ناونیشانی بابەت: هەموومان بکوژی خواناس وریاین!
نووسینی: # پۆڵا سەعید#
لە باسێکی وەهادا پێویستمان بەئازادیی ڕادەربڕینه، چونکە لەم جۆرە باسانەدا لەوەتەی من بیرم دێت بە ناوی ڕێزگرتن لە (ڕای گشتییەوه!) ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل کراوه. لێ دیسانەوە لەوەتەی من بیرم دێت (ڕای گشتی!) سنوور دەبەزێنێت، تیرۆری فیزیکی و دەروونیی هاووڵاتییان دەکات.
ئیمڕۆ بە تەنیا پارتە ئیسلامییەکان و بانگخوازی ئایینیی سیاسی و کۆمەڵێک ناوی تر نین، کە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییان و هەڕەشەیان لێ دەکەن، بەڵکوو ڕای گشتییه. ئەوەتا بەبێ ترس و بەبێ چاو و ڕوو، لە سۆسیال میدیادا بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوە تیرۆری دەروونیی هاووڵاتییان دەکەن و نەک هەڕەشەی کوشتن دەکەن، بەڵکوو هەڕەشەکان پراکتیزە دەکەن و بە هیچ شێوەیەک نەک باکیان بە یاسا نییه، بەڵکوو باکیان بە هیچ شتێک نییه.
ئێمە هەموومان بکوژی (#خواناس وریا#) ین، لە سادە کارێکمانەوە هەتا هەرچ کارەمان، چونکە هەموومان بەشێکین لەو ڕای گشتییە کە نایانەوێت دڵی ڕەقی ئیسلامییەکان بریندار بکەن. هەر لە ئەکتەر و سترانبێژ و بێژەرێکی تێلێڤیزیۆنەوە بیگرە هەتا سیاسی و تەنانەت بەشێکی نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەکادێمیستەکانیشمان بە دڵی ئەوان قسە دەکەن و لەو فەزایەدا دەدوێن کە ئەوان خولقاندوویانە. نووسەر و ئەکادێمیست دەبینیت لە تێلێڤیزیۆندا تەسبیحی بە دەستەوەیە و بایدەدات و پێشیوایە کە خاوەنی کولتوورێکی کوردییه. ئەکادێمیستە و ڕۆشنبیرە بە (عەیب نەبێت) و (دوور لە ڕووی تۆ) قسە دەکات.
من تێناگەم کاتێ کچێک یان چەند کچێک بڕیار دەدەن باڵاپۆش و لەچک بکەن، بۆچی و بە چ ئامانجێک حزبێکی ئیسلامی دێت و ئاهەنگی گەورەیان بۆ دەگێڕێ؟ ئەی میدیای غەیرەئیسلامی بۆچی ئەم ئاهەنگە دەکەنە هەواڵ؟ ئایا ئەمە ئامادەکردنی سوپایەکی ئیسلامییە یان پاڵاپۆشینی چەند کچێک؟ ئەگەر تەنیا باڵاپۆشیی چەند کچێکە، حزبی ئیسلامیی سیاسی، بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی نەبێ، مافی بەم کارەوە چییە؟ سەیرە، ڕای گشتییش تەقەی سەریان دێت و بەوردی بیر لەم ڕەفتارەی حزبە ئیسلامییەکان ناکەنەوە؟
سنوەردانەنان بۆ دەستدرێژیی دەروونی و فیزیکی هەتا بێت دەستەڵاتی زیاتر دەدات بەم ڕەوتە ئیسلامییه. ئێمە لە باری فاشییەتی ئیسلامی سیاسییدا دەژین لە باشووری کوردستاندا. کە دەگوترێ باشوور جێگای هەمووانە و پێکەوە هەموو باوەڕ و ئایینەکان دەست لەناو دەستن، ئەم قسەیە بەراورد بەو تیرۆرە دەروونی و فیزیکییەی ئەو فاشییەتە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لە سۆشیال میدیاوە دەیکات، زیاتر خۆشباوەڕییە. چونکە ئەم ڕەوتە فاشییە بێجگە لە کۆنترۆڵکردن و خۆسەپاندن و بە خاوەندارێتییکردنی هەموو شت، هیچ بیرکردنەوەیەکی تری نییه.
ناکرێت هەر کەس و لایەن و گرۆیەک بێت بە ئارەزووی خۆی تیرۆری خەڵکی بکات. بەڵکوو فەرمانڕەوایی دەبێت لە دەستی یاسادا بێت، دەبێت یاسا لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت. کێشەی ئێمە پەرتبوونه، کێشەی ئێمە کێشەی ڕای گشتییه، کە هەموومان لە خزمەتی فاشییەتی ئیسلامی سیاسییداین، هەموو جۆرە مامەڵەیەکی موجامەلەیی، خزمەتە بە و فاشیزمە و بەهێزکردنیان.
هەموو کوشتن و تیرۆرێک لەو جۆرە تیرۆرکردنەی خواناس وریا، یان کوشتنی زۆر لە ژنەکان، بە هەر بیانگەیەک بێت لە خزمەتی فاشیزمی ئیسلامییدایە، لە خزمەتی ئەم ماشێنە گەورەیەی ترس و تۆقاندن و خۆسەپاندنەدایه، کە هەموو جۆرە بەها و ڕێز و ئازادییەک لە تاک زەوت دەکات. ماوەتەوە بپرسم، ئاخۆ چی بکەین بۆ ئەوەی سەروەریی بگەڕێنینەوە بۆ یاسا و ئەم جۆرە تیرۆریستانە ڕاپێچی بەردەم یاسا بکەین، بەبێ ئەوەی بسڵەمینەوە لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی گرۆ و لایەن و پارتێک؟ لێرەدا ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەم دۆخه، پێویستییەکی چارەنووسسازییە و پێویستی بە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی سەردەمییانە هەیە لەپێناوی سەقامگیرکردنی ئازادی و ئارامی و ئاساییشی تاک و کۆدا.[1]