ناونیشان: زەویی جووتیارانی #کەرکووک# و دووڕوویی دەسەڵاتدارێتیی بەغدا
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #27-06-2023#
پڕۆسەی بە عەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان پڕۆژەیەکی ستراتیجیی دەوڵەتی ئێراقە، یەکێکە لەو کۆڵەکانەی بناخەی دەوڵەتەکەی لەسەر بیناکراوە. هەر بۆیە لە دەستپێکی لکاندنی باشووری کوردستان بە دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئێراقی عەرەبییەوە، هەنگاوەکانی ئەم پڕۆسەیە بەکردەیی کراون.
لە هەموو سیستمە سیاسییەکانی ئێراق و هەموو ڕژێمە حوکمڕانەکانی لە مەلیکەوە تا ئێستا پابەندی ئەو ستراتیجەن.
لە سەردەمی هەر دەسەڵاتدارێکدا بەشێوازێکی جیاواز ڕێکاری بەعەرەبکردن پەیڕەوکراوە. هەموو دامودەزگا دەوڵەتییەکان، تەنانەت سوپا و دەمەزراوەی سەربازیش خراوەتە خزمەتی ئەم پڕۆسەیەوە.
سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی #بەعس#، بە حوکمی ئایدۆلۆجیا و درێژیی تەمەنی حوکمڕانییەکەی، لە هەموو ڕژێمەکانی پێش خۆی زیاتر کاری لەسەر ئەم ستراتیژە کردووە و زۆرترین شێواز و ڕێکاری بۆ گرتووەتەبەر کە دیارترینیان گۆڕینی خاوەندارێتیی موڵکیەت بووە، جا چی خاوەندارێتیی دووکان و بازاڕ و خانووبەرەو شوێنی ژیان بووبێت، یاخود زەویوزاری کشتوکاڵی. لە تەواوی ئەو ناوچانەی وەک قۆناخبەندی بۆ ئەم ستراتیژە دیاریکرابوون، ئەم ڕێکارە دەبیندرێت، بە هەزاران کورد و بەشێک تورکمان و کریستیان، دەست بەسەر خانووەکانیاندا گیراوە و بەزۆر موڵکدارێتییەکانیان کراون بەناوی ئەو عەرەبە هاوردانەوە کە وەک ئامرازی داگیرکاری لەم پڕۆسەیەدا بەکاربراون.
ئەوەی لەم وتارەدا سەرنجمان خستووەتەسەر، شاری کەرکووکە، لەنێو ڕێکارەکانی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووکیش باس لەو ڕێکارە دەکەین کە پەیوەندی بە موڵکیەت و خاوەندارێتیی زەوییەوە هەیە. ئەمەشیان چەندین شێوەی جیاوازی هەن، لە داگیرکردنی زەویی کورد و تورکمان و بەخشینی بە عەرەبی هاوردە بۆ شوێنی ژیان. هەروەها دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری کورد و تورکمان و گۆڕینی موڵکیەتەکانیان و تۆمارکردنیان بەناوی وەزارەتەکان و دامودەزگەی سەربازی، بەشێکیشیان زەویوزاری کشتوکاڵی و بەخشینی بە عەرەب بۆ بەکاربردن و کاری کشتوکاڵی تێیاندا کە بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی مجلس قیادە سەورە، لەنێوان ساڵانی 1975 تا ساڵی 1995 تەنیا بە چوار بڕیار یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەرداگیراوە. بەم شێوەیە:
1- بە بڕیاری ژمارە 369 لە 31/3/1975 ڕووبەری 131555 دۆنم زەوی دەستی بەسەرداگیراوە.
2- بە بڕیاری ژمارە 824ی مجلس قیادە سەورە لە 28/7/1976 ڕووبەری 38218 دۆنم زەوی داگیرکراوە.
3- بە بڕیاری ژمارە 949 لە 23/8/1977 ڕووبەری 123391 دۆنم زەوی زەوتکراوە.
4- بە بڕیاری ژمارە 931 لە ساڵی 1995 ڕووبەری 900000 دۆنم زەوی دەستی بەسەرداگیراوە. کۆی ئەم زەوییانە بەمەستی پڕۆسەی بەعەرەبکردن و پاکتاوی ڕەچەڵەک بەکاربراون.
