ناونیشان: لە بەغدا سیاسەت چۆن دەکرێت؟
نووسەر: #عادل باخەوان#
ڕۆژی دەرچوون: #11-06-2023#
لە بەغدا، تاکە بەڵگەنەویستێک هەبێت ئەوەیە، کە هیچ بەڵگەنەویستێک لە ڕوووبەری سیاسییدا نییە و دەکرێت بە ساتەوەخت هەموو شتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و بەبەردەوامی بینابکرێنەوە. هیچ هاوپەیمانییەک، هیچ ڕێککەوتنێک، هیچ بەریەککەوتنێک درێژخایەن نییە و لەنێو پەیوەندییێکی سیستماتیکدا نییە و نابێت بە ستراکتۆری دەزگایی، بەپێچەوانەوە، تەنیا ڕێکخستن و ئیدارەکردنی ساتەوەختە هەنووکەییەکانی ژیانی ڕۆژانە، تەواوی بڕیارە بچووک و گەورەکان یەکلاییدەکەنەوە.
ئەمە بڕیارێکی پێشینەی پاریسییەک لەسەر ئێراق نییە، ئەمە بیناکردنێکی تیۆری دۆخی ئێستای ئێراق نییە، بەڵکوو واقیعێکی کۆنکرێتی و بابەتی بەغداێکە، کە ڕۆژانە چاودێری دەکەم و بە فیزیکیش لەگەڵیدا ژیاوم و دەژیم، چ لە بەغدا، چ لە شارەکانی دیکەی ئێراق و چ لە ڕێگەی ئەو وەفدە گەورانەی ئێراقەوە، کە هەفتانە سەردانی ئەوروپا دەکەن و دەیانبینم و بابەتەکانیان لەگەڵدا تاوتوێدەکەم.
لە سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا، ئەمە پێی دەگوترێت بیناکردنی سیاسەت لەنێو ئەنتراکسیۆن دا. ئەم چەمکە بریتییە لە پەیوەندییەکی کوورتمەودای نێوان دوو کەس، دوو گرووپ، چەند کەسێک، لەنێو دۆخێکدا بەشێوەیەکی تەقابولی و لەنێو ئەم دۆخەدا ئەکتەرەکان هەوڵدەدەن مامەڵەی کوورتمەودا لەگەڵ چاوەڕوانی و بەرژەوەندی و جووڵە و خەیاڵدان و خواستەکانی یەکتریدا بکەن. ئەنتراکسیۆن پەیوەندییەکی جێگیر و بەردەوام و بوونیەی کشاو و بەنێو زەمەندا نییە، چونکە دەکرێت بە تەواوبوونی دۆخەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی کە تێیدا دراون کۆتاییدان پێبێت!
ئێمە، جا ئەو ئێمەیە هەر کەسبێت (شیعە، سوننە، کورد، سەدر، سیادە، پارتی، یەکێتی، دەعوە، ...) لە وەهمێکی گەورەدا دەژین، گەر پێمانوابێت، هەر ئەوەندەی کە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ لایەنێکی دیکە دەکەین، ئیتر ئەو لایەنە، لەبەر کۆمەڵێک پرانسیپی ئەخلاقی و بەهای جوان و بەرژەوەندیی ستراتیژی دوورمەودا، پابەند دەبێت بە واژۆکەی خۆیەوە و ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ (ماڵەوە) و لە چاوەڕوانیی پراکتیزەکردنیدا پشوو دەدەین.
ئەم ڕوانینە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەغدای ئێستا و ئێرەدا یەکناگرێتەوە، چونکە شتێک لە ئارادا نییە بەناوی پرانسیپی ئەخلاقی و ستراتیژیەتی دوورمەودا بۆ بیناکردن و ئاڕاستەکردنی ڕێککەوتن و بڕیارەکان. لە بەغدای ئەم ساتەوەختەدا، هەموو ئەوەی کە بە ڕۆژ ڕێککەوتنی لەسەردەکەی، دەکرێت زۆر بەئاسانی لە شەودا هەڵبوەشێنرێنەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەغدا بریتییە لە چنینی تەونی سیاسی پاش کاتژمێر نۆی شەو! ئەکتەرە سیاسییە پلە یەکەکان وەک کورەی هەنگ جمەیان دێت. لە کۆشکێکەوە بۆ کۆشکێکی دیکە، لە سەردانێکەوە بۆ سەردانێکی دیکە، لەلای کەسایەتییەکەوە بۆ لای کەسایەتییەکی دیکە، لە باڵوێزێکەوە بۆ باڵوێزێکی دیکە: پەڕڵەمانتار، وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، دیپلۆمات، بزنسمانی گەورە، چاودێری سیاسی پلە یەک، هەموویان پێکەوە یان بەجیا، دێن و دەچن.
لە هەلومەرجێکی وادا، هەر گرووپێکی سیاسی، گەربێت و ئەکتەرە هەرە بەهێزەکانی خۆی لە بەغدا ئامادەنەبن، بەدڵنیاییەوە و بەخێرایی هەژموونی بەسەردا دەکرێت و ڕەوانەی پەراوێزەکان دەکرێت. ئەکتەری بەهێز کەسێکە کە لەیەککاتدا هەڵگری سامبۆلیزمێکی مێژووییە، ڕێکخەری جووڵەی خێرایە، لەگەڵ دۆخەکاندا مامەڵە دەکات، متمانەی بوونیەوی بەهیچ ئەکتەرێکی دیکە نییە، لەیەککاتدا لەگەڵ دۆست و ڕکەبەرەکانییدا کۆدەبێتەوە، چاوەڕوانی لای ئەوی تر درووستدەکات و بەردەوامیش لێرەیە بۆ ئەوەی لە هیچ ساتەوەختێکدا ئەوەی کە بەشەو بینای دەکات، بە ڕۆژ نەڕووخێت.
ڕەنگە کەسانێک بڵێن: ئەمە کەڵەکە و لە هەر ساتەوەخێکدا دەڕووخێت! یاخود چۆن دەتوانین لە دۆخێکی وادا کاربکەین؟ لە ڕاستیدا ئەمە هەر چییەک بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە تۆ، ئیتر هەر گرووپێکی سیاسی بیت، ناچاریت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و خۆتی لەگەڵدا بگونجێنیت، ئەگەرنا هەمیشە وەک دۆڕاوێک لە یارییە سیاسییەکان دێیتە دەرەوە.
ڕووبەری سیاسی لە ئێراقی پۆست سەدام حسێندا، ڕێک لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییانە دەچێت، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە ڕوووبەری ( بێ پاشا) و ( بێ ئیمان) و ( بێ یاسا) ناسرابوون. لە ڕووبەرێکی ئاوادا بۆ ئەوەی بمێنیتەوە، دەبێت سیستمی ئامادەباشیت هەمیشە لەسەر پێبێت، تا بە وردترین شێوە ئیدارەی پەیوەندییەکانی هێز بکەیت، کە دەکرێت بە ساتەوەخت گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا بێت. [1]