ناونیشانی بابەت: کۆتایی #داعش# یان سەرەتایەکی تر؟
ئامادەکردن: #ستیڤان شەمزینی#
من یەکەم نووسەری کورد بووم پەڕتووکێکم لەسەر داعش نووسی و چاپکرد لە بەهاری 2015دا”، بەڵام لەناکاو و بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەری هاوشێوەی فراوانبوونی قەڵەمڕەوەکەی، داعش بوو بە داشێکی سووتاو!، بەو قەبارە مەترسیدار و تۆقێنەرەی هەیبوو لەبەرچاو ونبوو.
بۆ ڕۆشنبیرانی ئێمە گەشەکردنی بەپەلە و پووکانەوەی تیژتێپەڕی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە وەک ڕێکخراوێکی مونسەجیم جێی گوومان و پرسیار نەبوو!، چوونکە ڕۆشنبیری کورد نەک توانای پرسیاری مەزن و شرۆڤە پێشهاتە گەورەکانی نەماوە، بەڵکوو دەست و پێ سیپترە لەوەی پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە بکا و خوێندنەوەی لاوەکیشی بۆ ئەگەرەکان هەبێت.
هەموو پێکڕا قاچ لەو ئاوە لێڵە دەخشێنن میدیا و سیاسییەکان لەسەرەوە دەیڕژن، لە باشترین حاڵەتدا بوونەوەرێکن مێشکیان خاڵییە لە پرسیار و هەگبەیان بەتاڵە لە وەڵام هەموو پێکڕا بوونەتە شرۆڤەکاری هەواڵ و ڕووداو، نەک پێش ڕووداوەکان بکەون و سەرنج و دیدگاکانیان بۆ پێشهاتی ئاییندەی نزیک یان دوور بخەنەڕوو.
دیارنەمانی داعش لەسەر شانۆی سیاسیی و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدای خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام، زۆر ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر بوعدێکی بریتی بێت لە تەواوبوونی ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوە لە دراما سیاسییەکەدا، ئەوا بەشێکی تری سیناریۆکە بریتییە لە ڕۆڵدان بە ڕێکخراوێکی تری هاوشێوە لە داهاتوودا.
بەلێ داعش ئێستاکە ڕۆڵێکی کۆمبارسانە لەسەر شانۆکە ئەدا دەکات، بەڵام بەم پەلەقاژانە ناتوانێت بگاتە داهاتوو، بەڵکوو حەتمییەتی واقیعەکە ئەوە دەردەخات، داعش کۆتایی هات، هەروەک چۆن پێشتر ئەلقاعیدە کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی لێرە و لەوێ توانای چالاکی بچووکی تیرۆریستی بۆ چەند ساڵێکیش مابوو.
بەڵام ئایا تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، یان کۆتایی داعش سەرەتایەک نییە بۆ دەرکەوتنی ڕێکخراوێکی تری تیرۆریستی یونڤرساڵ؟.
وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، زەحمەتێکی زۆری پێویست نییە، لە ڕوانگەی ئەوەی هێشتا ئەو زەمینە کولتووریی و ئابووری و سیاسییەی مامانی تیرۆریزمی ئیسلامییە وەک خۆی ماوە و تاکوو بەئەمڕۆ دەگات هەمان تێڕوانینی نەقڵی نەک ئەقڵی سایەی بەسەر موسڵماناندا کردووە، هەروەک توێژەری فەڕەنسی “گی میلییەر” لە پەڕتووکەکەیدا “کێشەکانی فیکری ئیسلامی” پێداگریی لێدەکات “هێشتاش جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مەحکومە بەپێوەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست”.
ئەگەرچی تاریکیی سەدەکانی ناوەڕاست تایبەتە بە کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان، بەڵام ئەو بەراووردە جۆرێکە لە میتافۆر.
ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تر، ئەگەر توندڕەویی ئیبن تەیمییە لەژێر کاریگەریی ڕووخانی ئیمپراتۆریای ئیسلامیدا بووبێت ئەوە هەمان دیمەنی داڕووخانی کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان فاکتۆرێکی بەهێزن لە پەرەپێدانی هزری توندڕەویی ئیسلامی، بە جیاواز لەو تەمویلە ماددییەی لەلایەن سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەکتیڤکردنەوەی بیروبۆچوونی وەهابی و سەلەفیزم تەخشان و پەخشان دەکرێت.
ئەگەر دیقەت بدەین بە وتەی “کۆرتین وینزەر” تەنیا لە دوو دەیەی نەوەدەکان و دوو هەزارەکاندا، وڵاتێکی وەک سعودیە 87 بلیۆن دۆلاری بۆ تەشەنەپێکردنی هزری وەهابیزم خەرج کردووە، کە ئەم بڕە دوانزە هێندەی خەرجی یەکێتی سۆڤێتی پێشووە لە ماوەی هەفتا و چوار ساڵدا بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و یارمەتیی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا.
جیا لەوانەش وەک دەبینین ڕۆشنبیریی سەلەفی ئیخوانی و وەهابیستی ڕۆشنبیریی باڵادەستن لەتەواوی ئەو جیهانەی پێی دەوترێت جیهانی عەرەبی یان ئیسلامی، ئەوەتا لەم چەند مانگەی پێشوودا مردنی بیریاری ڕیفۆرمیستی ئیسلامی بە ڕەگەز سووریایی “محەمەد شەحرور” بە بێدەنگی بەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا تێپەڕی، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ هەرەسی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی ئایینیی کە دەکرێت بڵێین مەرگی شەحرور مەرگی دوا ڕیفۆرمخوازی ئیسلامی بوو لە دوای مردنی نەسر حامد ئەبوزەید و محەمەد ئەرگۆنەوە.
