ناونیشانی بابەت: ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک
(لە جەنگدا خەڵکانێک یەکتری دەکوژن هەر یەکتریش ناناسن ، لەپێناوی کەسانێک کە یەکتری دەناسن و شەڕیش لەگەڵ یەکتری ناکەن)
ڕۆمانی پشتئاشان لەلایەن عامر حسێن بە عەرەبی نووسراوە بە ناو و نیشانی (خلف الطواحين) ڕابەر ڕەشید کردوویەتی بە کوردی لە ڕووی زمانەوانی دەبایە بەم شێوەیە بوایە پشت ئاشان نەک پشتئاشان چونکە دوو وشەی جیان نەک هەردوو وشە پێکەوە بنووسرێن.
ڕۆمانەکە دابەشکراوە بەسەر 31 بەش و776 لاپەڕەیە دەزگای فام چاپی کردووە بە ژیاننامەی نووسەر و وەرگێڕ و لیستی پەڕتووکەکانی دەزگای فام هەمووی 790 لاپەڕەیە .
هەر لاپەڕەیەک 26 دێرە وە هەر دێرەک شەش تا نۆ وشەیە .
ڕۆمانەکە باسی قۆناغێکی سەردەمی خەباتی چەکداری دەکات لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، وە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە باسی شەری ناوخۆیە لە گوندی پشت ئاشانی بناری قەندیل وە باسی ژیان و خو و ڕەشت و عاداتی گوندنشینەکان و ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی دەکا.
=KTML_Underline=سەرنجەکانم:=KTML_End=
من نووسەر نیم تەنیا خوێنەری پەڕتووکم وە منیش لە هەشتاکان پێشمەرگەی لایەنێک بوومە لەو لایەنانەی لە کوردستان بەناو خەباتیان کردووە، وە نووسراو و بڵاوکراوە وپەڕتووکم لەسەر ڕووداوی کارەساتی پشت ئاشان خوێندۆتەوە وەیان ڕووداوەکەم لەو کەسانە گوێ لێ بووە کە بەشدار بوونە لەم کارەساتە.
1- کاکی نووسەر تەنیا باسی حزبەکەی خۆی و دژەکەی دەکا کە بەشدار بوونە ناوی کەسی تر ناهێنی ئەوە شێواندنی مێژووە ، خۆی ڕووداوەکە لەنێوان حزبەکانی بەرەی جود ( پارتی ، شوعی ، سۆشیالست، پاسۆک ….هتد) و ( ی ن ک ) بووە ، وەباسی ئەوە دەکات کە جەماعەتی مام جەمال خیانەتیان لێکردوون پاش ئەوەی لە ناوچەکە خزمەتیان کردوون ، ئەوەش شێواندنی ميژووە خۆی شەڕی پشت ئاشان کاردانەوەی هێرشی بەرەی جود بوو بۆ سەربارەگانی جەماعەتی مام جەماڵ لە دۆڵی بالیسان.
2- باسی کەسێک دەکات بەناوی (ئەبو جگارە) لە جەماعەتی مام جەمال واتە جەماعەتی مام جەلال گوایە کەسێکی داوێن پیس و بەد ڕەوشت بووە هەردەم لەو گوندانە سووراوەتەوە بە جلوبەرگێکی کەشخە و پاک و خاوێن ، لە گوندێک چووەتە ماڵێک و پاسەوانەکانی لەبەردەرگا داناون و مێردی ژنەکەشی بە کارێک ناردۆتە دەرەوەو بەخۆشی لەگەڵ ژنی ماڵەکە خەریکی ڕابواردن بووە.
کاکی نووسەر خۆیی و حزبەکی کردۆتە فریشتەو بەرانبەرەکەشی کردۆتە شەیتان.
من دەڵێم لەناو هەموو حزبەکان بای ئەوەندە کەم و زۆر خەڵکی هەلپەرست و داوێن پیس و بەد ڕەوشت هەبووە بە ڕێژەی جیاجیا …. بەڵی کەسی مێباز و نێر بازو ئاژەڵ بازیش هەبووە!؟
3-باسی چالاکیەکی دەستەکەی ڕووستێ دەکا کە مۆڵگەکیان گرتووە ، بەڵام وا باسی ئەو چالاکیە دەکات کە لە سەرتاسەری کوردستان دەنگی داوەتەوەو باس باسی ئازایەتی ئەو دەستەیەیە کەچی ئەوە چ ئازایەتییەکە لەبەر دەستکەوتی چەک و کەلوپەل و تۆپێک ئادەمی هاوڕێیان بەبرینداری بەجێ دێلن و دەیدەنە دەستی دوژمن... کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوەوا دەزانی بەس ئەو لایەنە خەباتیان کردووە!
لە خەباتی چەکداری ئەو سەردەم حزب هەبووە بەجارێ دەیان ڕەبیەو بارەگای سریەو بارەگای فەوج و لیوای بەشەوێک گرتووە ، چەندین شارەدێی گرتووە و ڕزگاری کردووە ، قاتعی جەیشی شەعبی گرتووە بەو شێوەیە خۆی بە پاڵەوانی گۆڕەپانەکە نەزانیوە.
4- لەشوێنێک باسی دەستەکەی و باسی پێشمەرگەکانی خۆیان دەکا دەڵێ زۆربەیان خەڵکی خوێندەوارو بڕوانامەی بەرزیان هەیە بەڵام پێشمەرگەی لایەنەکانی تر بەشی زۆریان خەڵکی گوندەکان و نەخوێندەوارن ئەوەش ستەمێکی زۆر گەورەیە و لە حزبەکانی تر دەکات ، من باسی ئەو لایەنە دەکەم کەکارم تێدا کردووە لەو کۆمەلەکەسەی پێکەوە بووین چەندین دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاو دەرچووی ئامادەییمان لەگەڵ دابوو ئەوە باسی سەرکردایەتی هەر ناکەم ، لایەنەکانی تریش خەڵکی خاوەن بڕوانامەیان تێدا بوو.
5- لەو ڕووداوانەی ژیانی پێشمەرگایەتی کە باسی کردووە زیاتر باسی ئەو پێشمەرگانەی کردووە کە لە نەتەوەی عەرەب بوونە ئەگەر یەکێک زانیاری نەبێ وا دەزانی ئەو کاتی پێشمەرگەکانی حزبی شوعی بەشی زۆریان عەرەب بوونە.
جگە لەو سەرنجانەم ڕۆمانەکە شارەزات دەکات بە ژیانی گوندنشینەکان و سرووشتی جوانی کوردستان و ژیانی سەختی خەباتی چەکداری بەتایبەتی لەوەرزی زستان و دلسۆزی و ماندووبوونی خەڵکی گوندەکان و ئاشنات دەکا لەوەی چ لە ڕیزی پێشمەرگەکان و چ لە خەڵکی گوندەکانیش لێرە و لەوێ خەڵکی ناپاک هەیە!بۆ بەرژەوەندی خۆیان براو کەسی نزیکی خۆیان دەکەنە قوربانی.
لە کۆتایی دەڵێم نەفرەت لە هەلگیسەرانی شەڕی ناوخۆ یان شەڕی براکوژی.
بۆ ئەوانەی کە مێژوو دەنووسنەوە نابێ چەواشەکاری بکەن بەپێی بەرژەوەندی کەسەکان یان دەستەو تاقمەکان لەگەڵ ڕێزم بۆ کاکی نووسەر و کاکی وەرگێڕ یەکە یەکەی پێشمەرگە پاک و دلسۆزەکانی هەموو حزبەکان بێ جیاوازی. [1]