لە دوای ڕووخانی سەدام و گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە ئێراق، کورد هەوڵیدا لە ڕێگەی یاسا و دەستوورەوە ئەم مافە زەوتکراوانەی هاووڵاتییانی کورد وەرگرێتەوە و چارەسەرێکی ڕیشەیی کێشەی کەرکووک بکات، سەرەتا لە (مجلس حوکم) بە بڕیار و دواتر لەناو یاسای کاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاشان لە دەستووری هەمیشەیی، نەخشەڕێگەی چارەسەری ئەم پرسانەی چەسپاند. دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتیش کەوتبووە دەستی ئەو حیزب و هێزە سیاسییانەوە کە قوربانیی ستەمکارییەکانی سەدام بوون، بۆیە
خەڵک هیوای ئەوەیان بۆ پەیدابوو ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئێراق هاتبوونە ئاراوە گۆڕینی عەقڵیەتەکانیش بێت و هەر جێگۆڕکێی دەموچاوەکان نەبن.
کوردیش بەگشتی و بەتایبەتی خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، زیاتر ئومێدیان لەسەر هەڵچنی بوو، چونکە کورد پێگەی لە ئێراق بەهێزبوو، دەسەڵات لە دەستی نەتەوەپەرستەکانی عەرەبی سوننە نەمابوو، شیعە جڵەوی حوکمڕانییان کەوتبووە دەست و لەگەڵ کورد وەک دوو قوربانی سەدەی ڕابردووی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق، جۆرێک لە هاوپەیمانێتی لەنێوانیان درووستببوو کە پێکەوە ئێراقێکی نوێ بوونیات بنێنەوە بەشێوەیەک کە داهاتوو قەرەبووی نەهامەتییەکانی ڕابردووی هەردوولا بکاتەوە.
لیژنەی باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و ڕێکارانەی مادەی 140ی دەستوور پێکهێندرابوو جگە لە نوێنەرانی کورد لە لیژنەکە، چەند دۆستێکی کوردیش وەک نوێنەری عەرەبی سوننە و شیعە لە لیژنەکە دانرابوون. ئەمریکاش تا ئەندازەیەک لە پشتی پڕۆژەی کوردەوە بوو بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ئێراق. لەسەر ئەرزی واقیعیش کورد دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی کەوتبووە دەست، زەمینەی ئەوە ڕەخسابوو کورد بگەڕێتەوە سەر زەویوزار و و ماڵ و حاڵی خۆی و عەرەبی هاوردەش گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی شوێن و دەرفەتی ژیانیان لەم ناوچانە نەماوە و سەرقاڵی گەڕان بوون بەدوای دەرفەتێکدا بە دەستکەوتێکی مادییەوە بچنەوە زێدی خۆیان.
ئەو هۆکارانە ئومێدی ئەوەی درووستکردبوو کە بە ڕێکاری دەستووریی و یاسا، کورد مافی خۆی وەردەگرێتەوە، ئەوکات مەڵبەندی کەرکووک لەگەڵ #مام جەلال# کۆبوونەوە و دیدارمان زۆر بوو، لە یەکێ لەو کۆبوونەوانە لە باسوخواسی ئەوەی پێویستە کورد چی بکات و چۆن ئەم دەرفەتە دەستوورییە لەدەستنەدات بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک، مام جەلال وتی، ئەوەندەی من ئاشنای عەقڵیەتی ئەم سیاسییانەی شیعەبم، جگە لە عادل عەبدولمەهدی باوەڕناکەم هیچ سیاسییەکی شیعی باوەڕی بە ڕەوایەتیی مەسەلەی کورد هەبێت، تا چاوەڕوان بین کەرکووکمان بدەنەوە.
مەبەستم لە هێنانەوەی ئەم قسەیەی مام جەلال ئەوەیە، ئەزموونی ئەم دوو دەیەیەی ڕابردوو ئەوەی سەلماند، وێڕای کەمتەرخەمیی کورد خۆی لە مکوڕبوونی بۆ وەرگرتنەوەی داوا ڕەواکانی، دەسەڵاتدارێتیی شیعەی حوکمڕان نەک ئامادەنەبوون ئەو مافانەی کورد بگێڕنەوە کە ستەمکارانەی دەسەڵاتدارێتیی سوننەی عەرەب لێی زەوتکردبوون، بەڵکوو چاویان لە داگیرکردنەوەی ئەو بەشەی باشووری کوردستانیشە کە سەدام و ڕژێمەکەی لە دوای ساڵی 1991وە دەستیان لێهەڵگرتبوو.
یەکێک لەو دیاردە بەرچاوانەی سەلمێنەری ئەم ستراتیجەی شیعە دەسەلمێنێت، شانبەشانی بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگەی فیدراڵی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و خۆشکردنی زەمینەی داگیرکردنەوەی. هاتنەوەی لێشاوی عەرەبە بە پشتیووانیی سوپا و #حەشدی شەعبی# بۆ سەر زەویوزاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک.
