ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەیەکی نوێ لە ئەشکەوتی شانەدەر مێژووی ڕەگ و ڕیشەی گەلانی ناوچەکە بەتەواوی دەگۆڕێت
لە #ئەشکەوتی شانەدەر# لە چیای برادۆست لە خۆرهەڵاتی #هەولێر# ئێسکی مرۆڤێکی ڕاوچی کۆچەر دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 12 هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا، لە پشکنینی DNAدا دەرکەوتووە، نەتەوەی کورد، بە دیاریکراوی کوردی شارەکانی باشووری کوردستان بە ڕێژەی لە 54% پەیوەستن بەم مرۆڤە دێرینەوە.
پ.ی.د. دڵشاد زاموا، شوێنەوارناس و مامۆستا لە بەشی شوێنەواری #زانکۆی سلێمانی# بە کوردساتی ڕاگەیاند: لەم سەردەمەدا زانستی شوێنەوارناسی لە توێژینەوە و ساغکردنەوەکانییدا پشت بە چەند زانستێکی تر دەبەستێت، یەکێک لەوانە زانستی DNA و جینەکانە.
لەبارەی توێژینەوە نوێیەکەی ئەشکەوتی شانەدەر، پ.ی.د. زاموا ڕایگەیاند: ئەم توێژینەوەیە لەلایەن تیمێکی بیانییەوە ئەنجامدراوە و پسپۆڕانی میسڕی و ئێراقی وردەکارییەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە، کە تیایدا هاتووە؛ ئەم ئێسکەی ئەشکەوتی شانەدەر بە ڕێژەی لە 54% کوردی ئەم سەردەمەی شارەکانی کوردستانی باشوور پەیوەستن پێیەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، هەر ئەم مرۆڤە باپیرانی ئەوانەشە، کە ئێستا لە زاگرۆس بە فارسی دەدوێن، هەروەها بەشێک لەوانەشی بە تورکمانی و عەرەبی دەدوێن.
سەبارەت بە گرنگیی ئەم توێژینەوەیە، مامۆستاکەی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند: ئەم دۆزینەوەیە لایەنی گرنگی زۆرە، هەموو بیردۆزەی ئاری و بەشێک لە هیندۆ ئەورووپی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی کۆچی ئارییەکان، هەروەها بە بۆنەی ئەم دۆزینەوەیەوە دەرکەوت، کە کورد گەلێکی دێرینی ناوچەکەیە و مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا.
ڕاشیگەیاند: ئەم دۆزینەوەیە لایەنێکی گرنگتریش دەخاتەڕوو، ئەویش ئەوەیە ئێستا ئەو ئەگەرە بەهێز دەبێت، کە مرۆڤی ئەشکەوتەکانی زاگرۆس و #کوردستان# دواتر دابەزیون و کشتوکاڵیان داهێناوە و ڕۆیشتوونەتە باشووری مێسۆپۆتامیا و یەکەم لادێکانیان درووستکردووە، هەروەها لەوەش گرنگتر، ئەم مرۆڤە باپیری خەڵکانێکی تری دووری ناوچەکەیە و تا ناوەڕاستی ئەورووپا نەوەکانی بڵاوبوونەتەوە.[1]