بکوژ و تاوانبار!
ئاخر ئەو مرۆڤانە دەبن بە ئایدڵی نەوەی داهاتوو و ئەو ڕێگایانە تاکە ڕێگا دەبن بۆ بەناوبانگ بوون و ژیانێکی ئیسراحەت و پڕ لە پارە بێ ماندووبوون، ئیتر چیداوە لە ژیانێکی پڕ لەهیلاکی فکری و جەستەیی و کولەمەرگی!
هاوڕێیان مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئێمە بە تایبەتی، پێویستی بەوەیە دووبارە پەروەردەبکرێتەوە ، بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بکات لەهیچووپووچی ئەم سەردەمی سەرمایەدارییە. [1]