ناونیشان: نەوت لە 2020 دا چی لێدێت؟
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #16-05-2020#
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆڤید-19 لەسەر بەشە جیاجیاکانی کەرتی وزەی جیهان لە 2020 بڵاوکردووەتەوە، لەوانەش نەوت، گازی سرووشتی، کارەبا، وزە پاکەکان، وزەی ئەتۆمی و دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەهۆی قەدەخەی هاتوچۆ، داخستنی شوێنە گشتییەکان و ڕێکارەکانی کەرەنتینکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان، خواستی نەوت لە مانگی ئادار بەبڕی 10.8 ملیۆن بەرمیل کەمدەکات.
=KTML_Bold=هاتوچۆی سەرشەقامەکان 75% کەمبووەتەوە=KTML_End=
لەو ناوچانەی قەدەخەی هاتوچۆیان تێدا ڕاگەیێندراوە، هاتوچۆی سەر شەقامەکان بەڕێژەی 50% بۆ 75% کەمبووەتەوە. تاوەکوو کۆتایی ئاداری 2020، هاتوچۆی ئامێرەکانی گواستنەوەی سەرشەقام لە هەموو جیهان بەڕێژەی 50% لەچاو ساڵی 2019 کەمیکردووە.
گەشتی ئاسمانی (هێڵی فڕۆکەوانی) لە چەند ناوچەیەکی جیهان بەتەواوی ڕاوەستاوە، لەکاتێکدا گەشتی ئاسمانی لە هەندێک وڵاتانی ئەورووپا بە ڕێژەی 90% کەمیکردووە. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 وایکردووە گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی 60% دابەزن. تەنیا لە مانگی ئادار، لە ئەنجامی کەمبوونەوەی گەشتی ئاسمانی و وشکانی و دەریای، خواستی نەوتی جیهان بەبڕی 10.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی.
لە چین، کە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 لە جیهان دادەنرێت و قەدەخەی هاتوچۆی لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستی پێ کرد، خواستی لەسەر نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 بەڕێژەی 13% دابەزی.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانیی حکومەتی بەیجینگ، لە مانگی شوبات خواستی نەوتی چین بە بڕی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا یان 20% بە بەراورد بە مانگی شوباتی 2019 کەمیکردووە.
هۆکاری سەرەکی کەمبوونی خواست بۆ نەوت بۆ دابەزینی خواستی بەنزین بەبڕی 1.1 ملیۆن بەرمیل یان 33% دەگەڕێتەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا، لەکاتێکدا کەمبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی فڕۆکە بە ڕێژەی 28% بووە.
لە مانگی ئادار بەهۆی هەڵگرتنی قەدەخەی هاتوچۆ، هەندێک لە کارە بازرگانییەکان دەستیانپێکردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خواستی نەوتیی چین لەو مانگەدا بەڕێژەی 22% لە مانگی ئاداری 2019 کەمتر بووە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ئادار لە ئەوروپا و ئەمریکاش بڵاوبووەوە، ئەوەش زۆربەی وڵاتانی ناچارکرد قەدەخەی هاتوچۆ ڕابگەیێنن. تەنیا لە مانگی ئادار خواستی سەر نەوت بە بەراورد بە مانگی ئاداری 2019 بەبڕی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی.
=KTML_Bold=لە ئاداردا خواست لەسەر نەوت 10 ملیۆن بەرمیل دابەزی=KTML_End=
خواستی نەوت لە ئاداری 2020 بە بڕی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل لەچاو ئاداری 2019 دابەزیوە، بەو پێیەش خواستی وڵاتانی پێشکەوتوو لە چارەکی یەکەمی 2020 بە بەراورد بە ئاداری ساڵی ڕابردوو بەبڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. لە بەشەکانی دیکەی جیهان خواستی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەبڕی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە. مەزندە دەکرێت خواستی ڕۆژانەی نەوتی جیهان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەبڕی 5.6 ملیۆن بەرمیل لەچاو چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دابەزێت.
بەهۆی قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی سنووری ئاسمانیی وڵاتانەوە، کەرتی فڕۆکەوانی دابەزینێکی گەورەی خواستی نەوتی بەخۆوەبینیوە. مەزندە دەکرێت خواستی نەوتی سپیی فڕۆکە لە کانوونی دووەم بەبڕی ڕۆژانە 310 هەزار بەرمیل و لە شوبات بەبڕی ڕۆژانە 1.1 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد 2019 دابەزیبێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، خواستی نەوتی سپیی فڕۆکە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەبڕی 2.1 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد بە 2019 دابەزیوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەو مانگەدا ژمارەیەکی زۆرتری وڵاتانی جیهان سنووری ئاسمانی وڵاتەکانیان داخست.
بەگشتی چاوەڕێدەکرێت خواستی نەوتی سپیی فڕۆکەکان لە چارەکی یەکەمی 2020 بەبڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 داببەزێت.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی (تۆم تۆم) ، لەنێوەڕاستی ئادار جوڵەی ئامرازەکانی گواستنەوەی سەر شەقامەکانی ئیستەنبووڵ، لۆسانجلیس، مەکسیکۆ سیتی، مۆمبای، پاریس، نیویۆرک، ساوپاولۆ و تۆرینتۆ بەڕیژەی 50% بۆ 60% کەمیکردووە.
