ناونیشان: ئێراق؛ یەک تریلیۆن دۆلار داهاتی نەوت
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #27-01-2022#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بە تەنیا داهاتی نەوتی هەناردەکراو، نەوەک بەرهەمهێنراو یەک تریلیۆن دۆلار زیاتربووە، واتە یەک لەسەر چواری کۆی داهاتی ئەڵمانیایە کە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهانە. لێرەدا هەڵوەستە لەسەر داهاتی نەوتی هەناردەکراوی ئێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە کواڵیتیی ژیان و چاوەڕوانییەکانی داهاتووی ئابووریی ئێراق دەکەین.
=KTML_Bold=ئابووریی ئێراق؛ داهاتێکی یەک تریلیۆنی و چاوەڕوانی داڕمانێکی گەورە=KTML_End=
ئابووریی ئێراق، ئابوورییەکی پشت بەستووە بە داهاتی نەوت، کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلاری بۆ ئەم دەوڵەتە فیدراڵییە بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێراق و وەزیری دارایی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێن ئەگەر هاوکاریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی وەک ئێراق نەکرێت و، داهاتی نەوت بەهۆی گواستنەوە لە وزە باوەکانەوە بۆ وزە نوێیەکان کەم بکات، پێش ئەوەی بەسەرکەوتوویی ئابوورییەکانیان هەمەچەشن بکەن، ئەوا داهاتەکە لەدەستدەچێت و ڕێژەی هەژاریش زیاتر دەبێت. مەترسی سەختیی ئابووری و زیادبوونی بێکاری، نائارامییەکی فراوانتر و ناسەقامگیرتر بەرهەمدەهێنێت. لەلایەکی دیکەوە، بەپێی داتای بانکی جیهانی، لە ئێراقدا نەوت نزیکەی 99%ی کۆی هەناردەی ئێراق، نزیکەی 85%ی کۆی بودجەی حکومەت و 42%ی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.
بەپێی بڵاوکراوەکانی میس و پێنوێنی ئێراقی برووکینگز، وەکوو لە خشتەی 1دا هاتووە، لە ماوەی 2003 بۆ 2021دا داهاتی نەوتی هەناردەکراوی ئێراق زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلارە، ئەمەش بە واتای یەک لەسەر چواری داهاتی ئەڵمانیایە، کە بەپێی داتای سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF بە 4.2 تریلیۆن دۆلار، چوارەمین گەورەترین ئابووری جیهانە.
=KTML_Italic=خشتەی 1: بڕی هەناردەکراو، نرخی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی نەوت لە 2003وە بۆ 2021.=KTML_End=
=KTML_End= (بڕوانە فایلی پەیوەندیدار) =KTML_End=
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=وەزارەتی دارایی ئێراق، میس و برووکینگز. تێبینی، داتای 2003 لە مانگی حوزەیرانی 2003ەوە کۆکراوەتەوە.
لەڕاستیدا دەرکەوتی جیاواز لەبارەی داڕمانی ئابووریی ئێراق باسدەکرێن، وەک گەندەڵی، زۆری کارمەندانی کەرتی گشتی، بێکاری و زیادبوونی هەژاری، نەبوونی پیشەسازی و هاوردەکاری کاڵایەکی بیشوومار لەجیاتی ناردن، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە فرەجۆرنەکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشتبەستن بە تاک سەرچاوەیی. بۆ نموونە بەپێی بانکی جیهان ڕێژەی بێکاری نزیکەی 10% زیاتر بووە وەکوو لەوەی پێش کۆرۆنا هەبوو، کە 12.7% بووە.
=KTML_Bold=یەک تریلیۆن و گۆڕانکارییەکان=KTML_End=
لەڕاستیدا داهاتی یەک تریلیۆن دۆلار کەم نییە و چاوەڕواندەکرا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی ئێراقییەکان ڕووبدات، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات، بەپێی بڵاوکراوە نیوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەم شێوەیە:
لە ڕووی گەندەڵییەوە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی شەفافیەتی نێودەوڵەتی 2021، ئێراق دەیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانە، هەرچەندە لەڕووی پلەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو پلە بەرزبووەتەوە . هەر بۆیەش سەرۆککوماری ئێراق لە ئایاری 2021دا ڕایگەیاند سەتان ملیار دۆلار لە سەرمایەی ئێراق دزراوە، لە 2003ەوە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار بە گەندەڵی بە فیڕۆ چووە، لەڕاستیدا بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ئامارە جیهانییەکان، ئەوەش زیاتر لە 400 ملیار دۆلارە!
