ناونیشان: ئەمەی ڕوویدا سەرەتایە
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #14-06-2023#
لە ساڵانی ڕابردوویش زۆرجار ئەوە ڕوویداوە کە لە پەڕڵەمانی ئێراق عەرەبەکانی سووننە و شیعە، سەرەڕای بوونی ناکۆکی و کێشەی زۆری نێوانیان، بەڵام لە بەرانبەر ماف یان داخوازییەکی کورد یەکهەڵوێست بوون، بەتایبەت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندیی بە پرسی کەرکووک یاخود بابەتێکەوە هەبووبێت کە بە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئێراق هەستیار و چارەنووسسازە. بەڵام ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کۆبوونەوەکانی پەڕڵەمان تایبەت بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵانی 2023 تاوەکوو 2025 بینیمان، دەرکەوتەیەکی نوێ بوو، هەڵوەستەی دەوێت.
سەرلەبەری ئەو بەند و بڕگانەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانن، وەکوو تەونی جاڵجاڵۆکە بۆ لەقاڵبدانی هەرێم چاندراوون، پڕن لە تەڵەی یەک لە دوای یەک و ڕێکاری دەستخستنی پاساو بۆ سەپاندنی سزا بەسەر خەڵکی کوردستاندا، گەرچی بەهۆی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارانەی هەندێک لە پەڕڵەمانتارانی ناو فراکسیۆنە کوردییەکان، بۆ تەخوینکردنی یەکدی و بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک، هێشتا بە باشی درک بە و مەترسییانە نەکراوە، بەڵام زۆر نابات لە داهاتوودا وەکوو بۆمبی تەوقیتکراو بە هەرێمدا دەتەقنەوە.
هەرچەندە خودی یاساکە پڕە لە مەترسی، بەڵام مەترسیی گەورەتر ئەو وێنایە بوو کە لە پەڕڵەماندا بینیمان چی ڕق و کینە و دوژمنایەتییەک لە هەناوی ئەم نەوە نوێیەی عەرەبەکاندا بەرانبەر کورد لەئارادایە. ڕق لە کورد بوون بە ئەندازەیەکە ڕێگربوون لەو بڕگەیەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە پارەی زیادەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بدرێتەوە. پێشتر ئەوەیان کردبوو بە پاساو و بە بنێشتە خۆشە بۆچی لە (پارەی نەوتی بەسرە بدرێتە هەرێمی کوردستان) ، بەڵام کاتێک دەوترێت ئەگەر نرخی نەوت لەوە بەرزتر بوو کە لە یاسای بودجە دیاریکراوە، لەو زیادەیەی نەوتی کوردستان پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێتەوە، پەڕڵەمانتارانی سووننە و شیعە پێکەوە دژایەتیی ئەم داوایە دەکەن. دەبێت تێبگەین کە ئەوان بە هیچ جۆرێک نایانەوێت نەک کوردستان، تەنانەت نایانەوێت باخەڵی تاکێکی کوردیش ببووژێتەوە.
بەپێی دەستووری ئێراق زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە و وەکوو سەرەتاییترین ماف دەبێت خوێندنی کوردی بۆ منداڵانی کورد فەراهەم بکرێت. ڕق لە کورد بوون گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لەناو پەڕڵەمان کە شوێنی یاسادانانە و دەبێت هەموو بڕیار و یاساکانی گونجاو بێت لەگەڵ دەستوور، بەڵام کە پێشنیازی گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی کوردیی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت بۆسەر بەغدا، بە سووننە و شیعەوە دژی ئەوەن بەغدا مووچە بداتە ئەو مامۆستایانەی لە کەرکووک بە زمانی کوردی وانە دەڵێنەوە.