دادگەی باڵای فیدراڵی بە پاساوی نادەستووریبوون و لادان لە ڕێکارە دەستوورییەکان خەریکە دەست بۆ هەموو شتێکی کورد دەبات. بەڵام بە بەرچاوییەوە ئەو بەند و بڕگانەی دەستوور پێشێل دەکرێن کە پەیوەندییان بە مافی کوردەوە هەیە و هیچ هەڵوێستێکی نییە. لەکاتێکدا دەستووری ئێراق بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی عەرەبی هاوردەوە داوە کە دەبێ بچنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هێندرابوون. لە مادەی 140یشدا ڕێکارەکانی چوونەوەیان دیاریکراوە، ئەوانەی چووبوونەوە قەرەبووی مادیشیان دراوەتێ. ئێستا پۆل پۆل دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک، دادگەی فیدراڵی چاوی لە ئاست ئەم پێشێلکارییە دەستوورییە داخستووە و گوێی خۆی کەڕ کردووە لە ئاستی هاواری ئەو گوندنشین و جووتیارانەی کورد و تورکمان کە ڕۆژانە هاوار دەکەن سوپا و یەکەکانی حەشدی شەعبی لە پشت هێنانەوەی عەرەبی بەعەرەبکردنن.
ئەوەی لێرەشدا زیاتر جێی سەرنج و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چۆن دەسەڵاتدارێتیی بەعس لە چەندین وێستگەی پڕۆسەی بەعەرەبکردندا عەرەبی شیعەی وەک ئامرازی داگیرکاری بەکاردەبرد، ئێستاش بەهەمانشێوە دەسەڵاتدارێتیی شیعە عەرەبی سوننەی ناوچەکانی حەویجە و دەوروبەری بەرداوەتە گیان جووتیارانی کورد و تورکمان و لە باشووری خۆرهەڵاتی کەرکووکەوە تاوەکوو باکووری خۆراوای شارەکە پەلاماری گوندنشین و جووتیارانی کورد و تورکمان دەدەن، هەڕەشەی چۆڵکردنی گوندەکان دەکەن، سوپا بەزۆر بەڵێننامە بە جووتیاران پڕدەکاتەوە کە نەچنەوە سەر زەوییەکانیان.
لە سنووری کەرکووک پشتگیریی عەرەبی سوننە دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویی کورد، بەڵام لەدەرەوەی سنووری کەرکووک لە دیالەوە تاوەکوو دەشتی نەینەوا بە سەدان هەزار دۆنم زەوی عەرەبی سونە دەستیان بەسەردا گیراوە و دەدرێن بە شیعەکان.
ئەم سیاسەتی بانێک و دوو هەوایەی دەسەڵاتدارێتیی شیعە پەیڕەوی دەکات، ئامانجەکەی هەر دەرکردنی کورد و دەستبەسەرداگرتنی زەویوزارەکەی نییە، بەڵکوو بۆ درووستکردنی کێشەیەکی قوڵیشە لەنێوان کورد و عەرەبی سوننە لە ناوچەکە.
بەمەش زەمینەی چەسپاندنی پڕۆسەی تەشەیوع خۆشتر دەکات، بەدووریش نازاندرێت ئەو گوشارانەی ئێستا دەستی پێ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سەتان هەزار دۆنم زەوییەی کورد و تورکمان کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی بەعەرەبکردندا سەدام خاوەندارێتی کردووەتە نێو وەزارەتی بەرگرییەوە، بۆ ئەوەبێت دواتر بەسەر خێزانی چەکدارانی حەشدی شەعبی دابەشی بکات. لەلایەک عەرەبی هاوردەی هێناوەتەوە بۆ پڕۆسەی داگیرکاری و لەلایەکی دیکەشەوە سوپای ئێراقی کردووە بە تەرەفێکی کێشەکە و دەیانەوێت دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرنەوە کە دوای کەوتنی سەدام خاوەنەکانیان بەکاریان بردووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنجوومەنی حوکم وەک یەکەم دەسەڵاتی دوای ڕووخانی سەدام، دواتر پەڕڵەمانی ئێراق و ساڵی 2011 ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراقیش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی مجلس قیادە سەورەیان داوە. لە دەستووری ئێراقیشدا بە ڕوونی مافی خاوەندارێتیی ئەو زەوی و موڵکانەی بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان گەڕاندووەتەوە، بەڵام نە دادگەی فیدراڵی کە بەحساب بۆ چاودێریکردنی دەستوورییانەی حوکمڕانی دامەزراوە، هەڵوێستێکی هەیە و نە پەڕڵەمان و حکومەتیش لەو ستەمکارییانە دێنە دەنگ. [1]