تەنیا لە بەریتانیا و فەرەنسا لە ماوەی قەدەخەی هاتوچۆ، خواست لەسەر بەنزین بەبڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە. لە چارەکەی یەکەمی 2020 بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 خواست لەسەر بەنزین بە بڕی ڕۆژانەی 1.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
=KTML_Bold=پێشبینییەکان بۆ تەواوی 2020=KTML_End=
کاریگەرییەکانی قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتییەکان لە 187 وڵاتی جیهان بووەتە هۆی ڕاوەستانی جوڵەی مرۆڤ. چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ خواستی ڕۆژانەی نەوت لە جیهان بەبڕی 9.3 ملیۆن بەرمیل بە بەراورد بە 2019 دابەزێت.
لە مانگی نیسان ئەمساڵ بە بەراورد بە نیسانی ساڵی ڕابردوو، خواستی نەوت بەبڕی 29 ملیۆن بەرمیل کەمتر بووە. لە 1995ەوە ئەوە یەکەمجارە بازاڕەکانی نەوت دابەزینێکی بەوشێوەیە بە خۆیانەوە ببینن. پێشبینیدەکرێت، خواستی جیهان لەسەر نەوت لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەبڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتربێ لە کانوونی یەکەمی 2019.
قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا کەمبوونەوەی خواستی نەوتی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکوو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلیش لە جیهاندا. لە شوباتی 2020، فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە چین بە بەراورد بە شوباتی 2019 بەڕیژەی 82% لە مانگی ئاداریش بە بەراورد بە ئاداری 2019 بەڕیژەی 48% کەمیکردووە. هەرچەند هەردوو ژمارەکە لەچاو 2019 دابەزینی گەورەیان پێوەدیارە، بەڵام ئاماری فرۆشی مانگی ئادار دەریدەخات لەو مانگەدا جوڵەی بازاڕی ئۆتۆمبێل بەرەو باشتر چووە.
=KTML_Bold=فرۆشی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپا 55% دابەزیوە=KTML_End=
بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، فرۆشی ئوتۆمبێل لە سەرتاسەری وڵاتانی ئەورووپایی بەڕێژەی 55% دابەزیوە، لە کاتێکدا فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەهۆی ستاندارەدەکانی دەردانی دووانکسایدی کاربۆن وەک ساڵی ڕابردوو ماوەتەوە.
لە ئەمریکاش فرۆشی ئۆتۆمبیل لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لەچاو مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 38% کەمیکردووە. لە هەمان مانگدا فرۆشی ئۆتۆمبێل لە هیندستانیش بەرێژەی 50% کەمیکردووە. کەمبوونەوەی فرۆشی ئۆتۆمبیل بە واتای کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان دێت لە 2020.
مەزندە دەکرێت خواستی بەنزینی جیهان لە چارەکی یەکەمی 2020 بە بەراورد لەگەڵ چارەکی یەکەمی 2019 بە بڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل دابەزیبێت. بەهۆی دواخستنی بۆنە گەورەکانی وەک ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ و بەردەوامبوونی هەندێک لە ڕێکارە تەندرووستییەکانیش، خواستی بەنزین لە چارەکی دووەمی 2020 بەبڕی 590 هەزار بەرمیلی دیکە لەچاو چارەکی دووەمی ساڵی ڕابردوو دادەبەزێت. خواستی بەنزین لە 2020 بەرێژەی 11% یان بەبڕی ڕۆژانەی 2.9 ملیۆن بەرمیل کەمتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو.
پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2020، بەهۆی کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی دەریایی و وشکانی خواستی سەر گازیش بەهەمان شێوەی خواستی بەنزین بەبڕی ڕۆژانەی دوو ملیۆن بەرمیل کەم ببێتەوە.
ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) پێشبینیکردووە گواستنەوە و گەشتە ئاسمانییەکان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بە ڕێژەی 69%، لە چارەکی سێیەم بە ڕێژەی 40% و لە چارەکی چوارەم بە ڕێژەی 10% بە بەراورد لەگەڵ چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی 2019 کەمبکات. بەپێی ئامارەکان، گواستنەوەی ئاسمانی لەسەرەتای نیسانی ئەمساڵ بە ڕێژەی 70% کەمتربووە لە گواستنەوەی ئاسمانیی لە سەرەتای نیسانی 2019.
پێشبینیدەکرێت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ خواستی سەر سووتەمەنی فڕۆکە بەرێژەی 20% لەچاو سێ مانگی دووەمی 2019 کەمتربێت. بە درێژایی 2020یش خواستی سووتەمەنیی فڕۆکە بەرێژەی 26% یان ڕۆژانەی 2.1 ملیۆن بەرمیل کەمتر دەبێت لە 2019.
کاریگەرییەکانی کۆڤید-19 تەنیا نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو و بەرهەمەکانی وەک بەنزین، گاز و سووتەمەنیی فڕۆکە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکانی دیکەی نەوت وەک گازی شل، ئیسان، نەفتا و نەوتی ماڵانیش هەبووە.
ئاسۆی نەوت لە 2020 بەندە بە مانەوەی کاریگەرییەکانی کۆڤید-19 و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانەوە. ڕەنگە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان و هەڵگرتنی قەدەخەی هاتوچۆ لە چارەکی دووەمی 2020 کاریگەرییەکان کەمبکاتەوە و کەمبوونەوەی خواستی نەوت بگەیێنێتە 6.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خواستی نەوت بەندە بە شلکردنی ڕێکارەکان و دەستپێکردنەوەی جوڵەی ئۆتۆمبێل، وەک ئەوەی لە چین بەدیکراوە، بەڵام ئەگەر شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا سەرهەڵبدتەوە، ئەوکات خواست لەسەر نەوتی خاو بەشێوەیەک کەمدەبێتەوە کە جارێ وێناکردنی ئاسان نییە. [1]