لەڕووی هەژاری و کارکردنی منداڵانەوە، بەپێی دوایین لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی ئێراق، نزیکەی 500 هەزار منداڵ لە ئێراق کار دەکەن و، هەژاری لەنیو منداڵان بەرزبووەتەوە بۆ 38%، لەکاتێکدا بەگشتی ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 25%، بەم پێیەش بێت لە 40 ملیۆن ئێراقی، 10 ملیۆنیان هەژارن!
لەڕووی دابینکردنی کارەباوە کێشەی گەورەی هەیە، تاوەکوو ئێستا حکومەت نەیتوانیوە کارەبای 24 کاژێری دابین بکات، لە وەرزە جیاوازەکانیشدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بڕی کارەبای دابینکراو کەم دەکات، لەکاتێکدا بە تەنیا لە 2006 بۆ 2017 نزیکەی 29 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجکراوە و کەرتی کارەبا بە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکان دادەنرێت. هەر بۆیەش بەپێی پێنوێنی ئێراق نزیکەی 42%ی کارەبای بەرهەمهاتوو بەهۆی کۆنی و خراپی تۆڕەکانی دابەشکردنەوە بەفیڕۆ دەڕوات، هەروەها پشت بە وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت بۆ سەرچاوە سرووشتییەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش، لەکاتێکدا ئێراق خاوەنی 10%ی نەوتی جیهان و 2% گازی سرووشتی هەموو جیهانە.
لەڕووی ئازادی ئابوورییەوە، بەپێی پێنوێنی ئازادی ئابووری ناوەندی هیرتەیج، لەرێزبەندی پۆلینکردنی ئازادی ئابووری لە وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2021دا ئێراق پۆلین نەکراوە، بەهۆی نەبوونی داتای متمانەپێکراو !، هەروەها بەپێی پێنوینی ئازادی ئابووری پەیمانگەی فرەیزە و پەیمانگەی کاتۆ، ئابووریی ئێراق بە یەکێک لە کەمترین ئابوورییە ئازادەکان و زۆرترین ئابوورییە گەندەڵەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت.
لە کۆتاییدا، لەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و، زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر داهاتووی ئێراق، کە بەهۆی دابین نەکردنی پارەی پێویست بۆ پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان و وەبەرهێنان تێیدا، بەشێوەیەکە کە ڕێکخراوە جیهانییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە مەترسی گەورە بۆ سەر ئێراق لەڕووی ژینگە و کەشوهەوا دەکەن. هەروەکوو ڕێکخراوی یونیسیف دەڵێت گەنجان و منداڵان مەترسی گەورەیان لەسەرە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتیش لەڕووی کەمبوونی ئاو، هەڕەشەی تەندرووستی و پەروەردە و پاراستنیان لە نەخۆشی کوشندە . ئەمە جگە لەوەی بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی لە تشرینی دووەمی 2021دا دەڵێت: تاوەکوو ساڵی 2050 گۆڕانکاری گەورە لە کەشوهەوای ئێراقدا ڕوو دەدەن، بارانبارین بە ڕێژەی 9% کەمدەبێتەوە، 17%ی ئەو کەمبوونەوەیە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات ڕوو دەدەن. بانکی جیهانی پێشبینی دەکات بارانبارینی بەردەوام کە پێنج ڕۆژ بخایێنێت کەم بکات، هەروەها ماوەکانی نێوان بارانبارینەکانی درێژ دەبن. ئاوی بارانیش کە لەسەر زەوی کۆببێتەوە و بڕوات، بە ڕێژەی 22% کەم دەکات. هەروەها تاوەکوو ساڵی 2050 پلەی گەرما لە ئێراق دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، شەپۆلەکانی گەرماش زیاد دەکەن. کەوتنی زووقم کەمدەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونی باران، خۆڵبارینیش زیاد دەکات.هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە 92%ی خاکی ئێراق لە بەردەم هەڕەشەی بەبیابانبووندایە.
=KTML_Bold=ئەنجام=KTML_End=
ئێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا یەک تریلیۆن دۆلار زیاتر داهاتی هەبووە، کە دەکرا بنەمایەکی دەوڵەتی بەهێزبێت و خزمەتگوزارییەکان و کواڵیتیی ژیانی ئێراقییەکان گوڕانکاری گەورەی بەسەردا بهاتبووایە، بەڵام نەکراوە و چاوەڕواندەکرێت بکرێت! هەر بۆیەش، ئەگەر دوو دەیەی داهاتوو وەک دوو دەیەی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوت بکرێت، ئەوا کارەساتی گەورەتر ڕوودەدات لەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، هەرچەندە جیهان بەرەو وزە نوێبووەکان و دوورکەوتنەوە لە وزە باوەکان (نەوت) هەنگاو دەنێت، کە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە داهاتی نەوت یەک لەسەر دەی ئەوەش کۆنەکاتەوە کە لە ڕابردوودا بەدەستهاتووە. [1]