لە کاتێکدا تەنیا پەڕتووکی “الکتاب و القران”ەکەی شەحرور بوومەلەرزەیەکی هێندە بەهێزبوو لە کاتی خۆیدا، لە وەڵامدا پانزە پەڕتووکی تری لێکەوتەوە، لەبەرانبەردا زۆرترین داواکاریی لەسەر ئەو پەڕتووکانە بە دیدێکی سەلەفی و ڕادیکاڵی ئیسلامیانە نووسراون “وەک لە پێشانگای نێودەوڵەتی پەڕتووک لە #هەولێر# زۆرترین فوکۆس لەسەر پەڕتووکە ئیسلامییەکان بوو”.
بۆ ڕەهەندێکی تری بەرسڤ بەو پرسیارەی لای سەرەوە، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ لای پەڕتووکی “ادارە التوحش”. ئەگەرچی ئەو پەڕتووکە بە ناوێکی خواستراوەوە چاپ بووە، ئەمە هیچ لە گرنگییەکەی بۆ سەلەفییە جیهادییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو لای زۆرێک بە ئینجیلی ڕێکخراوە جیهادیی و تەکفیرییەکانی لە قەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی مانیفیستۆیەکی نوێباوی تیرۆریستییە بۆ چالاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی پاشماوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بۆتەی ڕێکخراوێکی نوێتردا.
ئیدارە تەوەحوش ئەو پەڕتووکە بوو توانی فۆرمۆڵەی داعش بکاتەوە لەسەر داروپەردووی ئەلقاعیدە و ڕێکخراوی تەوحید و جیهادی زەرقاوی، هێزی ئەوەی هەبوو داعش بهێنێتە سەر شانۆی سیاسیی و سەربازیی، بەلێ لەم بوارەدا حاشا لە ڕۆڵی دەزگا هەواڵگریی چەندان وڵاتی هەرێمی و جیهانی ناکرێت، سا ئەوەش فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە بێ ئەو پەڕتووکە مومکین نەبوو ئەو هەموو گەنجە بەو بڕوایەوە لە هەموو لایەکی دنیاوە خۆیان بگەیننە ڕیزەکانی داعش.
ئەگەرچی پەڕتووکی “ادارە التوحش” تاکە پەڕتووکی عەقیدەیی و بنەمایی نییە لە ڕاستای فیکری گرووپە ڕادیکاڵە جیهادیی وتەکفیرییەکان، بەڵام پەڕتووکەکە ئاستێکی باڵای هەیە و هاوچەرخانە ئەنالیزی دیاردەی توندوتیژیی دەکات و کۆمەڵێک ئارگۆمێنتی تێدایە کە بۆ هەر موسڵمانێک قابیلی نکۆڵیکردن نییە و بۆی هەیە بڕوای پێ بهێنێت.
بەلێ ناوەرۆکی پەڕتووکەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوشتن و توندوتیژیی دیاردەیەکی سرووشتکرد و خۆڕسکە، وەک هەمووان ئیسلامییەکانیش مافی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییەیان هەیە.
لە هەمان کاتدا پەڕتووکەکە وەک تەواوکاری پەڕتووکەکانی “سەید قوتب” بە تایبەت پەڕتووکی “معالم فی الطریق” خۆی دەنوێنێت، ڕوونیشە سەید قوتب نوێنەری ئەو دیدگا ئایینییە ئیسلامییە بوو ئیبن تەیمییە لە حەنبەلیزمەوە پەرەی پێدا و ئەوانیش لە سەرچاوە ڕەسەنەکانی ئایینی ئیسلامەوە هەڵیانهێنجابوو.
ئەگەر “د.شاکر ئەلنابلوسی” پێش دە دوانزە ساڵێک ئەمەی وتبێت “سەید قوتب مەمکی تەڕوبڕی فێندەمینتالیزمی ئیسلامی هاوچەرخە”. ئەوە ئیدارەی تەوەحوش ژیاندنەوەی ئەو مەمکە بوو، بۆ چەندین دەیە و قۆناغی تریش لە مەترسی وشکبوون ڕزگاری کرد.
بە کوورتی ئەم پەڕتووکە تا ئەم ساتەوەختەش قورئانی ئەو بزاوت و کەسایەتییە ڕادیکاڵ و سەلەفیانەن بڕوایان بە حوکمی “جیهاد” تاکوو “رۆژی قیامەت” هەیە.
لە سیمای ئەم ڕۆژانەی ناوچەکەدا ئەوە دەبینرێت، هەموو لایەک بە خۆشحاڵییەوە سەرقاڵی بردنی تابووتی مەرگی داعشن بۆ گۆڕستان، کەچی تارمایی لە دایکبوونەوەی ڕێکخراوە هاوشێوەکان نابینن!.
لەم نێوەندەشدا نوخبەی کورد سەرگەرمی شەڕێکی گەرمی نێوخۆییە تا کاتێک دەزانێت لە بەشی دووەمی دراماکەدا، داعش بە بەرگ و ناوێکی تازەوە وەک ڕێکخراوێکی مەترسیدار لە بەردەمیدا قووت دەبێتەوە.
من لە ئێستاوە بۆنی بارووتی تیرۆریزمی ئیسلامی و خوێنی ڕژاوی خەڵک کاسی کردووم. پرسیار ئەوەیە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری کورد تۆ لە کوێیت و سەرقاڵی چیت؟. [1]