ناونیشانی بابەت: توندوتیژی دژی ئافرەتان دژی ژیانە
ئامادەکردن: #ئەسرین عاسی شوانى#
ژنان کۆت و بەندکراون و لەژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن، ڕۆڵی یاساش بە لاواز دەبینێت لەهەمبەر ئەو ستەمەی لە مێینە دەکرێت، ڕوونیشی دەکاتەوە ژنان نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی بتوانن مومارەسەی مافەکانیان بکەن، لێرە ژنان کۆت و بەند کراون و کەم مانگ هەیە لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف گوێ بیستی هەواڵی کوشتنیان نەبین، ژنان ئەتک دەکرێن ولێاندەدەن جەستەیان دەشێوێنرێت، یاسایەکیش بۆ بنبڕکردنی ئەو پاشا گەردانیە نییە یاخود زۆر لاوازە، ئەوەی دەشیبینین لە کوردستان لە هەمبەر ئازادی ژنان، دەبێ بڵێین کام ئازادی، ئازادییەک بەبەهانەی شەڕەف چەندین ژن دەکوژرێت سادەترین مافیان لێ زەوت بکرێت، یاسایەک نەبێت بە کرداری ڕێگا لەو کردەوە قێزەونانە بگرێت، هۆکارەکانی پشت ئەو کوشتنانە نادیارە و لێپێچینەوە لە بکەرەکەی بەو شێوەیەی کە پێویستە نەکراوە، یان سزای بکەرانی تاوانەکە بە جۆرێک نەدراوە تا ببێتە هۆی ڕێگرگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەو تاوانانە، ڕاستە ژنان لە باشوور شان بەشانی پیاوان لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و سیاسەت و پێشکەوتنی کۆمەڵ بەشدارە، بەڵام بەبەهانەی پاراستنی شەرەف، هەر کاتێک ویسترابێت درێغی لە کوشتنیان نەکراوە”.
هێشتا لە کۆمەڵگەی کوردی دیاردەی ژن بەژن و گەورە بە بچوک و ژن کردنە قوربانی خوێن برەوی هەیە، لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە ئەرکەکە زۆر لەوە قوورسترە کەپێشبینی دەکەین، چونکە هێشتا پیاو لە جیاتی خودی ژن بڕیار دەدات، تا ئێستا لە هەندێ ناوچەی کوردستان ژن بەژن و گەورە بەبچوک و ژن کردنە قوربانی خوێن بڕەوی هەیە، کەواتە چی چاوەڕوان لە کۆمەڵگەیەکی وا دەکرێت جگە لەلایەنە خراپەکەی نەبێت، بۆ کاڵبوونەوەی ئەم کلتوورە دواکەوتووەی بەرانبەر بەخێزان و پەروەردەی خێزان دەکرێت قۆناغی هۆشیارکردنەوە لەنێو پیاوان و ژنان ئەرکی سەرەکی بێت، بەداخەوە دەڵێم هێشتا خودی ژنان هۆکاری سەرەکین بۆ درێژەدەری ئەو میتۆدە دواکەوتوییەی کۆمەڵی کوردەواری، لەبەر ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان نەگەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی بتوانن مومارەسەی مافەکانیان بکەن و پیاوان بگەیەنێتە ئەوقەناعاتە کە گۆڕانکارییەک لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان ئەنجام بدەن، هەرچۆنێ بێت بۆ کاڵکردنەوەی ئەو میتۆدە پڕلە توندووتیژییە ژنان دەبێت، خەباتی نەپساوە بکەن هەنگاوی یەکەمیشیان ئەوەیە خۆیان لە مەیدانی ڕۆشنبیری و وریا بوونەوە ببیننەوە، لەو ڕێگەیەشەوە بە پیاوانی بسەلمێنن کە ئەوانیش وەک و مرۆڤن هیچ جیاوازییەکیان لە ماڤی مرۆڤ بوون نییە جگە لە جیاوازی جەستەیی”. [1]