ئەم دوو نموونەیە دەبێت کورد لەو خەوی غەفڵەتە بەئاگا بهێنێتەوە و بزانێت چارەنووسی کەوتووەتە دەستی کێ؟ بیهێننە پێشچاوی خۆتان ماوەیەکی دیکە پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور ببرێتەوە پەڕڵەمان، هەڵوێستی ئەمانە چی دەبێت لەسەر سیستمی فیدراڵی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەسەر چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم؟ خۆ ئەگەر لەم خوولەشدا دەستوور نەهێندرێتەوە بەر باس، لە داهاتووی نزیکدا پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەبرێتە پەڕڵەمان. لە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی و ئەو ڕێکارانەی لە یاسای نێوبژیوانیی پاریس گیرانەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بەبازاڕکردنی وزەی کوردستان، هەرێم ستراتیژی سیاسەتی وزە و ئابووریی خۆی بەستووەتە ئەو ئومێدەوە کە بتوانێت لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و غازدا ببێتەوە خاوەن سەرچاوەکانی وزەی کوردستان، کە ئێستا وا لێی زەوت دەکرێت.
ئەمەی ئێستا ڕوودەدات لە بەغدا لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە بۆ هەڵوێستی یاسادانەرانی سووننە و شیعە لە پەڕڵەمان، دەستپێکە بۆ قۆناخێکی دژوارتر و مەترسیدارتر بۆ کوردستان. ئەگەر پێشهات و ڕووداوی گرنگ لە ناوچەکە ڕوونەدەن و هاوکێشەکان وەکوو ئێستا بمێننەوە، ڕەنگە ساڵانی داهاتوو شایەت و بینەری کارەساتی گەورە بین.
دەبێت ڕاستییەکیش فەرامۆش نەکرێت لەگەڵ باڵاکردنی ئەو ئاڕاستە و هزرە دوژمنکارییەی بەرانبەر کورد لە بەغدا لەتاوسەندندایە، ئەوەی وایکردووە بەئاسانی هەرچییان بوێت بەسەر کورددا بیسەپێنن، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە. لەلایەک دابەشبوون و بە ئامرازبوونیان بەدەستی هێزە دەرەکییەکانەوە کە لە هەندێک وێستگەدا وەکوو سەربازی شەترەنج بەکاردەبرێن، لە لایەکی دیکەشەوە هەردوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێم ئەولەویەتیان بووەتە نەیاریکردنی یەکدی و قوورساییان خستووەتەسەر ئەوەی دەستی یەکدی بشکێنن. بۆ ئەوەش هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتەبەر، تەنانەت بە بنکۆڵکردنی قەوارە تاقانەکەی نزیکەی شەست ملیۆن کوردیشەوە.
دوای پەسندکردنی یاسای بودجە و نانەوەی ئەو تەڵە تەوقیتکراوانە بۆ کوردستان، ڕۆژانی داهاتوو بینەری مەهزەلەی دیکەش دەبین لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە. چی ئەوانەی پێشتر ڕوویانداوە و ئەوانەشی لە داهاتوودا دێنەپێش هیچیان بە ڕێککەوت نین، بەڵکوو بەشێکن لە ستراتیژێکی قۆناخبەندیی خەڵکی دیکە و لە شوێنی دیکەوە بەڕێوەدەبرێن.
کوردستان بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و بەرگەی ئەو سیناریۆ و پێشهاتانە بگرێت کە ڕووبەڕووی دەکرێنەوە، پێویستی بەوەیە بەدوای چارەسەری پەرچوئاسادا بگەڕێت، کە هیچ گومانی تێدا نییە ئەوەش لە توانای کورد خۆیدا نییە، دەبێت هەرێمیش تەرەفی دیکە بێنێتە ناو هاوکێشەکەوە. چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕەی بە کورد و هەرێمی کوردستانی دەگێڕن، ئێراق بە تەنیا نییە، پڕۆژەکە لەوە فراوانترە. هێزگەلی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن و ئامانجەکەش پەیوەندیی بە جیۆپۆلەتیکی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە.
لەم هاوکێشەیەشدا ڕاستە کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە، بەڵام تەنیا کورد نییە کە لە شکستی هەرێمدا زیانمەند بێت. دەبێت سیاسییەکانی هەرێم ئەو ڕایەڵانە بدۆزنەوە و بیانهێننە ناو هاوکێشەکانەوە. [1]